تا ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ده‌رفه‌ت ده‌ده‌م به‌ ئه‌ردۆغان

به‌شی تورکیا- که‌ماڵ قلیچدار ئۆغڵۆ سه‌رۆکی پارتی کۆماریخوازی گه‌لانی تورکیا له‌ لێدوانێکدا ڕای‌گه‌یاند: تا ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ده‌رفه‌ت ده‌ده‌م به‌ ئه‌ردۆغان بۆ ئه‌وه‌ی ئاشکرای بکات کێ به‌ڵگه‌ی مه‌حره‌مانه‌ی ده‌وڵه‌تیی داوه‌ته‌ ڕه‌زا زه‌ڕاب.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، که‌ماڵ قلیچدارئۆغڵۆ سه‌رۆکی پارتی کۆماریخوازی گه‌لی تورکیا سه‌ردانی مێرسینی کردبوو له‌ لێدوانێکدا وتی: من کارم به‌وانه‌ی نه‌داوه‌ که‌ ده‌نگیان به‌ پارتی داد و گه‌شه‌ داوه‌. ڕووی قسه‌ی من له‌وانه‌یه‌ ده‌نگی خاوێنی ئه‌و هاووڵاتییانه‌یان پیس کردووه‌. هه‌موو که‌س ده‌بێت ڕێز له‌ بیرۆکه‌ی سیاسیی لایه‌نی به‌رانبه‌ری بگرێت به‌ڵام له‌ بیری نه‌که‌ین تا ئه‌و کاته‌ی من زیندووم پاڵپشتی هاووڵاتییان ده‌بم و به‌ره‌ڤانی له‌ مافه‌کانیان ده‌که‌م. ئێستاش پرسی ڕه‌زا زه‌ڕابمان له‌ پێشه‌. سه‌رۆک کۆمار، سه‌رۆک وه‌زیران و تێکڕای وه‌زیرانی تورکیا شه‌ریکی ڕه‌زا زه‌ڕاب بوون. تا ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ده‌رفه‌ت به‌ ئه‌ردۆغان ده‌ده‌م ئه‌و به‌ڵگه‌ مه‌حره‌مانه‌ ده‌وڵه‌تییانه‌ بخاته‌ ڕوو که‌ کێ داویه‌تی ڕه‌زا زه‌ڕاب.

ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌که‌یدا ئاماژه‌ی به‌و به‌ڵگانه‌ کرد که‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی ڕابردوو له‌ په‌رله‌مانی تورکیا سه‌باره‌ت به‌ ناردنی میلیۆنان دۆلار پاره‌ بۆ هه‌ڵاتن له‌ باج له‌لایه‌ن خزم و که‌سوکاری ئه‌ردۆغانه‌وه‌ کرد و وتی: له‌ نێوان ئه‌و که‌سانه‌دا زاواکه‌ی ئه‌ردۆغان ده‌بینرێت. ژن براکه‌شی هه‌یه‌. کوڕه‌که‌شی ناوی هه‌یه‌. هه‌موو بنه‌ماڵه‌که‌ی له‌و پرسه‌دا شه‌ریکن. له‌ کۆمپانیایێکدا یان له‌ سترلینگێکدا 15 میلیۆن دۆلار سه‌رمایه‌ بۆچی؟ له‌ نێوان ئه‌و لیسته‌دا که‌سانێک هه‌ن که‌ تا ئێستا ناویشمان نه‌بیستوون. هه‌موو به‌ڵگه‌کانیش ده‌ده‌ینه‌ دادوه‌ر.

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی جمهوورییه‌ت

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 8985

Your Comment

You are replying to: .
captcha