کوردپرێس:
بهپێى ڕاگهیهندراوێكى سهرۆكایهتى كۆمار، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی کانوونی دووهەمی 2021 بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە بەغدا پێشوازیکرد لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ھەرێم بۆ بەغدا و بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هاوپەیمانی هیوای کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق و لەبارەی دواین گۆڕانکارییەکانی دانوستانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ گفتوگۆکرا.
لە کۆبوونەوەکەدا بەگرنگییەوە جەختکرایەوە لەگەیشتن بە رێگاچارەی گونجاو و بنەڕەتی بۆ کۆتایی ھێنان بە کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا و پاراستنی مووچەی مووچەخۆران و بژێوی ژیانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان وەک سەرجەم ھاووڵاتیان دیکەی عێراق بێ جیاوازی.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا دووپاتکرایەوە لە پێویستی کۆتایی ھێنان بەقەیرانی مووچە و کەمکردنەوەی لێکەوتە داراییەکان لەسەر خەڵک، ھاوکات بیروڕا ئاڵوگۆڕکرا سەبارەت بە پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی ساڵی 2021 و زامنکردنی مافی تەواوی ناوچە و پێکھاتەکان لەسەر بنەمای دادپەروەری و پاراستنی مافی سەرجەم ھاووڵاتیانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و جیاکردنەوەی مووچەی خەڵکی کوردستان لە ململانێی سیاسی و کێشمەکێش."
Your Comment