سەرۆک کۆماری عێراق گەیشتە هەولێر/ ئایا لەگەڵ مەسعوود بارزانی دیدار دەکات؟

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرهەم ساڵح سەرکۆماری عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکوومەتی عێراقی گەیشتە پایتەختی هەرێمی كوردستان و بڕیارە لەگەڵ مەسعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی دیدار بکات.

کوردپرێس:

کاتژمێر 4:00ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەمە 17ی ئەیلوولی 2019 بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکوومەتی عێراق بە فڕۆکە تایبەتەکەی گەیشتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێری پایتەخت، و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێكرا و بڕیارە دوای كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكی هەرێم سەردانی سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستانیش بکات.

بەرهەم ساڵح لەسەر ئاستی باڵای ھەرێمی كوردستان پێشوازیی لێدەكرێت و ئاژانسی هەواڵی خەندان ڕایگەیاندووە لەگەڵ مەسعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی کوردستان كۆ دەبێتەوە.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە سەردانی شاندی عێراق بە سەرۆکایەتیی بەرهەم ساڵح رایگەیاند، "سەردانی سەرۆک کۆمار سەردانێکی ئاساییە و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەت کۆ دەبێتەوە و پێشهاتەکانی ناوچەکە و عێراقیش گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، "هەروەها ئەو کەشوهەوایەی لەم دواییانە لەنێوان هەولێر و بەغدا بەشێوەیێکی ئەرێنی لە قەڵەم دەدرێت گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت و رۆڵی خودی بەڕێز سەرۆک کۆمار چی دەبێت کە بتوانێت ئەو هەنگاوانە زیاتر بەرەو پێشەوە ببات باس دەکرێت".

سەردانی ئەمڕۆی سەرۆک کۆمار دەبێتە دوەم سەردان بۆ هەولێری پایتەخت دوای ئەوەی کۆتایی ساڵی رابردو لە پەرلەمانی عێراق بە سەرۆک هەڵبژێردرا.

سەردانی پێشووی سەرۆککۆماری عێراق بۆ هەولێر10ی حوزەیرانی ئەمساڵ بوو کە بەرهەم ساڵح بۆ بەشداری کردن لە رێڕەوسمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە هەولێری پایتەخت.

News Code 86398

Your Comment

You are replying to: .
captcha