کوردپرێس:
شاری نشڤیلی ئه‌مریکا به بۆنه‌ی حه‌شیمه‌تێکی زۆری کورده‌وه که نزیکه‌ی 20 هه‌زار که‌س خه‌ملێندراوه به "کوردستانی بچووک" ناوبانگی ده‌رکردووه. زۆربه‌ی کورده‌کانی دانیشتووی ئه‌و شاره کوردی عێراقن که له ده‌یه‌ی 1970 و 1980 و به دوای سه‌رکوت‌کردنی کورد له‌لایه‌ن ڕژێمی سه‌دامه‌وه به‌ره‌و ئه‌مریکا و وڵاتانی‌تر کۆچیان کردووه.
گۆڤاری نشڤیل سینی ئه‌مریکا ڕاپۆرتێکی له‌باره‌ی چالاکییه کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، مه‌زه‌بی و ئابوورییه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردزمانی شاری نشڤیلی ئه‌مریکا ئاماده کردووه.
پێش له هه‌ر شتێک ده‌بێ بڵێین که حکوومه‌تی خۆجێیی به بۆنه‌ی زۆر بوونی ژماره‌ی کورده‌کانی ئه‌و شاره ڕه‌زامه‌ندیی خۆی له‌گه‌ڵ وانه‌وتنه‌وه‌ی زمانی کوردی له پۆلی ناوه‌ندی نیشان دا. بڕیار بوو له ساڵی خوێندنی نوێ‌دا زمانی کوردی له ژماره‌یێک له قوتابخانه‌کانی شاری نشڤیل بوترێته‌وه به‌ڵام هه‌ندێک کێشه وه‌ک که‌م‌بوونی ژماره‌ی قوتابییان، نه‌بوونی مامۆستا و بودجه‌ی که‌م دواکه‌وتنی به‌رنامه‌که‌ی لێکه‌وته‌وه.
گۆڤاری نشڤیل سین ده‌نووسێت: کورده‌کانی دانیشتووی نشڤیل چالاکییێکی زۆریان له بوارگه‌لی جۆراوجۆری ئابووری هه‌یه و ته‌نانه‌ت ژوورێکی بازرگانییان پێکهێناوه. کورده‌کان هه‌وڵ ده‌ده‌ن په‌یوه‌ندییێکی به‌رده‌وامیان له‌گه‌ڵ ژووری بازرگانیی دیکه‌ی پێکهاته‌کان بێت و یارمه‌تی به ڕه‌ونه‌قی ئابووری بده‌ن.
ئه‌م گۆڤاره پێی وایه که چالاکیی کورده‌کانی دانیشتووی کوردستانی بچووک له حه‌وزه‌ی سیاسه‌تدا زۆر که‌مه و ده‌نووسێت: له ڕاستیدا ناتوانین کورده‌کان له پشت کورسیی فه‌رمانگه‌کانی شاری نشڤیل ببینین.
به‌م حاڵه‌شه‌وه چه‌ندین ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ژماره‌یێک له کورده‌کانی دانیشتووی نشڤیل بوونه ئه‌ندامی پۆلیس له‌و شاره‌دا.
کورده‌کان ناوه‌ندی سه‌ڵاحه‌دینیان دامه‌زراند و به‌و کاره‌وه بره‌ویان به کلتووری کورد و باوه‌ڕی مه‌زهه‌بی خۆیان دا. کورده‌کان هاوکات له‌گه‌ڵ دروست‌کردنی ناوه‌ندی سه‌ڵاحه‌دین مزگه‌وتێکیان دروست کرد که مزگه‌وته‌که ڕۆژانی هه‌ینی ده‌بێته شوێنی کۆبوونه‌وه‌ی کورد و تێیدا ڕاگۆڕینه‌وه له بواره فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌که‌ن.
کورده‌کان چه‌ندین ڕیستۆرانتیان له شاری نشڤیل دامه‌زراندووه که تێیاندا خۆراکی خۆماڵی پێشکه‌ش ده‌که‌ن و نانی خۆماڵیشی تێیدا دروست ده‌کرێت که نانی خۆماڵیی کوردی بۆته‌هۆی ڕاکێشانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگه‌کانی دانیشتووی نشڤیلی به‌ره‌و فه‌رهه‌نگ و دابونه‌ریتی خوارده‌مه‌نییه کوردییه‌کان.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment