پڕۆژه‌ی ناوچه‌ ئازاده‌کان مانگی داهاتوو ئاراسته‌ی په‌رله‌مان ده‌کرێت

به‌شی کوردستان- مه‌نسوور مورادی ئاماژه‌ به‌ دیراسه‌ کرانی پڕۆژه‌یاسای ناوچه‌ی ئازاد و بازرگانی له‌ کۆمیسیۆنه‌ جۆربه‌جۆره‌کاندا ده‌کات و ده‌ڵێت: پڕۆژه‌که‌ مانگی داهاتوو له‌ په‌رله‌مان ده‌خرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نوێنه‌ری خه‌ڵکی مه‌ریوان و سه‌وڵاوا ئاماژه‌ی به‌ دوایین گۆڕانکارییه‌کان له‌ پڕۆژه‌یاسای ناوچه‌ی ئازاد و بازرگانیی مه‌ریوان و بانه‌ کرد و وتی: ماوه‌ی چه‌ند حه‌فته‌یه‌ نه‌خشه‌ و پلانی ناوچه‌ی ئازادی بازرگانی له‌ کۆمیسیۆنی ئابووری و کۆمیسیۆنه‌کانی‌تردا تاوتوێ ده‌کرێت.

ناوبراو درێژه‌ی پێدا: ئێستاکه‌ کۆمیسیۆنه‌کان نه‌خشه‌کان تاوتوێ ده‌که‌ن و سه‌رۆکی کۆمیسیۆنی ئابووری ڕای‌گه‌یاندووه‌ پێویستمان به‌ هه‌ندێک ورده‌کاری له‌باره‌ی نه‌خشه‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌ و بڕیاره‌ ده‌وڵه‌ت تا دوو حه‌فته‌ی داهاتوو ئه‌و ورده‌کارییانه‌مان پێ بدات.

مورادی گوتیشی: پاش ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌یاساکه‌ له‌ کۆمیسیۆنه‌کاندا تاوتوێ کرا به‌ ئه‌گه‌ری زۆره‌وه‌ تا مانگی داهاتوو به‌ مه‌به‌ستی په‌سه‌ند کران له‌ په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌درێت.

ئه‌ندامی کۆمیسیۆنی به‌رنامه‌ و بودجه‌ی په‌رله‌مانی ئێران ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد که‌ هه‌موو هه‌لومه‌رجێک بۆ په‌سه‌ند کرانی پڕۆژه‌که‌ دابین کراوه‌ و وتی: هه‌موو ئاسانکارییێک کراوه‌ بۆ په‌سه‌ند کرانی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ و هه‌لومه‌رجی ئه‌من و سه‌قامگیری ناوچه‌که‌ش هه‌ر ئه‌وه‌ ده‌ڵێت ئێمه‌ش هیوامان وایه‌ نوێنه‌رانی په‌رله‌مان ده‌نگی به‌ڵێ به‌ پڕۆژه‌که‌ بده‌ن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 8851

Your Comment

You are replying to: .
captcha