نێچیرڤان بارزانی لە بارەی گشتپرسی وەڵامی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەداتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رای گەیاند: "ئەگەر بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیانەوێت عێراق سەقامگیر بێت، دەبێت عێراق زۆر جددی و زۆر بە پەرۆش بێت لە جێبەجێ کردنی دەستوور.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەڤانیدا لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە بارەی گشتپرسی وەڵامی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراقی دایەوە و وتی: دەستوور بۆ ئێمە یەک پاکێجە و لە ماددەی یەکەمەوە تا کۆتایی دەبێت هەمووی بە یەکەوە جێبەجێ بکرێت، ناکرێت تەنیا ئەو ماددانە جێبەجێ بکەن کە خۆیان دەیانەوێت، ئێمە پێمان وایە ئەگەر دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت هیچ کێشەیێک لەم وڵاتە نامێنێت، تەنانەت ئەگەر دەستوور جێبەجێ کرابا پێویستی بە ئەنجام دانی گشتپرسیش نەدەکرد.

بارزانی گوتیشی: بڕیاری دادگای فیدراڵی کۆتاییە و هەڵ ناوەشێتەوە، بەداخەوە ئەوان تاکلایەنە بڕیارەکەیان داوە.

لە بارەی مووچە و بودجەش سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: ئەولەویەتی ئێمە ئەوەیە مووچە دابین بکەین، ئەوەی پێمان کراوە کردوومانە و لە داهاتووشدا بەپێی داهات دابینی دەکەین، لەگەڵ بەغداش لە بارەی بودجە لە سەر خەتین، بەڵام لە پڕۆژەیاسای بودجە زوڵمێکی زۆر لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکرێت، زوڵمێکی وا دەکرێت کە تەسەور ناکرێت و بەهەموو شێوەیێک زووڵمە، گەڕانەوەی پڕۆژەیاسای بودجەش لە پەرلەمانەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران دەرفەتێکە، هیوادارم زوڵمەکە نەهێڵدرێت.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەش کە حەفتەی رابردوو ئێوە رێزتان لە راڤەی دادگای فیدراڵی گرت بۆ ماددەی یەکەمی دەستوور، ئایا رێز لە بڕیارەکەی ئەمڕۆش دەگرن کە گشتپرسی بە نادەستووری لە قەڵمداوە رای گەیاند: دەبێت سەرجەم لێکەوتە و ئەنجامەکانی هەڵبووەشێنەوە، نێچیرڤان بارزانی گوتی: مافی کورد لە دەستوور جێگیرکراوە، هیچ یاسا و ماددەیێک ناتوانێت تێکی بدات، ئەگەر دەستوور جێبەجێ بکرێت هیچ کێشە و گرفتێک لە نێوان هەولێر و بەغدا نامێنێت.

لە وەڵامی پرسیارێک ئایا هەواڵی خۆش هەیە، نێچیرڤان بارزانی رای گەیاند: راستە قۆناخێکی سەختە، بەڵام بەیەکگرتوویی ئەم قۆناخە سەختە تێدەپەڕێنین، پێویستە وەکوو میللەت و وەکوو حیزبەکان لە سەر هەندێک پڕەنسیپ رێک بکەوین، راستە قۆناخەکە سەختە، بەڵام دەرفەتێکیشە بۆ بەخۆداچوونەوە، ئەم وڵات و میللەتە هەر دەمێنێت، بەدڵنیاییشەوە بە مافەکانی دەگات.

لە بارەی داخستنی فڕۆکەخانەکانیش وتی: پێشێلکارییێکی نادەستووری، نایاسایی و نامرۆڤانەیە، ئەگەر دەیانەوێت بزانن ئێمە لە فڕۆکەخانەکان چی دەکەین، فەرموون با بێن ئێمە ئامادەین، بەڵام داخستنیان پێشێلکارییێکی مرۆڤایەتییە.

سەرچاوە: تۆڕی میدیاییی ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 8643

Your Comment

You are replying to: .
captcha