بەپێی هەواڵی کوردپرێس، خانەنشینی یەکێکە لەو کەیسانەی لە هەرێمی کوردستان بەردەوام جێگەی ڕەخنەی پەرلەمانتاران بووە بەوەی زۆرترین کاری نایاسایی تێدا کراوە، وەک ئاشکرا دەکرێت لە کەرتی سەربازی و خانەنشینی پلەتایبەت زۆرترین کاری نایاسایی کراوە و سەدان ناوی تێدایە کە یەک ڕۆژ کاری حکوومی نەکردووە، بەڵام بە پلەی وەزیر خانەنشین کراون، ئەمەش وای کردووە حکوومەتی هەرێم هەوڵی وردبینی کردنی لیستی خانەنشینان بدات.
ئاراس خۆشناو، سەرۆكی سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیژیی كوردستان لە ئەنجوومەنی وەزیران وتی: ٢٤٤ هەزار و ٦٥٦ خانەنشین لە هەرێم هەیە، بەڵام بە پێی بەدواداچوونی ئێمە لەوانەیە ٧٠ بۆ ٨٠ هەزاری خانەنشینی یاسایی بێت كە فەرمانبەری ئاسایی بوون و بە مافی خۆیان خانەنشین بوون.
خۆشناو وتیشی: دەتواندرێت مووچەی زیاتر لە ١٠٠ هەزار خانەنشین کەم بکرێتەوە، بەڵام بە پێی دەستوور و یاسا ناتوانرێت مووچەی كەس ببڕێت، بۆ ئەوەی نەبێتە موزایەدەی سیاسی و پێویستە بە ڕێككەوتنی لایەنەكان بڕیار لە كەم كردنەوەی بدرێت چوونکە خانەنشینە نایاساییەکان هیی هەموو لایەنەکانە.
بە پێی زانیارییەکانی بەردەست ٥٠٠ كەس بە پلەی جۆراوجۆری تایبەت خانەنشین كراون لە هەرێم، لەوانە ٤٤ وەزیر و ٦٠ بریكاری وەزیر و ٢٦٠ بەڕێوەبەری گشتی و ٧٥ ڕاوێژكار بە پلەی تایبەت کە پێشتر هیچ کام لەو وەزیفانەیان نەبووە و مانگانە بڕی یەک ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دیناریان بۆ خەرج دەكرا.
ئاراس خۆشناو وتیشی: کێشەی گەورەمان لە وەزارەتی پێشمەرگە و پاسەوانیی بەرپرساندا هەیە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییێکمان لەو بارەیەوە نییە، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیێکی لەو بارەیەوە پێک هێناوە و بەدواداچوون دەکات.
بە پێی زانیارییەکان، لیژنەکەی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت لە هەموو حزبە بەشدارەکانی حکوومەت پێک بێت بۆ ئەوەی خانەنشینە نایاساییەکانی سەرجەم حزبەکان بە ڕەزامەندیی هەموو لایێک کەم بکرێنەوە، لە ئێستاشدا تەنیا گۆڕان ماوە ئەندامێک بۆ لیژنەکە دیاری بکات و بە تەواوەتی دەست بە کارەکانی بکات.
بە مەبەستی کەم کردنەوەی قەیرانی دارایی و خاوێن کردنەوەی لیستی مووچەخۆرانی حکوومەتی هەرێم بڕیاری بە ئەلیکترۆنی کردنی مووچەی فەرمانبەرانی دا و ئێستا فەرمانبەرانی مەدەنی تەواو بوون و پێشبینییش دەکرێت دوای خانەنشینی و پلەتایبەتەکان زیاتر لە ٢٠٠ هەزار مووچەخۆر لە هەرێم کەم بکات.
ئەحمەدی حاجی ڕەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ڕوونی کردەوە، خانەنشینی یاسایی تەنیا ئەوانەن کە پارە دەدەنە سندووقی خانەنشینی لە ژیانی فەرمانبەرێتییاندا، بەدەر لەوان هەر خانەنشینێک هەبێت نایاساییە.
ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم ١ ملیۆن و ٢٤٩ هەزار و ٤٧٢ فەرمانبەرە، بەڵام حکوومەتی عێراق ڕای گەیاندووە هەرێم خاوەنی نزیکەی ٨٠٠ هەزار فەرمانبەرە و ئامادە نین مووچەی زیاتر لەو ڕێژەیە بدەن.
ئەحمەدی حاجی ڕەشید وتیشی: لیستێکم لایە نزیکەی ٣ هەزار کەسە، کە لە بەغدا پەرلەمانتار بوون، یان بەڕێوبەری ناحیەی هەندێ ناوچە جێ ناکۆکەکان بوون یان شۆفێری بەرپرسانی کورد بوون لە بەغدا، کەچی لە هەرێم بە پلەی بەرز خانەنشین کراون.
سەرچاوە: ئاژانس
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment