هەوڵەکان بۆ نەمانی گرژی لەنێوان یەکێتی و پارتی چڕ بوونەتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە چەند رۆژی رابردوودا گرژی لەنێوان پارتی و یەکێتی دروست بووە، بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی هەردوولا و خەڵکیش، شاندێکی پارتی سەردانی یەکێتی دەکات لە هەولێر.

کوردپرێس: رێباز بێركۆتی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئێوارە ڕۆژی دووشەممە، 23-9-2019 شاندێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەكات. سەردانەكە بۆ ئاسایی بوونەوەی ئەو گرژیانەیە كە لە چەند رۆژی رابردوودا لەنێوان یەكێتی ‌و پارتی دروست بوون".

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگاری هەولێر، باسی لەوەش كرد شاندەكەی پارتی لەلایەن سەعدی پیرە‌ و ئەرسەلان باییز، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ‌و شاڵاو كۆسرەت رەسوول، وەزیری پێشووی ئاوەدانكردنەوە پێشوازییان لێ دەكرێت.

رۆژی پێنجشەممە 19-9-2019 لە بازگەی سماقووڵی كێشەیێک لەنێوان مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و ئاسایشی بازگەكە دروست بوو، یەكێتی دەڵێت رێگریی لێكراوە بچێتە هەولێر، بەڵام پارتی دەڵێت چەند پرسیارێكی لێكراوە و خۆی گەڕاوەتەوە.

ئەو پرسە كاردانەوەی زۆری لەلایەن یەكێتییەوە بەدوای خۆیدا هێنا و مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە نامەیێكدا بۆ مەسعوود بارزانی داوای روونكردنەوەیان لێكردووە. بەرەبەیانی هەیینیش بەرپرسانی پارتی لە سلێمانی رایانگەیاند، لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە تەقە لە بارەگای لقی چواری پارتی كراوە، رووداوەکان کاردانەوەی دیکەیان لێکەوتەوە و شەوی 20-9-2019 لە هەولێر تەقە لە هەردوو بارەگای كۆمیتەی 4 و 5ی یەكێتی كرا، کە ئەوەندەی دیكە گرژی لەنێوان ئەو دوو حیزبە دروست كرد.

رۆژی 23-9-2019 ئاسایشی سلێمانی راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و راگەیاند "ئەو كەسەی تەقەی لە لقی چواری پارتی كردووە، لەگەڵ هاوكارەكانی دەستگیر كراوە". هاوكات بە گوتەی رێباز بێركۆتی ئەو كەسانەی تەقەیان لە كۆمیتەكانی یەكێتی كردووە لە شاری هەولێر، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراون.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 86539

Your Comment

You are replying to: .
captcha