به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، موحسن بیگله‌ری نوێنه‌ری سه‌قز و بانه له په‌رله‌مانی ئێران دوایین هه‌واڵه‌کان له ناوچه‌ی ئازادی بازرگانیی کوردستان ده‌خاته ڕوو و ده‌ڵێت: چاوه‌ڕوان ده‌که‌ین پڕۆژه‌یاسای ناوچه ئازاده‌کان ئاراسته‌ی په‌رله‌مان بکرێت هه‌ر له‌م پێناوه‌شدا خه‌ریکی لۆبیگه‌ری کردنین بۆ کۆ کردنه‌وه‌ی ده‌نگه نوێنه‌ره‌کانی په‌رله‌مان.
ناوبراو درێژه‌ی پێدا: هه‌ر به‌و مه‌به‌سته‌ش ئه‌م حه‌فته‌یه کۆمیسیۆنی به‌رنامه و بودجه ده‌به‌ینه کرماشان تاوه‌کوو ناوچه‌ی بوومه‌له‌رزه‌لێدراو له نزیکه‌وه ببینن و کۆبوونه‌وه‌ی بهرنامهداڕێژان بۆ ڕه‌وته‌که له کرماشان به‌ڕێوه به‌رین و پاش ئه‌وه‌ش سه‌ردانی سنه ده‌که‌ین و پاشتر مه‌ریوان و بانه و سه‌قزیش به سه‌ر ده‌که‌ینه‌وه و دۆخی ناوچه‌که له نزیکه‌وه به وردیی بۆ کۆمیسیۆنی به‌رنامه و بودجه شی ده‌که‌ینه‌وه.
بیگله‌ری وتیشی: هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌م سه‌ردانه‌دا ڕاستییه‌کانی ناوچه‌که پیشان بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی دۆستانمان ده‌نگی نوێنه‌ره‌کانمان بۆ کۆ بکه‌نه‌وه.
نوێنه‌ری سه‌قز و بانه ئاماژه‌ی به ده‌فرایه‌تیی ئابووریی ناوچه‌ی تایبه‌تی بانه کرد و وتی: ناوچه‌ی تایبه‌تی ئابووریی بانه ده‌ستی به کار کردووه و ئێمه داوا له هه‌موو سه‌رمایه‌دانه‌ره بانهیییهکان ده‌که‌ین له ناوچه‌که‌دا چالاکی بنوێنن.
ناوبراو ئاشکراشی کردووه: ناوچه‌ی تایبه‌تی ئابووریی بانه له ڕه‌وتی باج وه‌رگرتندا ڕێژه‌ی لێبورده‌یی باشی هه‌یه و به‌ستێنه‌که بۆ سه‌رمایه‌دانان ڕه‌خساوه.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment