کوردپرێس:
گۆڤاری نه‌شناڵ ئینترستی ئه‌مریکا ڕاپۆرتێکی له‌سه‌ر دۆخی ئه‌م ڕۆژانه‌ی کوردی عێراق و هێزی پێشمه‌رگه له سه‌روبه‌ندی ساڵوه‌گه‌ڕی به‌ڕێوه‌چوونی گشت‌پرسیی سه‌ربه‌خۆییی 25ی ئه‌یلوولی 2017 نووسیوه.
نووسه‌ری ڕاپۆرته‌که پێی وایه که نه کورد و نه به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستانی عێراق چیتر بیر له سه‌ربه‌خۆیی ناکه‌نه‌وه و ئه‌وه‌نده به‌ره‌وڕووی کێشه‌گه‌لێکی جۆراوجۆر بوونه‌ته‌وه که ناتوانن ته‌رکیز له‌سه‌ر بابه‌تێک وه‌ک سه‌ربه‌خۆیی بکه‌ن. له ئێستادا هه‌م کورد و هه‌م به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان بیر له زیادکردنی شه‌ریک و ڕاکێشانی یارمه‌تیی بیانی بۆ له‌ناوبردنی پاشماوه‌ی شه‌ڕی چه‌ند ساڵه‌ی داعش و چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی ئابووری ده‌که‌نه‌وه که پاش ته‌واوبوونی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعش و به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی به‌ره‌وڕووی بوونه‌وه.
نووسه‌ری ڕاپۆرته‌که‌ی گۆڤاری نه‌شناڵ ئینترستی ئه‌مریکا باس له دیداری ئه‌مدواییه‌ی به‌رپرسانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆک کۆمار و سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق و پێشوازی له به‌رپرسی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له شاری هه‌ولێر ده‌کات و ده‌ڵێت: سه‌رجه‌م ئه‌مانه نیشانی ده‌دات که کورد ئاگای له کێشه‌کانی خۆی هه‌یه و به بێ ئاوڕدانه‌وه له مه‌سه‌له‌ی سه‌ربه‌خۆیی و له ڕێگای ته‌عامولی سازێنه‌ر له‌گه‌ڵ جیهان هه‌وڵه‌کانی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی چڕ کردۆته‌وه.
ڕاپۆرته‌که ئاماژه به سه‌ردانه یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان بۆ به‌غدا ده‌کات و ئه‌و مه‌سه‌له به نیشانه‌ی له‌بیربردنه‌وه‌ی خه‌ونی سه‌ربه‌خۆییی کورد ده‌زانێت و ده‌نووسێت: کورده‌کان ده‌یانهه‌وێت به ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی بڵێن که ته‌رکیزیان له‌سه‌ر به‌غدا کردووه و ئاماده‌ن هاوکات له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌کانیان بۆ ڕاکێشانی سه‌رمایه‌ی نێوده‌وڵه‌تی زیاترین ته‌عامولیان له‌گه‌ڵ به‌غدا ببێت.
گۆڤاره‌که‌ی چاپی ئه‌مریکا ئاماژه به جێبه‌جێ‌کردنی گه‌ڵاڵه ئاوه‌دانکارییه‌کان له شاری هه‌ولێر ده‌کات و ئامانجی کورد له‌و کارانه نۆژه‌ن کردنه‌وه و ڕه‌ونه‌قی ئابووریی هه‌رێمی کوردستان وه‌سف ده‌کات. فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی پێشووی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان و ڕاوێژکاری باڵای سه‌رکرده‌کانی هه‌رێمی کوردستان به نه‌شناڵ ئینترستی وتووه: خه‌ڵکی ئێمه ڕه‌نج و ئازارێکی زۆری چێشتووه؛ ئێمه ده‌بێ ته‌رکیز له‌سه‌ر نۆژه‌ن‌کردنه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان بکه‌ین و بیر له داهاتوویێکی گه‌ش بکه‌ینه‌وه به‌ڵام جێگیر کردنی داهاتوویێکی گه‌ش به‌بێ جێگیربوونی سه‌قامگیری مومکین نییه.
ڕاپۆرته‌که ئاماژه به‌وه ده‌کات که له ڕواڵه‌تدا هه‌رێمی کوردستان له سه‌قامگیری به‌هره‌مه‌ند بووه و هێزی پێشمه‌رگه‌ش وشیارانه و بوێرانه به‌رپه‌رچی هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یێک ده‌ده‌نه‌وه که بکرێته سه‌ر هه‌رێمی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین. به‌ڵام له ئێستادا هه‌ندێک کێشه له‌ئارادایه که ئاسایشی دوورگه‌ی ئه‌منی کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤینی خستۆته مه‌ترسییه‌وه. گۆڤاره ئه‌مریکییه هه‌ڕه‌شه‌کانی ئێستای سه‌ر ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان به‌م شێوه‌یه وه‌سف ده‌کات: داعش هه‌وڵه‌کانی بۆ خۆڕێکخستنه‌وه چڕ کردۆته‌وه و هێشتا هێرشگه‌لێکی ناوبه‌ناو له نزیکه‌ی هه‌ولێر ئه‌نجام ده‌دات، هێزی ئاسایشی عێراق ناکۆکییێکی زۆری له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه هه‌یه و هێشتا مه‌سه‌له‌ی ناوچه جێناکۆکه‌کان چاره‌سه‌ر نه‌کراوه، هێزی پێشمه‌رگه ئیمکاناتی سه‌ربازیی پێشکه‌وتووی به‌ده‌سته‌وه نییه و گرینگتر له‌مانه ئه‌وه‌یه ئه‌مریکا -که خۆی به باشترین دۆستی کورد ده‌زانێت و کوردیش که واشنتن به گرینگ‌ترین پشتیوانیی خۆی ده‌زانێت- ئاوڕێکی زۆر له دۆخی ئه‌م ڕۆژانه‌ی کوردی عێراق ناداته‌وه. ژماره‌یێک له فه‌رمانده‌کانی هێزی پێشمه‌رگه ته‌ئکیدیان کردووه که ئه‌مریکا پشتی له هه‌ولێر کردووه و ژماره‌یێک له به‌رهه‌ڵستکارانی کورد ده‌ستیان به چه‌که ئه‌مریکییه‌کان گه‌یشتووه که ئه‌مه‌ش مه‌ترسییێکه بۆ سه‌ر هه‌بوونی کورد. که‌واته پێویسته زووبه‌زوو میکانیزمێکی ئه‌منیی نوێ دابڕێژرێت و هه‌وڵێکی به‌رفراوان بۆ متمانه‌پێکردن له ناوچه‌که بدرێت.
نووسه‌ری ڕاپۆرته‌که که بنکه و باره‌گای هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستانی به سه‌ر کردۆته‌وه دۆخی هێزه کوردییه‌کان له ڕووی هه‌بوونی جیهازاتی سه‌ربازییه‌وه به سنووردار وه‌سف ده‌کات و ده‌نووسێت: هێزی پێشمه‌رگه نه چه‌کی قورسی به‌ده‌سته‌وه‌یه و نه ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی گونجاو. ئه‌وان له دامه‌زراوه و سه‌نگه‌ری سه‌ربازیی پته‌و بۆ به‌رگری له خۆیان بێبه‌شن. خاڵێکی گرنگی دیکه ئه‌مه‌یه که موناقه‌شه له‌سه‌ر پێدانی مووچه‌ی هێزی پێشمه‌رگه له‌لایه‌ن به‌غداوه هێشتا وه‌ک خۆی ماوه‌ته‌وه. هێزه کوردییه‌کان نه‌ک له به‌غدا پاره وه‌رده‌گرن و نه‌ک که‌ره‌سته‌ی سه‌ربازییان پێده‌درێت.
گۆڤاری نه‌شناڵ ئینترستی ئه‌مریکا باس له پابه‌ندنه‌بوونی ئه‌مریکا به به‌ڵێنه‌کانی له‌باره‌ی ناردنی چه‌ک و جیهازاتی سه‌ربازیی پێشکه‌وتوو بۆ هێزی پێشمه‌رگه ده‌کات و ده‌ڵێت: کورد هێشتا چاوه‌ڕوانی یارمه‌تییه چه‌ند ملیۆن دۆلارییه‌کانی ئه‌مریکایه که به‌ڵێنی دابوو ڕاده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستانی بکات. هێزی کوردی عێراق داوای کردووه چه‌کی دژه‌تانک، جلوبه‌رگی پێویستی شه‌ڕ و که‌ره‌سته‌ی سه‌ربازییان پێبدرێت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و درۆنانه که هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر هێزه کوردییه‌کان. فه‌رمانده‌یێکی هێزی پێشمه‌رگه ئاماژه‌ی به‌وه کردووه که هێزه‌کانی ژێر فه‌رمانده‌ییی ناوبراو ته‌نها 2 له‌سه‌دی بودجه و که‌ره‌سته‌ی سه‌ربازیی نێردراوی ئه‌مریکا وه‌رده‌گرن و باقییه‌که‌ی بۆ هێزه‌کانی سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی ته‌رخان ده‌درێت.
گۆڤاره ئه‌مریکییه‌که له زاری به‌رپرسانی هه‌ولێره‌وه نووسیویه‌تی: کورده‌کان نیگه‌رانییان به بۆنه‌ی ئه‌مریکاوه هه‌یه چونکه ئه‌و وڵاته که کورد به دۆستی خۆی ده‌زانێت تا ڕاده‌ی پێویست پشتیوانی له کورد ناکات. بۆ نموونه گۆڤاره‌که ئاماژه به سه‌ردانی به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق بۆ ئه‌مریکا ده‌کات و ده‌ڵێت که به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستانیش داوایێکی وایان بۆ سه‌ردان‌کردنی ئه‌مریکا ئاراسته کردووه به‌ڵام گوایه به‌رپرسانی واشنتن به‌وانیان ڕاگه‌یاندووه که به‌پێی پرۆتکله‌کانی ئێستا به‌رپرسانی کورد ناتوانن سه‌ردانی واشنتن بکه‌ن. ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌یه که واشنتن نایه‌وێت میوانداریی دۆستانی نزیکی ئه‌مریکا له عێراق بێت.
نه‌شناڵ ئینترست ئاماژه ده‌کات که هه‌رێمی کوردستان به‌ره‌وڕووی کێشه‌گه‌لێکی زۆر بۆته‌وه له‌وان کێشه‌ی ئه‌منی له که‌رکووک، شنگال و نه‌ینه‌وا.
فه‌رمانده‌یێکی هێزی پێشمه‌رگه‌ی سنووری هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ تورکیا باس له هه‌ڕه‌شه ئه‌منییه‌کان ده‌کات که ده‌کرێته سه‌ر هه‌رێم و ته‌ئکیدی کردووه که ئه‌گه‌ر کورد نه‌توانێت کێشه‌ی ئێستای خۆی له کاتی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق وه‌ک دۆستی کورد چاره‌سه‌ر بکات له داهاتووشدا ناتوانن ئه‌و کێشانه چاره‌سه‌ر بکه‌ن.
نه‌شناڵ ئینترست له دیمانه‌که‌ی له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌کانی پێشمه‌رگه و به‌رپرسانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتووه که سه‌رچاوه‌ی زۆربه‌ی نیگه‌رانییه‌کانی ئێستای کورد بۆ به‌ڕێوه‌بردنی گشت‌پرسیی سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی کوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه که ڕۆژی 25ی ئه‌یلوولی 2019 به‌ڕێوه چوو. ئه‌گه‌رچی زیاتر له 92 له‌سه‌دی خه‌ڵک ده‌نگی ئه‌رێنییان به‌و گشتپرسییه دا به‌ڵام پاشهاتێکی قورسی بۆ کورده‌کان به‌دواوه بوو. کورده‌کان زیاتر له نیوه‌ی قه‌ڵه‌مڕه‌وی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانیان له‌ده‌ست دا و به‌ره‌وڕووی قه‌یرانی ئابووری و داپه‌ڕه ته‌مێ‌کارانه‌کانی به‌غدا بوونه‌وه.
کورده‌کانی عێراق پێیان وایه که ده‌بێ ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا کورد وه‌ک هاوپه‌یمانی سه‌ره‌کیی خۆی له دابین‌کردنی سه‌قامگیریی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین بزانێت به‌ڵام گۆڤاری نه‌شناڵ ئینترستی ئه‌مریکا پێی وایه که کێشه ئه‌مه‌یه که واشنتۆن له ئێستادا ناکۆکی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌یه و سه‌رقاڵی دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له باکووری سووریا به هاوکاریی تورکیایه و چه‌ندین کاری دیکه‌شی به‌ده‌سته‌وه‌یه که‌واته پێناچێت له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته له‌گه‌ڵ کوردی عێراق گفتوگۆ بکات.
گۆڤاره ئه‌مریکییه‌که پێی وایه که هه‌رێمی کوردستان ده‌یهه‌وێت ده‌ورێکی کارای له ناوچه‌که‌دا بێت به‌ڵام هێشتاکه به‌رپرسانی هه‌ولێر وا بیر ده‌که‌نه‌وه که چ کاتێک به‌رپرسانی ئه‌مریکا به‌و ئه‌نجامه ده‌گه‌ن که ده‌بێ به‌و شێوازه بیر بکه‌نه‌وه.
وه‌رگێڕان له فارسییه‌وه: به‌شی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment