سەرکۆماری عێراق لەگەڵ سەرۆکی چەند وڵاتێکی ئەورووپی دیداری کرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆك كۆماری عیراق لە پەڕاوێكی كۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک چاوی بە سەرۆكی چەند وڵاتێك کەوت کە گرینگترینی ئەو وڵاتانەش جۆرجیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیا بوون.

کوردپرێس:

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی سەرۆك كۆماری عیراق، ڕۆژی سێ‌ شەممە 23ی ئەیلوولی 2019، بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق چاوی كەوتووە بە سالومە زورا بیشڤیڵی، سەرۆكی جۆرجیا ، ھەردوولا سەبارەت بە دوا گۆڕانكاری و پێشھاتە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە و جیھان گفتوگۆیان كرد.

لە دیدارەكەدا باس لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان عیراق و جۆرجیا و چۆنێتی فراوانكردنی ئاستی ھاریكاری ھەردوو وڵات كرا، بە جۆرێك، كە خزمەت بە بەرژەوەندییە ھاوبەشەكانی ھەردوو گەلی دۆست بكات.

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، بەرهەم ساڵح چاوی كەوتووە بە ئەنجێلا مێركڵ، ڕاوێژكاری ئەڵمانیا و گفتوگۆیان كردووە لەبارەی چۆنیەتی بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لە گشت بوارەکاندا، کە خواستەکانی ھەردوو گەلی دۆست بھێنێتە دی، ھەروەھا باس لە ڕۆڵی یەکێتی ئەوروپا کرا لە پشتیوانی عراق بۆ دووبارە بونیادنانەوەی شارەکان و بەھێزکردنی توانای سەربازی ھێزە ئەمنیەکان لە پڕچەککردن و مەشقکردن و ریشەکێشکردنی تیرۆر.

بەرھەم ساڵح و ئەنگێلا مێرکل تاوتوێی پێشھاتەکانی ناوچەکە و جیھانیان کرد، ھاوکات دووپاتیان لە گرنگی پەنابردنە بەر دیالۆگ و لێکگەیشتن لە نێوان سەرجەم لایەنەکاندا کرایەوە، بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

ئاماژە بەوەش كراوە، كە بەرهەم ساڵح و بۆریس جۆنسن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك كۆبوونەوە و سەرۆك كۆماری عیراق جەختی لە گرنگی چڕكردنەوەی تەواوی ھەوڵەكان كردەوە لە پێناو ھێنانە كایەی ئاشتی و ئاسایش و بەرجەستەكردنی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ سەرجەم گەلانی ناوچەكە.

ھاوكات سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا گفتوگۆیان كرد لە بارەی دوا گۆڕانكارییە ھەنوكەیەكان و پێوستی كەمكردنەوەی ناكۆكییەكان لە ڕێگای دیاڵۆگ و لێكگەشتن لە سەر ئاستی ناوچەكە و جیھان.

هەر لە پەراوێزی كۆبوونەوەكەدا لە نیویۆرك بەرھەم ساڵح چاوی كەوتووە بە ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا و جەختی لە خواستی عیراق كردەوە لە بونیادنانی پەیوەندییێكی بەھێز و فراوان لەگەڵ فەڕەنسا.

بەرھەم ساڵح ئاماژەی بە فراوانكردنی ئاسۆی ھاریكاری و ھەماھەنگی ھاوبەش كرد لە نێوان ھەردوو وڵاتی دۆستدا، بەجۆرێك خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی ھەردوولا بكات.

ھەروەھا بەرھەم ساڵح و سەرۆكی فەرەنسا بەیەكەوە تاوتوێی گۆڕانكاری و پێشھاتەكانی ناوچەكە و جیھانیان كرد، وێڕایی پێویستی پەیڕەوكردنی دیالۆگ و لێكگەیشتن بۆ چارەسەری تەواوی پرسە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوان گشت لایەنەكان، تاوەكو ئاشتی و سەقامگیری بەرقەرار بێت لە ناوچەكەدا.

News Code 86559

Your Comment

You are replying to: .
captcha