کوردپرێس:
ئەمڕۆ سێشەممە 24-9-2019 لە هەولێر، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ گریگۆرى کوودەر، بەرپرسى نووسینگەى هەماهەنگیى ئاسایشى ئەمریکى لە عێراق کۆ بووەوە و دۆخى ئاسایشى ناوچە کێشە لەسەرەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى عێراقیان تاوتوێکرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا تیشکیان خستەسەر دۆخى پارێزگاى کەرکووک و دەوروبەرى و ناوچەى شنگال و دەشتى نەینەوا، هەروەها جەختیان لە پاراستنى ئاسایش و سەقامگیرى لە تەواوى عێراق کردەوە.
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا ''جەختى لە هاوکارى و هەمانگیى نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و پێویستیی بەشداریى هێزەکانى ئەمریکا لە میکانیزمى هاوبەشى نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق بۆ پاراستنى ئاسایش و سەقامگیرى و رووبەڕووبوونەوەى مەترسییەکانى تیرۆر کردەوە".
هەروەها خۆشحاڵیى خۆى بە کەشى ئەرێنی پەیوەندیى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى عێراق و گفتوگۆى چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەردوولا نیشان دا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە کۆنسوڵى گشتیى ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان و شاندێکى سەربازی تێیدا بەشداربوون، بەرپرسى نووسینگەى هەماهەنگیى ئاسایشى ئەمریکی لە عێراق "ستایشى رۆڵى پێشمەرگەى لە شەڕى دژى تیرۆر کرد و بەردەوامیى پشتگیریى ئەمریکاى بۆ پێشمەرگە و هەرێمى کوردستان نیشاندا".
بەرپرسى نووسینگەى هەماهەنگیى ئاسایشى ئەمریکی لە عێراق، جەختى لە رۆڵى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان و پشتگیرى لە هەوڵەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ یەکخستنى پێشمەرگە و پرۆسەى چاکسازى لە وەزارەتى پێشمەرگە کردەوە.
Your Comment