کوردپرێس:
ڕۆژی شه‌ممه 21ی 9ی 2019 به بۆنه‌ی ده‌ست پێکردنی ساڵی نوێی خوێندن مه‌سروور بارزانی سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له شاری دهۆک زه‌نگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا و وتارێکی پێشکه‌ش کرد.
سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له وتارێکدا پیرۆزبایی له قوتابیان کرد و ڕایگه‌یاند: "خۆشحاڵم که ئه‌مڕۆ لێره زه‌نگی ده‌ستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2019-2020 لێده‌ده‌م و ده‌ستپێکردنی ئه‌مساڵی خوێندن ڕاده‌گه‌یه‌نم. به‌و بۆنه‌یه‌وه پیرۆزباییتان لێده‌که‌م و هیوای سه‌رکه‌وتنان بۆ ده‌خوازم. بێگومان وه‌به‌رهێنان له خوێندن و توانای مرۆیی و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی خوێندن و زانست و دابینکردنی پێداویستیه‌کانی خوێندنی هاوچه‌رخ، هه‌روه‌ها ڕۆڵی ئه‌رێنیی خێزان و دایک و باوکان له پێگه‌یاندنی جگه‌رگۆشه‌کانمان هۆکاری زۆر گرنگ و سه‌ره‌کین بۆ پێشخستنی بواری په‌روه‌ده و فێرکردن و به‌دیهێنانی ئاینده‌یێکی گه‌ش بۆ نه‌وه‌کانمان."
ناوبراو ڕاشیگه‌یاند: "یه‌کێک له ئه‌رکه گرنگ و له پێشینه‌کانی کابینه‌ی نۆیه‌می حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان گرنگیدانه به په‌روه‌رده و خوێندن و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی قوتابخانه‌کانمان به تایبه‌تی قوتابخانه حکومییه‌کان. هه‌روه‌ها هه‌وڵ ده‌ده‌ین پێداویستییهکانیخوێندنێکی سه‌رده‌میانه ده‌سته‌به‌ر بکه‌ین. وه‌ک دروست کردنی قوتابخانه‌ی تازه چونکه به‌پێی به‌داواچوونی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان هه‌رێمی کوردستان پێویستی به 35 هه‌زار پۆلی دیکه هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له کێشه‌ی چه‌ند ده‌وامی ڕزگاری بێت و قوتابییه خۆشه‌ویسته‌کانیشمان له قوتابخانه‌ی شیاودا بخوێنن. لێره‌دا به پێویستی ده‌زانم داوا له سه‌رمایه‌دار و وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان بکه‌م که ڕۆڵی نیشتمانپه‌روه‌رانه‌ی خۆیان بگێڕن و له‌م هه‌ڵمه‌ته گرنگه‌ی کردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ی نوێ به‌شدار بن."
مه‌سروور بارزانی سوپاسی مامۆستایانیشی کرد که به‌هۆی قه‌یرانی دارایییه‌وه هۆڵه‌کانی خوێندنیان جێنه‌هێشت و گوتی: "وه‌ک ده‌زانن هه‌رێمی کوردستان له ساڵانی ڕابردوودا ڕووبه‌ڕووی شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش و بارودۆخێکی سه‌ختی ئابووری بووه‌وه به‌ڵام خۆشبه‌ختانه سه‌رباری ئه‌و دۆخه ناله‌باره‌ش به‌ڵام پرۆسه‌ی خوێندن به‌رده‌وام بوو بۆیه لێره‌دا به پێویستی ده‌زانم سوپاسێکی گه‌رمی مامۆستایانی به‌ڕێز بکه‌م بۆ خۆڕاگری و قوربانیدانیان که نه‌یانهێشت کاروانی خوێندن بوه‌ستێت. حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش هه‌موو هه‌وڵێکی ده‌خاته‌گه‌ڕ بۆ باشترکردنی ژیان و گوزه‌رانی مامۆستایان و ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی له‌بار و گونجاو بۆ گه‌شه‌پێدانی که‌رتی په‌روه‌رده و خوێندن که ئامانجی دروست کردنی نه‌وه‌یێکی داهێنه‌ر بێت له‌سه‌ر بنه‌مای خۆشویستن و خزمه‌ت کردنی نیشتمان و جارێکی دیکه‌ش پیرۆزبایی ده‌ست پێکردنی ساڵی نوێی خوێندنتان لێده‌که‌م و هیوای سه‌رکه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم."
سه‌رچاوه: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment