کوردپرێس:
ڕۆژی شه‌ممه 21ی ئه‌یلوولی 2019 له هوتێل چوارچرای شاری هه‌ولێر دووه‌م كۆڕبه‌ندی سه‌كۆی به‌شداریی گشتیی چاكسازی له هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه چوو که ئینستیتیوتی ڕیفۆرم بۆ گه‌شه‌پێدان ڕێکیخستبوو و تێیدا ژماره‌یێک توێژینه‌وه‌ی تایبه‌ت به چاكسازی خرایه‌ڕوو.
له كۆڕبه‌نده‌كه‌دا پانێلێک به‌ناونیشانی "چاكسازی به‌ره‌و كوێ؟ زه‌مینه و به‌ربه‌رسته‌كانی" بۆ هه‌ریه‌كه له عه‌لی حه‌مه ساڵح نوێنه‌ری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان، دكتۆر محه‌مه‌د ڕێكانی ئه‌ندامی داواكاریی گشتی و تانیا جه‌مال غه‌ریب ئه‌ندامی په‌یمانگای ناوین و نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی ڕێکخرا که عه‌لی حه‌مه‌ساڵح له وته‌كانیدا ئاشکرای کرد كه 48%ی هه‌موو بودجه‌ی به‌كارخستن كه مووچه ده‌گرێته‌وه بۆ وه‌زاره‌ته‌كانی پێشمه‌رگه و ناوخۆ ده‌ڕوات به‌ڵام له هه‌رێمی كوردستان 120 كۆمپانیای ئه‌منی هه‌یه که به شێوه‌یێک كار ده‌كه‌ن گه‌نجی بێكاریان به‌كرێ گرتووه به پاره‌یێكی كه‌م و خۆشیان زیاده‌كه‌ی وه‌رده‌گرن و به‌و شێوه‌یه داهاتی مانگانه‌یان نزیكه‌ی یه‌ک ملیۆن دۆلاره و ڕوون و ئاشكرایه كه ئه‌و كۆمپانیایانه هی به‌رپرسه‌كانی هه‌رێمی كوردستانن.
ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد كه ئێستا ده‌یان دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی و بندیوار له وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و پێشمه‌رگه له به‌رده‌ستدان و به‌رپرسی ئه‌منی هه‌یه 80 مووچه‌ی بندیواره‌كانی وه‌رده‌گرێت و ده‌وامیان پێناكات بۆیه پێویسته ده‌ست بۆ دۆسیه‌ی چاكسازی ببه‌ین و له شته بچووكه‌كانه‌وه ده‌ست پێبكه‌ین ئینجا بگه‌ینه خاڵی ده‌ستبردن بۆ دۆسیه‌ی نه‌وت.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment