گۆڕان و ئاینده‌ی نه‌پشکو‌وتوو؛ ئۆپۆزیسیۆنی دوێنێ و شه‌ریک ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مڕۆ

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- عه‌دنان عوسمان سکرتێری جڤاتی نیشتمانیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ دیمانه‌یێکی تایبه‌تدا به‌ کوردپرێسی گوتووه‌: به‌شداری‌کردنی گۆڕان له‌ کابینه‌ی نۆیه‌م به‌شدارییێکی کارا ده‌بێت و به‌ هه‌موو تواناوه‌ له‌ حکوومه‌تدا به‌شدار ده‌بن. به‌رنامه‌ی کاری بزووتنه‌وه‌که‌ش له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ نییه‌ که‌ هاوکات له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بوون و خۆشیان به‌ موعارزه‌ بزانن.

کوردپرێس:

کاتێک دووهه‌م که‌سایه‌تیی خاوه‌ن‌ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان واتا نه‌وشیروان مسته‌فا ساڵی 2006 کۆمپانیای میدیاییی وشه‌ی دامه‌زراند و له‌و حیزبه‌ گه‌وره‌یه ‌دابڕا و پاشان بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی دامه‌زراند که‌س بیری له‌وه‌ نه‌ده‌کرده‌وه‌ ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ به‌ داواکارییه‌ تونده‌کانییه‌وه‌ به‌و خێراییه‌ هاوکێشه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی کوردستان بگۆڕێت و ببێته‌ دووهه‌م ئه‌کته‌ری گۆڕه‌پانی سیاسیی هه‌رێم. پاش سه‌رکه‌وتنی گۆڕان له‌ دوو خولی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێم له‌ 2009 و 2013 و بینینه‌وه‌ی خۆی به‌ پله‌ی دووهه‌م و سه‌رکه‌وتنی به‌ سه‌ر یه‌کێتیی نیشتیمانیدا ئه‌ستێره‌ی به‌ختی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ساحه‌ی سیاسیی هه‌رێم له‌ هه‌ر دوو هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقیش و کوردستانیش که‌ ساڵی 2018 به‌ڕێوه‌ چوو سۆمای تێدا نه‌ما و زیاتر له‌ 50 له‌سه‌دی ده‌نگ و کورسییه‌کانی په‌رله‌مانی له‌ کیس چوو. نه‌بوونی نه‌وشیروان مسته‌فا و ستراتێژیی موحافیزه‌کارانه‌ی قیاده‌ی نوێی گۆڕان که‌ به‌شێک بوون له‌ به‌ره‌ی سه‌رکردایه‌تیی کۆنه‌کاری یه‌کێتی و له‌لایێکی دیکه‌شه‌وه‌ شکست‌هێنانی حیزبه‌که‌ له‌ ده‌سته‌به‌ربوونی زۆرینه‌ی ئامانج و دروشمی ڕیفۆرمخوازیی ئه‌و حیزبه پاش به‌شداری‌کردنیان له‌ حکوومه‌ت‌ دوو هۆکاری سه‌ره‌کیی دابه‌زینی پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریی گۆڕان بوون که‌ له‌ ئه‌نجامدا جیابوونه‌وه‌ی ژماره‌یێک له‌ کادیرانی به‌رجه‌سته‌ و هه‌ڵکشانی ململانێ و ناکۆکیی نێوخۆی حیزبه‌که‌ی لێکه‌وته‌وه‌. مانگی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ بۆ جارێ دووهه‌م پاش مردنی نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌ڵبژاردنی نێوخۆی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رکردایه‌تی و به‌رپرسان و ئه‌ندامانی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن به‌ڕێوه‌ چوو و خاڵی جێی سه‌رنجی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ ئه‌وه‌ بوو دیسان عومه‌ری سه‌ید عه‌لی وه‌کوو سه‌رۆکی حیزبه‌که‌ هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌. ئاژانسی هه‌واڵی کوردپرێس له‌ دیمانه‌یێکدا عه‌دنان عوسمان سکرتێری خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی گۆڕانی دواندووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک ته‌وه‌ری هاوپه‌یوه‌ند به‌ هه‌ڵبژاردنی ناوخۆ و به‌رنامه‌ و کارنامه‌ی ئه‌و حیزبه‌ له‌ قۆناغی ئێستا و ئاسۆی ڕیفۆرمخوازی له‌ پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵات و هه‌ڵوێستی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌تایبه‌تی له‌ خولی نوێی دانوستانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا شی بکاته‌وه‌.

ده‌قی دیمانه‌که‌؛

کوردپرێس: نرخاندنتان بۆ هه‌ڵبژاردنی ڕێکخه‌ری گشتی و ئه‌ندامانی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان چییه‌؟

عه‌دنان عوسمان: گرینگی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ له‌وه‌دا بوو له‌وانه‌یه‌ گۆڕان له‌ کوردستان ته‌نها حیزبێکه‌ که‌ به‌ گوێره‌ی ئه‌وه‌ی له‌ به‌رنامه‌ی کاریدا هه‌یه‌ ده‌بێت دوو ساڵ جارێک سه‌رکردایه‌تی بگۆرێت و هه‌روه‌هاش خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن که‌ باڵاترین هه‌یئه‌ی ئیجراییی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ بگۆڕێت. پاش کۆچی کاک نه‌وشیروان ئێمه‌ دوو جار توانیمان هه‌ڵبژاردن بکه‌ین له‌ 2017 و ئێستاش له‌ 2019. ئه‌مه‌ به‌ نیسبه‌ت گۆڕانه‌وه‌ سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌یه‌ چونکه‌ سه‌قامگیرییێک له‌ نێو ڕێکخراوه‌که‌ هه‌یه‌ و حیزبه‌که‌ ده‌تانوێت هه‌ر کاتێک بیه‌وێت به‌ گوێره‌ی ده‌ستووره‌که‌ی خۆی گۆڕانکاری له‌ ناوخۆیدا بکات. ئاماژه‌یێکی‌تری هه‌ڵبژاردنه‌که‌ش ئه‌وه‌یه‌ گۆڕان سه‌رباری ئه‌و هه‌موو ڕه‌خنه‌ و به‌رزی و نشێوانه‌ی تێپه‌ڕاندووه‌ توانیویه‌تی له‌سه‌ر قاچی خۆی بوه‌ستێت و توانیویه‌تی سه‌رباری به‌شداری‌کردن له‌ حکوومه‌ت له‌ هه‌مان کاتدا توانیویه‌تی خۆیشی نوێ بکاته‌وه‌.

کوردپرێس: له‌ ماوه‌ی ڕابردوو و به‌تایبه‌ت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا جۆرێک له‌ پاشه‌کشێ به‌ گۆڕانه‌وه‌ دیار بووه‌ پێتان وایه‌ ئه‌م قۆناغ و گۆڕانکارییانه‌ که‌ دوای ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ کرا ده‌توانێت چ گۆڕانکارییێک بڕه‌خسێنێت؟

عه‌دنان عوسمان: له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان پاشه‌کشێ کراوه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ ته‌نها بۆ گۆڕان نه‌بووه‌ بۆ هه‌موو لایه‌نه‌کان بووه‌. خه‌ڵکی کوردستان نیگه‌ران بوونه‌ له‌ هه‌موو حیزبی سیاسیی کوردستانی و پڕۆسه‌ی دیموکراسیش. بۆ ئێمه‌ش ئه‌وه‌ ئاماژه‌یێکی گرینگ بوو که‌ گۆڕان پێویستی به‌وه‌یه‌ به‌ خۆیدا بچێته‌وه‌ و به‌ کارنامه‌ و به‌ به‌رنامه‌ی خۆیدا بچێته‌وه‌ و جارێکی‌تر ببێته‌وه‌ به‌ حیزبێکی جه‌ماوه‌ری و دیسان تێکه‌ڵ بێته‌وه‌ به‌ داخوازی و ئاوات و هیوای جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان. ده‌سته‌ی هه‌ڵبژێردراویش به‌و ئاراسته‌یه‌ کار ده‌کات.‌

کوردپرێس: جه‌نابتان وه‌ک سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی هه‌ڵبژێردراون. بینیمان که‌ له‌ ماوه‌ی دواییدا ده‌نگێکی ناڕازی و ڕه‌خنه‌گرانه‌ له‌ ناو گۆراندا هه‌بوو. ئه‌م ده‌نگه‌ توانییان خۆیان له‌ نێو گۆڕان به‌تایبه‌ت له‌ نێو سه‌رکردایه‌تیدا ببیننه‌وه‌؟

عه‌دنان عوسمان: ئه‌وانه‌ی ناڕازین پۆلێن ده‌کرێن به‌ چه‌ند به‌شێکه‌وه‌. ئه‌وانه‌ی که‌ گۆڕانن و سه‌ر به‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانن و هێشتا قه‌ناعه‌تیان وایه‌ که‌ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ ده‌توانێت ئامانجه‌کانی ئه‌وانیش بباته‌ پێشه‌وه‌ به‌ڵام ڕه‌خنه‌یان هه‌یه‌ به‌ ته‌ئکید له‌گه‌ڵیاندا داده‌نیشین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین نیگه‌رانییه‌کانیان بڕوێنینه‌وه‌ و کار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌ین که‌ بتوانین له‌ ده‌وره‌ی داهاتوودا پێکه‌وه‌ کار بکه‌ین. ئه‌وانه‌ش که‌ وازیان له‌ گۆڕان هێناوه‌ و ده‌ستبه‌رداری گۆڕان بوون و ئێستا سه‌رقاڵی کاری‌ترن ئێمه‌ هیوای سه‌رکه‌وتنیان بۆ ده‌خوازین و دیسان هیوادارین بتوانین پێکه‌وه‌ هاوکاری بکه‌ین.

کوردپرێس: له‌ ئێستادا گۆڕان پێچه‌وانه‌ی پێشوو که‌ چه‌ند ماوه‌یێک له‌ ئۆپۆزیسیۆنیش بوو و له‌ حکوومه‌تیشدا بوو له‌ کابینه‌ی نۆیه‌مدا خۆی له‌ حکوومه‌تدا بینییه‌وه‌ ئه‌م به‌شداری‌کردنه‌ له‌ حکوومه‌تدا چۆن ده‌بینن به‌تایبه‌ت هاوپه‌یوه‌ند به‌ نزیک‌بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتی دیموکرات؟

عه‌دنان عوسمان: خودی کابینه‌که‌ ئه‌مجاره‌ له‌سه‌ر پلانێکی ئیسڵاحی دانراوه‌. ئه‌وه‌ی لای ئێمه‌ گرینگه‌. ئێستا له‌ هه‌موو لایێکه‌وه‌ باس له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کرێت که‌ بتوانین حکوومه‌تێکی به‌هێز دروست بکه‌ین که‌ له‌ ئاستی داواکارییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستاندا بێت و ئه‌مه‌ لای گۆڕان زۆر گرینگه‌ بۆیه‌ به‌شدارییێکی چالاک له‌ حکوومه‌ت ده‌که‌ین. ئێمه‌ هه‌ردوو قاچمان له‌ نێو حکوومه‌تدایه‌، قاچێکمان له‌ ئۆپۆزیسیۆن و قاچێکی‌ترمان له‌ کابینه‌ و به‌ هه‌موو هێزیشمانه‌وه‌ کار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌ین حکوومه‌تی ئیسڵاح به‌ره‌و چاکسازی بڕوات. به‌هیواین لایه‌نه‌کانی‌تریش که‌ به‌شدارن به‌ هه‌مان ئاراسته‌ کار بکه‌ن.

کوردپرێس: ئه‌گه‌ر پلان و به‌رنامه‌کانتان بۆ چاکسازی له‌ کابینه‌ی نۆیه‌مدا نه‌هاته‌دی ئایا پێده‌چێت بڕیاری به‌ئۆپۆزیسیۆن‌بوون بده‌ن؟

عه‌دنان عوسمان: ئێمه‌ پێشتر تاقی کراوینه‌ته‌وه‌ که‌ ئه‌گه‌ر پلان و به‌رنامه‌مان بۆ نه‌چێته‌ پێش چی ده‌که‌ین. به‌ڵام ئێستا به‌هیواین ئه‌و پلانانه‌ بڕۆنه‌ پێشه‌وه‌ چونکه‌ ئه‌و پلانانه‌ بۆ قازانجی گۆڕان نییه‌ به‌ڵکوو بۆ قازانجی خه‌ڵکی کوردستان و ئارامیی ناوچه‌که‌ و گه‌شه‌کردن و بنیاتنانی کۆمه‌ڵگه‌یێکی دیموکرات و ته‌ندروسته‌ بۆیه‌ هیوامه‌ هه‌موو لایه‌نه‌کان پێکه‌وه‌ به‌و ئاراسته‌یه‌ کار بکه‌ین و بیر له‌وه‌ نه‌که‌ینه‌وه‌ که‌ ئه‌گه‌ری خراپه‌کان چین به‌ڵکوو بیر له‌ ئه‌گه‌ری باش بکه‌ینه‌وه‌.

کوردپرێس: له‌ ئێستادا گفتوگۆ له‌ نێوان به‌غدا و هه‌ولێر به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر پرسی بودجه‌ و نه‌وت له‌ئارادایه‌، سه‌رچاوه‌ی کێشه‌کان له‌سه‌ر ئه‌م دوو پرسه‌ به‌ چی ده‌زانن و هه‌ڵوێستتان سه‌باره‌ت به‌ گفتوگۆکان و داهاتوو و ئه‌م دیالۆگه‌ چییه‌؟

عه‌دنان عوسمان: سه‌رچاوه‌ی کێشه‌کان زۆرن له‌وانه‌یه‌ به‌شێکی په‌یوه‌ست بێت به‌ خاڵه‌ ده‌ستوورییه‌کانه‌وه‌. به‌شێکیشی په‌یوه‌ست بێ به‌ بوونی ڕۆحیه‌تێکی سه‌نتراڵی یان مه‌رکه‌زی له‌ عێراقدا که‌ هێشتا شۆڕ نه‌بووبێته‌وه‌ بۆ ڕێزگرتن له‌ مافه‌کانی هه‌رێمه‌کان. دیاره‌ و کار زۆره‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ ئێستا لێره‌دا گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ لیژنه‌ی پسپۆڕی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان دانراوه‌. پێشتر ته‌نها سه‌ردانێک ده‌کرا و کێشه‌کان چاره‌سه‌ر نه‌ده‌کرا به‌ڵام ئێستا لیژنه‌کان دانراون و هیوادارم ئه‌مانه‌ دانیشتنی باش بکه‌ن و به‌ ئه‌نجامی باش بگه‌ن. ئێمه‌ وه‌ک بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ عێراقدا کێشه‌کانمان چاره‌سه‌ر بکه‌ین.

کوردپرێس: ڕاده‌ست نه‌کردنی نه‌وت به‌پێچه‌وانه‌ی یاسای بودجه‌ی 2019ی عێراق له‌لایه‌ن هه‌ولێره‌وه‌ بۆ به‌غدا مه‌سه‌له‌یێکی گرینگه‌. هه‌ڵوێستی ئێوه‌ له‌سه‌ر ئه‌مه‌ چییه‌؟

عه‌دنان عوسمان: حکوومه‌تی هه‌رێم خۆی پابه‌ند کردووه‌ و ده‌بێت جێبه‌جێ بکات. حکوومه‌تی عێراقیش خۆی پێبه‌ند کردووه‌ به‌ ناردنی به‌شه‌مووچه‌ و بودجه‌وه‌ و تا ئێستاش که‌م تا زۆر پابه‌ند بووه‌ پێ و ئه‌گه‌ر کێشه‌یێکیش هه‌بێت پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌م ئاسته‌ چاره‌سه‌ری بکه‌ن به‌ڵام ئه‌و ڕێککه‌وتننانه‌ی که‌ کراوه‌ له‌ نێوان هه‌ر دوو لایه‌ندا و ده‌بێ جێبه‌جێ بکرێن.

کوردپرێس: پێشتر خاڵێک که‌ زیاترین ڕه‌خنه‌ی له‌ حکوومه‌ت له‌سه‌ر هه‌بوو باسی نه‌وت و داهاتی نه‌وت و دیکه‌ی داهاته‌کان بوو. له‌ ئێستادا ئایا شه‌فافییه‌تێک هاتۆته‌دی؟ داهاتووه‌که‌ی چۆن ده‌بینن و هه‌ڵوێستتان چییه‌؟

عه‌دنان عوسمان: ئێمه‌ کێشه‌مان زۆره‌. نه‌وت و پڕۆسه‌ی نه‌وتی له‌ کوردستان کێشه‌ی زۆری له‌سه‌ره‌. له‌ ئێستادا دوو ئیراده‌ هه‌یه‌ یه‌که‌م ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو داهاته‌کان له‌ وه‌زاره‌تی دارایی کۆ ببێته‌وه‌ و ئاگاداری بن. دووهه‌م ئه‌وه‌یه‌ سندۆقی داهاتی نه‌وتی که‌ یاسای بۆ ده‌رچووه‌ دابنرێت ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌مان پێبکرێت هه‌نگاوێکی گرینگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ته‌واوه‌تی داهاتی نه‌وت ڕوون ببێته‌وه‌.

کوردپرێس: له‌ کۆی ئه‌م هاوکێشانه‌ی که‌ ئێستا هه‌یه‌ قسه‌تان له‌سه‌ر شوناسی سیاسی و وه‌زیفه‌ی مێژووییی خۆتان وه‌کوو گۆڕان چییه‌؟

عه‌دنان عوسمان: بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هێزێکی ئیسڵاحییه‌ له‌ کوردستان و کار به‌و ئاراسته‌یه‌ ده‌کات بۆیه‌ وه‌کوو هێزێکی ئیسڵاحی کار بۆ چاره‌کردنی کێشه‌کانی خه‌ڵک و باشترکردنی ژێرخانی ئابووریی کوردستان و به‌هێزکردنی هه‌رێمه‌که‌ ده‌که‌ینه‌وه‌. هه‌روه‌هاش چالاک ده‌بین بۆ به‌هێزکردنی دامه‌زراوه‌ دیموکراسییه‌کان و به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌و نه‌هجه‌یه‌ی خۆمان. دیاره‌ ئێمه‌ حیزبێکی ئایدیۆلۆجیستی نیین به‌ڵام دنیابینیمان هه‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ڕیفۆرم و ئیسڵاحدا.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

داگرتن و داڕشتنه‌وه‌: به‌شی کوردیی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86608

Your Comment

You are replying to: .
captcha