ئەو كەسانەی دەڵێن لە ماوەی مانگێكدا كۆنگرە ببەستین بۆ ئەوەیە دەموچاوە رزیووەكان بهێننەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەحموود سەنگاوی رای گەیاند: هەندێک برادەر دەڵێن لە ماوەی مانگێكدا كۆنگرە ببەسترێت، ئەو كەسانەی دەڵێن لە ماوەی مانگێكدا كۆنگرە ببەستین بۆ ئەوەیە دەموچاوە رزیووەكان بهێننەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەحموود سەنگاوی لە میانی وتارێكیدا لە كۆنفراسی كۆمەڵەی ڕێكخستنە دێرینەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە هەڵەبجە رای گەیاند: ئێمە بەتایبەتی لە دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلالەوە یەكێتی تێک دەدەین، ئێمە دەموچاوێكی رزیوین ناتوانین سەركردایەتیی ئەم حزبە گەورەیە بكەین.

سەنگاوی ئاماژەی بەوەش كرد: ئەو كەسانەی دەڵێن لە ماوەی مانگێكدا كۆنگرە ببەستین بۆ ئەوەیە جارێكی تر دەموچاوە رزیوەكان بهێننەوە، دزەكانی نەوت بهێننەوە و بیكەنە سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و لە جیاتی ئەوەی چاوی لە بنەماڵە شەهیدەكان و كەمئەندامەكان و پێشمەرگە دێرینەكان و رێكخستنە دێرینەكانی یەكێتی بێت هەربچێت پارە و نەوت بدزێت و بیكاتە گیرفانی خۆیەوە.

چواری ئەم مانگە، ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی كۆبووەوە و بەزۆرینەی دەنگ مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبەی هەڵوەشاندەوە.

سەنگاوی ئەوەشی خستەڕوو: من پێم وایە ئێمەومانان جارێكی دیكە بچینەوە مەكتەبی سیاسی هەمان كارەسات كە بەسەر یەكێتیدا هاتووە هەرئەوە دەبێتەوە، بۆیە پێویستە گۆڕانكاری بكرێت لە ناو یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان.

ناوبراو روونیشی كردەوە: دەبێت هەندێک دەموچاوی تازە بهێنرێتە پێشەوە، خەڵكی وا هەیە 40 ساڵە ئەندامی مەكتەبی سیاسییە، ئەوانەی ئەوكاتە ئێستا ریشیان سپییە با رێگە چۆڵ بكەن بۆ كۆمەڵێک خەڵكی دیكە.

پێشتر فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی رای گەیاندبوو: لە كۆبوونەوەی رابردووی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی سێ پشنیار لە بارەی كاتی بەستنی كۆنگرەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانەوە خراوەتە ڕوو.

فەرید ئەسەسەرد ئەوەشی وتبوو: سێ پێشنیاری جیاواز هەیە سەبارەت بەكاتی بەستنی كۆنگرەی یەكێتی، پێشنیارێک پێی وایە دەبێت 31-1-2018 كۆنگرەی یەكێتی ببەسترێت، هەندێكی دیكە پێیان وایە ڕۆژی 21-3-2018 كاتێكی گونجاوە بۆ بەستنی كۆنگرەی یەكێتی و بۆچونی سێیەم پێی وایە 1-6 -2018 كۆنگرە ببەسترێت، كە دەكاتە یادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

سەرچاوە: خەندان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 8764

Your Comment

You are replying to: .
captcha