سه‌رۆک کۆماری عێراق به‌ زمانی کوردی له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان په‌یامێکی پێشکه‌ش کرد

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌ کۆبوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان گوتارێکی پێشکه‌ش کرد و له‌ به‌شێکی وتاره‌که‌شیدا به‌ زمانی کوردی شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان و قوربانییان گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کانی یاد کرده‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 25ی ئه‌یلوولی 2019 به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌ کۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان گوتارێکی پێشکه‌ش کرد و له‌ میانی وتاره‌که‌شیدا به‌ زمانی کوردی په‌یامێکی ئاراسته‌ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان و قوربانییانی تیرۆر له‌ کوردستان کرد.

ده‌قی په‌یامه‌ کوردییه‌که‌ی به‌رهه‌م ساڵح:

"سڵاوم بۆ که‌سوکاری شه‌هیدان و قوربانییان و گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵ و ئه‌نفاله‌کان، خه‌باتتان پیرۆزه‌، بۆ وه‌دیهێنانی ژیانێکی ئازاد و خوشگوزه‌ران و ئاشتی و ئاسایش، به‌دیهێنانی ئاوات و هیواکانتان ئه‌رکی سه‌ر شانمانه‌، ڕێگامان سه‌خته‌ به‌ڵام به‌ ویستی نه‌گۆڕه‌وه‌ و به‌ پشتیوانیی کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ر سه‌رکه‌وتوو ده‌بین."

شایانی باسه‌؛ هه‌ر دوو زمانی عه‌ره‌بی و کوردی له‌ وڵاتی عێراقی فیدڕاڵ زمانی فه‌رمی دێنه‌ ئه‌ژمار.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86594

Your Comment

You are replying to: .
captcha