عێراق بەمەبەستی کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی دانووستانەکانی لەگەڵ رووسیا، چین و فەرەنسا دەست پێکردووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "شاندێکی نوێنەرانی پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی کڕینی سیستمی بەرگری ئاسمانی سەدانی وڵاتانی رووسیا، چین و فەرەنسا دەکەن.

کوردپرێس: بەرد زیادی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی "تێڕوانینێكی ئاشكرا و روونمان هەیە و پێشتریش پێشنیار كراوە بۆ ئەوەی عێراق چەكی جۆراوجۆر بكڕێت تا رێگە بەهیچ لایەنێک نەدرێت كۆنترۆڵی تواناكانی عێراق بكات و سەروەری پێشێل بكات".

وتیشی "رێككەوتنی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریكا رۆڵی نەبووە لە پاراستنی سەروەریی ئاسمانی عێراق و رێگرتن لە فڕۆكەی دوژمنان بۆ ئەوەی بۆردوومانی ناو خاكی عێراق نەكەن، لەكاتێكدا وڵاتەكە خاوەنی سەروەرییە و مافی خۆیەتی رووبكاتە هەر دەوڵەتێک كە پێمانوایە سیستمی بەرگریی پێشكەوتووی هەیە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا رێگری لە پێشێلكاریەكان بكرێت".

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوە دەكات، لەئێستادا رێنمایی هەیە بۆ كڕینی سیستمی بەرگریی "S – 400"ی روسی یان سیستمی بەرگری هەر دەوڵەتێكی تر ئەوەش بەپێی رێككەوتنێک، كە بۆ عێراق گونجاو بێت، پەرلەمانیش بەتایبەتی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پشتگیری ئەو هەنگاوە دەكات.

ناوبرا لە کۆتاییدا ئاشکرای کرد لە ئێستادا چەند شاندێکی عێراقی سەرقاڵی سەدانی کردنی وڵاتانی رووسیا، چین و فەراەنسان بە مەبەستی کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 86668

Your Comment

You are replying to: .
captcha