کوردپرێس:
دلاوه‌ر ئاژگه‌یی نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له یه‌کێتیى ئه‌ورووپا گوتی: "شاندى ژووری بازرگانیی پارێزگاکانى هه‌رێمى کوردستان و ژوورى بازرگانیى هه‌رێمى فلانده‌رزى به‌لجیکا ڕێککه‌وتنێکى بازرگانییان واژۆ کرد که ڕێککه‌وتنه‌که بۆ هه‌رێمى کوردستان ده‌ستکه‌وتێکى باشه چونکه ڕێککه‌وتنێکى فه‌رمییه له نێوان هه‌ر دوو لایه‌ندا."
ناوبراو وتیشی: "ڕێککه‌وتنه‌که کارئاسانى زۆر بۆ بازرگان و خاوه‌ن کاره‌کانمان ده‌کات که ده‌یانه‌وێت په‌یوه‌ندیی بازرگانى له‌گه‌ڵ به‌لجیکا ببه‌ستن له کاتێکدا 80%ى هه‌نارده‌کردنى به‌لجیکا له هه‌رێمى فلاندهرزهوهیه که دڵى ئابووریى بهڵجیکایه. ئه‌وان زیاتر له بوارى پیشه‌سازى شوکولاته و کشتوکاڵ خاوه‌نى ئه‌زموونى باشن".
نوێنه‌رى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له یه‌کێتیی ئه‌ورووپا جه‌ختی کرد که مه‌به‌ست له‌و ڕێککه‌وتنه ئه‌وه‌یه زیاتر کۆمپانیا به‌لجیکییه‌کان بێنه هه‌رێمى کوردستان و وه‌به‌رهێنان بکه‌ن و کارگه دابمه‌زرێنن له‌برى ئه‌وه‌ى له وڵاته‌که‌یانه‌وه هه‌نارده‌ى هه‌رێمى کوردستانى بکه‌ن و ئه‌وه‌ش واده‌کات ده‌رفه‌تى کار زیاتر بێت و چوونه‌ده‌ره‌وه‌ى پاره‌ى هه‌رێمى کوردستانیش که‌متر ده‌بێته‌وه که ئه‌وه‌ش له ڕووى ئابوورییه‌وه بۆ هه‌رێمى کوردستان گرنگه.
شایانی باسه؛ له 23ى ئه‌م مانگه شاندێکى یه‌کێتیى ژووره بازرگانى و پیشه‌سازییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان سه‌ردانى به‌لجیکایان کرد و سه‌ردانى شانده‌که له‌سه‌ر بانگهێشتى فه‌رمیی "ژوورى بازرگانیى ڤۆکا" بوو که پێشتر سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستانیان کردبوو.
سه‌رچاوه: هاوڵاتی
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment