کاردانه‌وه‌ی ئێران هه‌مبه‌ر به‌یاننامه‌ی کۆمکاری عه‌ره‌ب

به‌شی ئێران- وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ ده‌ڵێت: ڕێگاچاری کێشه‌کانی ئێستاکه‌ی ناوچه‌که‌ -که‌ به‌شێکی هه‌ره‌زۆری ده‌رئه‌نجامی سیاسه‌تی پووچه‌ڵی سعوودییه‌یه‌- ده‌رکردنی به‌یاننامه‌ی بێ‌بایه‌خ نییه‌ به‌ڵکوو ڕێگاچار ئێستاکه‌ وازهێنانه‌ له‌ په‌یڕه‌و کردنی سیاسه‌ته‌کانی ڕژێمی زایۆنی.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، به‌هرام قاسمی کاردانه‌وه‌ی به‌ به‌یاننامه‌ی کۆتاییی دانیشتنی کۆمکاری عه‌ره‌ب پیشان دا و وتی: ئه‌وه‌ی که‌ سعوودییه‌ به‌ مه‌به‌ستی جێبه‌جێ کردنی سیاسه‌ته‌کانی ڕژێمی زایۆنی له‌پێناو په‌ره‌سه‌ندنی ناکۆکیی نێوان ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌ و به‌لاڕێدا بردنی گه‌لان و حکوومه‌ته‌ ئیسلامییه‌کان به‌ پڕوپاگه‌نده‌ی سیاسی ده‌یکات سه‌رله‌به‌ری درۆ و بێ‌بنه‌مایه‌ و به‌ ناوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی کۆمکاری عه‌ره‌ب ده‌ریده‌کات. کۆماری ئیسلامیی ئێران سیاسه‌توانانی سعوودییه‌ بانگهێشت ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت به‌یاننامه‌کان ده‌ستکه‌وتێکیان هه‌بێت ده‌ستبه‌جێ هێرشی دڕندانه‌یان خۆیان بۆ سه‌ر عه‌ره‌به‌کانی یه‌مه‌ن بوه‌ستێنن تاوه‌کوو ژن و منداڵی ئاسایی و ناسه‌ربازیی یه‌مه‌ن نه‌بنه‌ قوربانیی ئاگری کینه‌ و ڕقی سعوودییه‌.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ زیادی ده‌کات: ئێران به‌رده‌وام داوا له‌ سعوودییه‌ ده‌کات سیاسه‌تی گوشارخستن و ته‌نگ پێ هه‌ڵچنین به‌ برا عه‌ره‌به‌کانی خۆی له‌ لوبنان و قه‌ته‌ر و تێکڕای ناوچه‌که‌ بوه‌ستێنێت و ئیزن بدات خه‌ڵکی یه‌مه‌ن گفتوگۆ له‌گه‌ڵ یه‌کتر بکه‌ن و ده‌ره‌چه‌یێکی ئاشتییانه‌ بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی نێوانیان بدۆزنه‌وه‌.

قاسمی گوتیشی: سیاسه‌تی نه‌گۆڕی کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌سه‌ر بنه‌مای پێوه‌ندیی باش له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌که‌ داڕێژراوه‌ و هه‌وڵی به‌رفراوان له‌ بواری ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ تیرۆریزم و یارمه‌تی گه‌یاندن بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌کان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاشتی و سه‌قامگیری بۆ ناوچه‌که‌ ئه‌نجام بووه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و داکۆکییانه‌ به‌هۆی سیاسه‌تی عه‌کس و کارشکێنی و په‌یمان شکێنیی سعوودییه‌ دوا که‌وتوون.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ له‌ کۆتاییدا جه‌ختیشی کردۆته‌وه‌: ڕێگاچاری کێشه‌کانی ئێستاکه‌ی ناوچه‌که‌ -که‌ به‌شێکی هه‌ره‌زۆری ده‌رئه‌نجامی سیاسه‌تی پووچه‌ڵی سعوودییه‌یه‌- ده‌رکردنی به‌یاننامه‌ی بێ‌بایه‌خ نییه‌ به‌ڵکوو ڕێگاچار ئێستاکه‌ وازهێنانه‌ له‌ په‌یڕه‌و کردنی سیاسه‌ته‌کانی ڕژێمی زایۆنی.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 8662

Your Comment

You are replying to: .
captcha