به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئاڵدار خه‌لیل ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێکاریی بزاڤی کۆمه‌ڵگه‌ی دیموکراتیکی کوردی سووریا (TEV-DEM) له لێدوانێکدا ته‌ئکیدی له‌سه‌ر ئه‌وه کرده‌وه که تورکیا به‌پێی میساقی نیشتیمانی له سووریا جووڵه ده‌کات و به هه‌واڵده‌ریی هاوارنیووزی گوت: "هه‌موان ده‌زانن که نییه‌تی تورکیا له سووریا داگیرکارییه. تورکیا له ده‌وروبه‌ری حه‌ڵه‌ب تا باکووری سووریا و له‌وێ تا ناوچه‌ی مووسڵ وه‌ک مه‌ڵبه‌نده‌کانی خۆی به ئه‌ژمار دێنێت. ده‌بێ وه‌بیری بهێنمه‌وه که په‌یماننامه‌ی 1923ی لۆزان ته‌نها ئاسته‌نگی به‌رده‌م تورکیا بۆ جێبه‌جێکردنی میساقی نیشتیمانی بوو. به‌پێی په‌یماننامه‌ی لۆزان نابێ تورکیا له سنووره‌کانی خۆی تێپه‌ڕێت. ئه‌مڕۆ له هه‌لومه‌رجێکدا که په‌یماننامه‌ی لۆزان به کۆتاییه‌کانی نزیک ده‌بێته‌وه ئه‌ردۆغانیش هه‌وڵه‌کانی بۆ جێبه‌جێکردنی پڕۆژه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه چڕ کردۆته‌وه."
ناوبراو گوتیشی: "له بیری نه‌به‌ینه‌وه که ساڵی 1998 تورکیا ڕێککه‌وتننامه‌ی ئادانای له‌گه‌ڵ سووریا واژۆ کرد. له ڕاستیدا ئه‌م ڕێککه‌وتننامه‌یه شه‌رعییه‌ت به ده‌ستێوه‌ردانی تورکیا له سووریا ده‌به‌خشێت. داگیرکردنی عه‌فرینیش به‌بۆنه‌ی ڕێککه‌وتنی تورکیا- ڕووسیا و سووریاوه ئه‌نجام درا. ڕێککه‌وتنێک که سوپای سووریای دیموکرات له‌گه‌ڵ تورکیا به نێوبژیڤانیی ئه‌مریکا ئه‌نجامی دا ڕێگر بوو له جێبه‌جێکردنی به‌رنامه‌کانی ئه‌ردۆغان له ناوچه‌که‌دا و دوایین لێدوانه‌کانی ئه‌ردۆغانیش به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه. به بۆچوونی ئه‌ردۆغان ڕێککه‌وتن بۆ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام وه‌ک ته‌ڵه‌یه."
ئاڵدار خه‌لیل زیادی کرد: "مه‌سه‌له‌ی ناوچه‌ی ئارام له ڕۆژهه‌ڵاتی فورات مه‌سه‌له‌یێکی زۆر هه‌ستیاره. هێشتا هێزه ئه‌منییه‌کانی تورکیا له سنووره‌کانی سووریا‌ن و ژماره‌یان ڕۆژ له دوای ڕۆژ زیاتر ده‌بێته‌وه. هێشتا هه‌ڕه‌شه‌کانی ئه‌ردۆغان درێژه‌ی هه‌یه و فڕۆکه‌کانی تورکیاش له‌سه‌ر ئاسمانیی ناوچه‌که ده‌سووڕنه‌وه. نابێ له بیری ببه‌ینه‌وه که تورکیا هه‌ر ئان و ساتێک ده‌توانێت به‌بۆنه‌ی بێئه‌نجامبوونی ڕێککه‌وتنی ئێستاوه هێرش بکاته سه‌ر باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا. سوپای سووریای دیموکرات هێزه‌کانی له ناوچه‌که کشاوه‌ته‌وه و به‌و کاره به جیهانی پیشان دا که هه‌ڕه‌شه‌یێک بۆ سه‌ر تورکیا نییه و ئه‌مه‌ش به مانای ڕانه‌په‌ڕاندنی ئه‌رکه‌کانی بۆ پاسه‌وانی له سنووره‌کانی خۆی نایێت."
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment