کوردپرێس:
له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوو و له‌گه‌ڵ هاتنی به‌لێشاوی په‌نابه‌رانی کوردی سووریا بۆ هه‌رێمی کوردستان چه‌ندین قوتابخانه‌ی تایبه‌ت بۆ خوێندنی ئه‌وان له هه‌رێم له‌به‌رچاو گیرابوو و منداڵانی کوردی سووریا ده‌یانتوانی له‌و قوتابخانانه به پرۆگرامی خۆیان په‌ره به خوێندن بده‌ن به‌ڵام ئه‌مساڵ پێنج قوتابخانه‌ی منداڵانی کوردی سووریا له هه‌ولێر به‌هۆی ڕاگرتنی هاوکارییه‌کانی UN و یۆنسف داخران. ئه‌و قوتابخانانه‌ی بڕیاری داخستنیان دراوه ئه‌مانه‌ن: قوتابخانه‌ی گرێسپی له شارۆچکه‌ی داره‌توو، قوتابخانه‌ی سه‌رێكانێ له سێبه‌ردان، قوتابخانه‌ی به‌درخان له شاوێس و قوتابخانه‌ی دیلۆک له قه‌زای بنه‌سڵاوه (ده‌شتی هه‌ولێر) و قوتابخانه‌یێکی دیکه‌ش له سنووری که‌سنه‌زان.
قوتابخانه‌ی منداڵانی کوردی سووریا له هه‌رێم له‌لایه‌ن ڕێکخراوه‌کانی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و یۆنسفه‌وه پشتیوانی‌یان لێده‌کرا به‌ڵام له ئێستادا 5 قوتابخانه‌که داخراون و بڕیاری داخستنی قوتابخانه‌کان بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه چیدی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و ڕێکخراوی یونسێف ناتوانن هاوکاریی ماددیی ئه‌و قوتابخانانه بکه‌ن.
مامۆستا سابیر نانه‌که‌لی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی ده‌شتی هه‌ولێر به تۆڕی میدیاییی ڕووداوی ڕاگه‌یاند: "پێنج قوتابخانه‌ی تایبه‌ت به قوتابییانی کوردی سووریا له سنووری په‌روه‌رده‌ی ده‌شتی هه‌ولێر داده‌خرێن و ته‌نیا قوتابخانه‌کانی نێو کامپه‌کان ده‌مێننه‌وه به‌ڵام ئه‌وانه‌ی دیکه‌ی تایبه‌تن به کوردانی سووریا و له ده‌ره‌وه‌ی که‌مپه‌کانن داده‌خرێن."
هاوکات به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی ده‌شتی هه‌ولێر گوتی: "ئه‌و پێنج قوتابخانه‌یه هێشتا به ته‌واوی دانه‌خراون و چاره‌نووسیان به هه‌ڵپه‌سێراوی ماوه‌ته‌وه و بڕیاره هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌ره‌کان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی په‌روه‌رده کۆ ببینه‌وه و له کۆبوونه‌وه‌که‌دا له‌وباره‌یه‌وه گفتوگۆ بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بزانین چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بکرێت و چ میکانیزمێک بگیردرێته به‌ر."
شایانی باسه؛ له هه‌رێمی کوردستان 32 هه‌زار و 900 قوتابیی کوردی سووریا هه‌ن که 16400 قوتابی له هه‌ولێر، 4000 قوتابی له سلێمانی و 12 هه‌زار و 500 قوتابی دیکه‌ش له دهۆکن.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment