بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەژار عومەر، بەڕێوەبەری پەیوەندی و هەماهەنگییەكانی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە رای گەیاندووە: ئەمریكا بڕی ٣٦٤ ملیۆن دۆلار راستەوخۆ بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا وەک هاوكاری پێشكەش بە وەزاەرتی پێشمەرگە دەكات و لەگەڵ ئەوەشدا واشنتۆن لە ساڵی ٢٠١٨ دوو لیوای پێشمەرگە پڕچەک دەكات و مەشق و راهێنانی سەربازییان پێدەكرێت.
هەژار عومەر وتووشیەتی: ئەو دوو لیوایەی كە ئەمریكا بڕیاری داوە پڕچەكی بكات بە چەكی قورس و مامناوەند و سووک دەبن، چەكە قورسەكانیش بریتین لە 24 تۆپی دوورهاوێژ و هەروەها هەموو كەلوپەلێكی سەربازییان بۆ دابین دەكرێت، ئەمریكاش بەڵێنی بە هەرێمی كوردستان داوە لە هاوكارییەكانی بۆ هەرێم و پێشمەرگە بەردەوام بێت، لە رێكخستنەوە و راوێژپێدان بە پێشمەرگە رۆڵی دیاریان دەبێت.
ناوبراو ئەوەشی وتووە: ئەو وڵاتانەی هاوكارییان پێشكەش بە پێشمەرگە كردووە هەر خۆشیان بڕیار لەسەر بەردەوام بوون لە هاوكاری كردنەكە دەدەن، بۆ نموونە هەنگاریا، لە ئێستاوە بڕیاری داوە ماوەی دوو ساڵی دیكە لە هەرێمی كوردستان بمێنێتەوە و لە هاوكاری كردنی هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوام بێت جا هاوكارییەكان چ لە رووی پێدانی چەک بێت یان لە رووی راوێژكارییەوە بێت، ئەڵمانیاش لە سەرەتای ساڵی داهاتوو بڕیارێكی نوێ لەسەر هاوكاری كردن یان نەكردنی پێشمەرگە دەردەكات.
سەرچاوە: ڕادیۆ نەوا
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment