مەسعوود بارزانی: ئەوەی كوردستانی لە هەڕەشەی داعش پاراست هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ڕوونکردنەوەی لەبارەی کورتە فیلمێکەوە بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کاتی خۆی سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەیان کردووە کە لە شەڕی داعشدا یارمەتیی هەرێمیان داوە بەڵام لە ئەنجامدا ئەوەی لە سەر ئەرزی واقیع کوردستانی لە هەڕەشەی داعش پاراست قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو.

کوردپرێس:

پاش ئەوەی کورتە فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لە بارەی هێرشی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بەشداری کردنی ئێران لەو شەڕە و یارمەتیدانی بۆ هەرێمی کوردستان بڵاو کرایەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەی لەبارەی فیلمەکەوە بڵاو کردەوە و لای خۆیشیەوە مەسعوود بارزانی لەو بارەیەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە کە لە کاتی شەڕی داعشدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە بوو.

مەسعوود بارزانی لە پەیامەکەیدا باس لەوە دەکات کە لایەنێک بەتەنیا ناتوانێ داعش تێكبشكێنێت و ریشەكێشكردنی داعش هەماهەنگی و كاری هاوبەشی هەموو لایێم و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی پێویستە.

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئەوەشی زیاد کردووە: "هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێ ئەو حەقیقەتە بشارێتەوە كە ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی ڕۆڵە قارەمانەكانی گەلی كوردستان تێكشكا."

دەقی پەیامەكەی مەسعوود بارزانی:

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

ماوەیەكە لەهەندێ ناوەندی ئیعلامی و سیاسی باسی شەڕی داعش دەكرێت. لێرەدا ڕاستییەك هەیە ناكرێ چاوپۆشی لێ بكرێ، داعش دیاردەیەكە كە دوژمنی سەرجەم مرۆڤایەتییە و، شەڕكردن لەگەڵ داعش شەڕێكی ئاسان نییە چونكە بەرەیێكی بەرفراوان و هەمەلایەنە و لایەنێكیش بەتەنیا ناتوانێ داعش تێكبشكێنێت. ریشەكێشكردنی داعش هەماهەنگی و كاری هاوبەشی هەموو لایێم و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی پێویستە.

كاتی خۆی لە شەڕی داعشدا ئێمە سوپاسی هاوپەیمانان و ئەمەریكامان كرد كە یارمەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان داوە. سوپاسی هەمو ئەو لایەنانەشمان كرد كە بەجۆرێك بەشداربوونە لە شەڕی داعش و یارمەتیی پێشمەرگەیان داوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە هەمو لایەك ئەوە بزانن كە ئەوەی لەسەر ئەرزی واقعدا بە خوێن و قوربانیدانی خۆی، كوردستانی لە هەڕەشەی داعش پاراست، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو. هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێ ئەو حەقیقەتە بشارێتەوە كە ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی ڕۆڵە قارەمانەكانی گەلی كوردستان تێكشكا.

مەسعوود بارزانی

27ـی كانوونی دووەمی 2021

News Code 876

Your Comment

You are replying to: .
captcha