بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی سێشەممە 28ی 11ی 2017 لە سەلاحەددین مەسعوود بارزانی لەگەڵ ئەنجومەنی سەركردایەتیی هەولێر و بەرپرس و كارگێڕانی لق و ناوچەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئەندامانی پارلەمان و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و ژمارەیێک بەرپرسی سیاسی و ئیداریی پارێزگای هەولێر كۆ بووەوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا مەسعوود بارزانی لە وتەیێكدا بە تێروتەسەلی باسی لە دوا پێشهاتە سیاسییەكان و ڕیفراندۆم و قۆناغی دوای ڕیفراندۆم كرد و وردەكاریی ڕووداوەكانی كەركووک و ئەو خیانەتەی شی كردەوە كە لە بەرانبەر گەلی كوردستان و كەركووک و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجام درا.
سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان لە درێژەی وتەكانیدا جەختی لەوە كردەوە كە هەمیشە دیالۆگ و دانووساندن و چارەسەریی ئاشتیانە و دەستووری بژاردەی گەلی كوردستان بووە و پێشێل كردنی بەردەوامی دەستوور و نەهێشتنی شەراكەت لە لایەن حكوومەتەكانی عێراق وای كردووە كە ئەو بارودۆخە بێتە كایەوە. ئێستایش حكوومەتی هەرێم ئامادەی دانیشتن و دیالۆگە لەگەڵ بەغدا و ئەوەی پێویستە بۆ ڕێگەخۆش كردن بۆ دانووساندن ئەنجامی داوە و سەرگرتنی ئەو پڕۆسەیە دەمێنێتەوە سەر حكوومەتی بەغدا كە واز لە مەرجە تەعجیزییەكانی بهێنێت.
هەروەها ئەوەیشی بۆ ئامادەبووان دووپات كردەوە كە سەپاندنی ئەمری واقع بە زەبری زۆر و چەک و خیانەت قابیلی قبووڵ نییە و ئەم دۆخەی ئێستا كاتییە و هەتا سەر نابێت.
سەرچاوە: ماڵپەڕی فەرمیی پارتی
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment