كوردێک له‌سه‌ر ئه‌ردۆغان 12 ساڵ زیندانی ده‌كرێت

به‌شی تورکیا- لقی 2ی دادگه‌ی سزا قورسه‌کانی وان به‌ تۆمه‌تی بێڕیزی کردن به‌ سه‌رۆک کۆماری تورکیا حوکمی 12 ساڵ و 3 مانگ زیندانی بۆ به‌کارهێنه‌رێکی کوردی تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌رکرد.

کوردپرێس:

ساڵی 2014ی زایینی دادستێنی پارێزگای وان به‌ تۆمه‌تی "سووکایه‌تی به‌ ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا" په‌ڕاوی لێکۆڵینه‌وه‌ی بۆ بورهان بۆراک هاووڵاتییێکی کوردی ئه‌و پارێزگایه‌ کرده‌وه‌ له‌به‌ر 7 بڵاوکراوه‌ی له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا و له‌ دۆسیه‌که‌دا داوای 1 ساڵ و 9 مانگ تا 12 ساڵ و 3 مانگ زیندانی بۆ ناوبراو کردبوو.

ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 22ی ئه‌یلوولی 2019 دادگه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی دۆسیه‌که‌ی بۆراک له‌ لقی 2ی دادگه‌ی سزا قورسه‌کانی وان به‌ڕێوه‌ چوو و دادوه‌ریش حوکمی 12 ساڵ و 3 مانگ زیندانی بۆ هاووڵاتییه‌که‌ی وان بڕییه‌وه‌.

پاش ده‌رکردنی حوکمه‌که‌ بورهان بۆراک گوتی: سه‌رجه‌م ئه‌و بابه‌تانه‌ی که‌ له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بڵاوم کردۆته‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئازادیی ڕاده‌ربڕیندا بوونه‌ به‌ڵام به‌ جۆرێکی‌تر خوێندنه‌وه‌یان بۆ بابه‌ته‌کان کردووه‌ و حوکمێکی قورسیشیان ده‌رکردووه‌. له‌ دادستێن و دادوه‌ر که‌ ئه‌م حوکمه‌یان ده‌رکردووه‌ ده‌پرسم: ویژدانتان ئاسووده‌یه‌؟ ئه‌م حوکمه‌تان له‌ژێر گوشار چ که‌سانێک ده‌رکرد؟ له‌ وڵاتێکدا که‌ ده‌زگایێکی دادی سه‌ربه‌خۆ نییه‌ ده‌رکردنی حوکمێکی وا جێی سه‌رسوڕمان نییه‌.

سه‌رچاوه‌: ئاژانسی مێزۆپۆتامیا

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86522

Your Comment

You are replying to: .
captcha