بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شێرکۆ جەودەت سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: ئەگەر ئیرادەیێکی جدی هەبێت لە نێوان هەرێم و بەغدا، کێشەکان چارەسەری هەیە و قەرزەکانی هەرێمیش دەکرێت ڕێکەوتنی نوێی لە سەر بکرێت و تا ئێستا یاسای نەوت و گازی عێراقی بوونی نییە، کە دەکرێت لە ڕێى ئەم یاسایەوە پەیوەندیە نەوتی و گازیەکانی نێوان بەغدا و هەولێر ڕێک بخرێتەوە.
سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، دەشڵێت: لە ڕووی دەستووریەوە، چارەسەر هەیە بۆ کێشەکان ئەویش بە پشت بەستن بە مادەی ١١١و ١١٢ى دەستوورە بۆ ئەوەی حکوومەتی هەرێم ئیدارەی وەبەرهێنانی نەوتی بکات لەو کێڵگانەی کە لە دوای ٢٠٠٣ لە ژێر کۆنترۆڵى دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستاندا بوون و بەغداش لە کێڵگەکانی پێش ٢٠٠٣ وەبەرهێنانی نەوتی خۆی بکات.
هەوراز زاهیر ئابووریناس دەڵێت: حکوومەتی هەرێم لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی ئەوەی نەیتوانیوە تەواوی بودجە و مووچەی هەرێم دابین بکات پەنای بۆ کۆمەڵێک کۆمپانیای بیانی بردووە بۆ ئەوەی نەوتی هەرێمیان پێ بفرۆشێت و ڕاستەوخۆ پارەکە لەوان وەربگرێت، لە ئێستادا کۆمەڵێک پارەی لەو کۆمپانیانە وەرگرتووە و لە بری ئەو پارەیە دەبوا بە شێوازی قیست نەوتیان ڕادەست بکات، بەڵام بە هۆی دەستبەسەرداگرتنی حکوومەتی عێراق بە سەر کێڵگە نەوتیەکاندا، ئەوە وایکردووە قەرزەکان زیاتر کەڵەکە ببن لە سەر هەرێم.
لە ساڵانى ڕابردوودا حکوومەتى هەرێم گرێبەستى لەگەڵ چەندین کۆمپانیاى بیانیدا ئیمزا کرد، کە تا ئێستا لە کێڵگە نەوتییەکانى هەرێمدا وەبەرهێنان دەکەن. دواین گرێبەستیش گرێبەستی رۆسنەفتى ڕوسییە کە تایبەتە بە پەرەپێدانی پێنج کێڵگەی نەوتی لە هەرێمی کوردستان، هەر بە پێى ڕێککەوتنەکە تا کۆتایی ئەمساڵ ئاستی هەناردە کردنی نەوت بەرز دەکرێتەوە بۆ یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.
بەهۆى کۆنترۆڵ کردنى بەشێکى کێڵگە نەوتییەکان لە لایەن حکوومەتى عێراقەوە، قەرزەکانى سەر ئەو کۆمپانیایانەش لە سەر حکوومەتى هەرێم زیاتر کەڵەکە بێت.
سەرچاوە: NRT
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment