ئیلهام ئه‌حمه‌د: کوردی سووریا نیگه‌رانه‌ له‌ هێرشی تورکیا و پشتیوانیی سنوورداری ئه‌مریکا

به‌شی جیهان- سه‌رکرده‌یێکی کوردی سووریا ده‌ڵێت هێشتا ئه‌گه‌ری هێرشی سه‌ربازیی تورکیا له‌ئارادایه‌ و ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ ئه‌مریکا پشتیوانییێکی به‌رچاو له‌ کوردی سووریا ناکات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مریکا هاوپه‌یمانی سه‌ره‌کیی کوردی سووریا به‌ ڕێککه‌وتنی ئه‌مدواییه‌ی له‌گه‌ڵ تورکیا له‌سه‌ر دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له‌ باکووری سووریا، هێزه‌ کوردییه‌کانی ناچار کرد که‌ نزیکه‌ی 15 کیلۆمه‌تر له‌ سنووره‌کانی تورکیا دوور بکه‌ونه‌وه‌ و چه‌که‌ قورسه‌کانیان -که‌ ئه‌مریکا ڕاده‌ستیانی کردبوو- بۆ زیاتر له‌ 20 کیلۆمه‌تر دوور له‌ سنووری تورکیا بگوازنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نیگه‌رانییه‌کانی تورکیا چاره‌سه‌ر بکرێت و واز له‌ هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد له‌ باکووری سووریا به‌ درێژاییی 500 کیلۆمه‌تر بهێنێت. تورکیا له‌ چه‌ندین مانگ پێش ئێستادا 80 هه‌زار هێز و که‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی ڕه‌وانه‌ی سنووره‌کان کردووه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر باکووری سووریا.

به‌ڵام ئیلهام ئه‌حمه‌د هاوسه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموکرات لقی سیاسیی هێزی سووریای دیموکرات که‌ له‌لایه‌ن کوردی سووریاوه‌ ئیداره‌ ده‌کرێت هێشتا باس له‌ هێرشی گریمانه‌کراوی تورکیا بۆ سه‌ر کورد ده‌کات.

ناوبراو له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ گۆڤاری فارن پاڵسیدا ئاماژه‌ی به‌ جووڵه‌ی هێزه‌کانی سوپای تورکیا له‌ سنووری تورکیا له‌گه‌ڵ سووریا کرد که‌ ده‌توانێت نیشانه‌یێک بێت له‌ ده‌ست‌پێکردنی به‌مزووانه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی تورکیا.

ئیلهام ئه‌حمه‌د گوتیشی: ئه‌گه‌ر تورکه‌کان بیانه‌وێت ده‌توانن هێرشه‌که‌ ده‌ست پێبکه‌ن.

ئیلهام ئه‌حمه‌د کوردێکی له‌دایکبووی شاری عه‌فرینی باکووری ڕۆژئاوای سووریایه‌ که‌ شاره‌که‌ی سه‌ره‌تای ساڵی 2018 له‌لایه‌ن سوپای تورکیا و به‌رهه‌ڵستکارانی سوپای ئازادی سووریاوه‌ داگیر کرا.

نیگه‌رانیی سه‌ره‌کیی تورکیا له‌باره‌ی کوردی سووریا پشتیوانیی سه‌ربازیی ئه‌مریکایه‌ له‌و هێزانه‌ به‌ڵام ئیلهام ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ کورد هیچ نوێنه‌رێکی له‌ کۆمیته‌ی داڕشتنی ده‌ستووری نوێی سووریا نییه‌ و ئه‌م بابه‌ته‌ش به‌هۆی پشتیوانی نه‌کردنی ئه‌مریکا له‌ کوردی سووریایه‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ کورده‌ی سووریا ده‌ڵێت: کورده‌کان له‌ باکووری سووریا کشاونه‌ته‌وه‌ و سه‌نگه‌ره‌کانیان تێکداوه‌ به‌ڵام له‌ چوارچێوه‌ی ڕێککه‌وتنی نێوان تورکیا و ئه‌مریکا درۆنه‌ سیخوڕییه‌کانی تورکیا ڕۆژانه‌ له‌سه‌ر ئاسمانی ناوچه‌ ئارامه‌که‌ ده‌سووڕنه‌وه‌ و ئه‌مه‌ش به‌ مانای به‌رده‌وامیی هه‌هڕه‌شه‌ی سه‌ربازیی تورکیایه‌ دژی کورده‌کان.

ئیلهام ئه‌حمه‌د ته‌ئکیدی کرد: تا ئه‌و کاته‌ی که‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌کان له‌ هه‌ردوولای سنووره‌که‌ نه‌کشێنه‌وه‌ ناتوانین بڵێین که‌ مه‌سه‌له‌ چاره‌سه‌ر کراوه‌ و دۆخه‌که‌ ئاسایی بۆته‌وه‌.

به‌رپرسه‌ کورده‌که‌ی سووریا باسی له‌ نیشته‌جێ‌کردنی 3 ملیۆن ئاواره‌ی سووریی دانیشتووی تورکیا له‌ ناوچه‌ی ئارامی باکووری سووریا کرد و گوتی: زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ له‌ باکووری سووریا له‌دایک نه‌بوونه‌ تا له‌و شوێنه‌ نیشته‌جێ بکرێن و ئه‌گه‌ر ئه‌و ئاوارانه‌ له‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد له‌ باکووری سووریا نیشته‌جێ بکرێن کورده‌کان ناچار ده‌بن ناوچه‌که‌ به‌جێبهێڵن.

ئیلهام ئه‌حمه‌د دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له‌ باکووری سووریا به‌ هه‌نگاوێکی ئه‌رێنی له‌پێناو چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان ده‌زانێت و ته‌ئکیدی کرده‌وه‌ که‌ مانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌و ناوچه‌یه‌ زامنی جێبه‌جێ‌کردنی ئه‌و بابه‌ته‌یه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86545

Your Comment

You are replying to: .
captcha