ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکاندایە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- رۆژی دووشەممە 2019/9/23 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوو دیداری جیاجیادا پێشوازیی لە مێجەر جەنەڕال ئیریک هیل، فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندێکی سەربازی ئەمەریکی کرد بە سەرۆکایەتی جەنەراڵ گریگۆری کرودەر.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە دیداری یەکەمدا کە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و ستیڤن فەیگن کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر ئامادەی بوون، گفتوگۆ دەربارەی دوا پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە کرا. بەتایبەتی هەماهەنگی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی بەگشتی کرد بۆ هاوکارییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە و ئاماژەی بە هەماهەنگی باشی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عیراقییەکان کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.

لە بارەی پەیوەندی لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵیش جەختی لەوە کردەوە کە گفتوگۆکانمان لە سەر چەندین ئاست بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور. گوتیشی گەیشتن بە رێککەوتن لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی عێراقە.

لە دیدار لەگەڵ فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا دا، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە کرد، داعش هێشتاش لە چەند ناوچەیێکی عێراق هەڕەشەیێکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی خەڵک و ئاستەنگە لە بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان.

گوتیشی: هەماهەنگییێکی باش لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.

لەبارەی گفتوگۆی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیش، سەرۆکی حکوومەت روونی کردەوە، ئاماژەی ئەرێنیمان لە بەغدا پێگەیشتووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان لە سەر بنەمای دەستوور.

فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هێزی هاوپەیمانانیش خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر ئەو هەماهەنگیەی لە نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان هەیە نیشان دا و ئامادەییشی بۆ پێشکەش کردنی هەر هاوکارییێكی پێویست دەربڕی.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News ID 86537

Your Comment

You are replying to: .
captcha