بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرەڕای ڕێکەوتنی ئەمەریکا و تورکیا لەسەر پێکهێنانی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا و هەندێک هەنگاوی هێزە کوردەکان وەکوو کشانەوە لەسەر سنووری تورکیا و گەشت کردنی هاوبەشی ئەمەریکا و تورکیا لە ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکانی سووریا، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان هێشتا هەوڵەکانی ئەمەریکای پێبەس نییە. سەرۆکی تورکیا جەختی کردۆتەوە لە ئایندەیێکی نزیکدا هێرش دەکەنە سەر ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کوردانی سووریا.
بەڵام ژمارەیێک لە دیپلۆماتکارە پێشووەکانی تورکیا بڕوایان وایە ئەنقەرە دژ بە کوردەکانی سووریا هیچ هەڵمەتێکی سەربازی ئەنجام نادات.
فارووق لوئۆغڵۆ، دیپلۆماتی باڵای پێشووی تورکیا بە ئاژانسی شین هۆوای چینی وتووە کەشی ئێستا هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردەکانی سووریا قبووڵ ناکات و چاوەڕوان ناکرێت ئەو هێرشە ڕووبدات.
ناوبراو زیادی کرد: کوردەکانی سووریا دژ بە ئاوا هێرشێک دەوەستن و حکوومەتەکانی سووریا و ئەمەریکاش دژی هێرشی تورکیان.
جیهاد ئەرمەغان دیلک، پلەداری پێشووی سوپای تورکیا دەڵێت بە ئاوڕدانەوە لەوەی کە تورکیا پێویستی بە هاوکاری و هاوڕایی ئەمریکا هەیە بۆ پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ئابووری و باشتر بوونی دۆخەکە و ئەمریکاش دژی هێرشی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا دژ بە کوردەکانە، ئەگەری ڕوودانی ئەم هێرشە سیفرە.
دیلیک جەخت دەکاتەوە هەڕشەکانی ئەردۆغان بۆ ڕاکێشانی پشتگیریی ئابووریی زیاتری ترەمپە. ڕەنگە وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتگیریی ئابووری زیاتر لە تورکیا بکەن. لە هەرحاڵدا ئەگەری هێرشی سەربازیی تورکیا بۆ سەر کوردەکانی سووریا زۆر کەمە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment