کوردپرێس- دەنگى ئەمریکا بڵاوی کردەوە، ڤالێری گیراسیمۆڤ سەرۆک ئەرکانی سوپای ڕووسیا لەدوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پووتن و سەرکردە باڵاکانی سوپای ڕووسیا لە کۆمەڵگەی سووچی لەسەر دەریای ڕەش ڕایگەیاندووە " کارێکی زۆر نەماوە پێش تەواو بوونی ئامانجە سەربازییەکان. بێگومان سەرکردەی باڵا بڕیار دەدات و ژمارەی هێزەکان کەم دەکرێنەوە."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش داوە، لەوانەیە بەشێوەیێکی بەرچاو هێزەکان کەم بکرێنەوە بەڵام دوو بنکە سەربازییە ڕوسیییەکە و ناوەندی چاودێریی ئاگربەستیش دەمێنێتەوە.
ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پووتن میوانداریی بەشار ئەسەدی کرد و باسیان لە گواستنەوەی ئەرکە سەربازییەکان کرد بۆ گەڕان بەدوای چارەسەرێکی سیاسی بۆ ناکۆکییەکانی سووریا.
هەروەها ڕۆژی چوارشەممە پووتن پشتیوانیی تورکیا و ئێرانی بەدەست هێنا بۆ میوانداری کردنی کۆنگرەی ئاشتیی سووریا کە ئەوەش ڕۆڵێکی گرنگی پێدا لە هەوڵە سیاسییەکاندا بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی ناوخۆی سووریا کە بۆ ماوەی شەش ساڵە بەردەوامە.
پووتن لە مانگی سێی ساڵی ڕابردوودا وتی وڵاتەکەی ئامانجەکانی لە سووریادا پێکاوە و فەرمانی دەرکرد بە کشانەوەی بەشێکی سەرەکی لە هێزەکانی ڕووسیا.
پشتیوانیی سوپای ڕووسیا بۆ سەرۆکی سووریا بەشار ئەسەد بەتایبەتی لەڕێی هێرشە ئاسمانییەکانەوە گرنگییێکی خۆی هەبوو لە شکست پێهێنانی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن و ڕێکخراوی داعش لە سووریادا.
بەڵام هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی ئەمەریکا کە بە هەمان شێوە ئەرکی سەربازی ئەنجام دەدەن لە سووریا دوای ئەو لێدوانەی پووتن وتیان هێزە سەربازییەکانی ڕووسیا هیچ گۆڕانکارییێکیان تێدا بەدی نەکراوە کە جێی باس کردن بێت.
Your Comment