کوردپرێس:
مانگی جوونی ساڵی 2014 گرووپی تیرۆریستیی داعش له ڕێگای داگیرکردنی مووسڵ خۆی وه‌ک هێزێکی میلیشیاییی ده‌سه‌ڵاتدار پیشان دا و دواتر ناوچه کوردنشینه‌کانی عێراق و سووریای کرده ئامانج. هێرشی داعش بۆ سه‌ر کۆبانێ له باکووری سووریا و شنگال له باکووری عێراق یه‌ک له هێرشه خافڵگیرانه‌کانی ئه‌و گرووپه تیرۆریستییه بوو. داعش له کاتی کردنه‌ئامانجی کۆبانێ له نزیکه‌ی سنووری تورکیا توانیی نزیکه‌ی 80 له‌سه‌دی ئه‌و شاره داگیر بکات. هاوکات له‌گه‌ڵ پێکهاتنی هێزی هاوپه‌یمانێتیی دژه‌داعش به سه‌رکردایه‌تیی ئه‌مریکا، هێزی کوردی سووریا به‌رخۆدانێکی بێ‌وێنه‌یان کرد به شێوه‌یێک که به‌رخۆدانی خه‌ڵکی ئه‌و شاره له به‌رانبه‌ر هێرشی داعش له‌گه‌ڵ به‌رخۆدانی خه‌ڵکی ڕووسیا له شاری لنینگراد له به‌رانبه‌ر ئه‌ڵمانییه‌کان به‌راورد ده‌کرا.
برێت مه‌کگۆر نوێنه‌ری پێشووی ئه‌مریکا له هاوپه‌یمانێتیی دژه‌داعش له پانێلێکدا که له په‌یمانگای برۆکینز به‌ڕێوه چوو شه‌ڕی کورد له کۆبانێ به خاڵی وه‌رچه‌رخانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش له سووریا وه‌سف کرد چوونکه ناوبراو پێی وایه که ئه‌گه‌ر کورد کۆبانێ له‌ده‌ست بدابا داعش به‌هێزتر ده‌بوو به شێوه‌یێک که ئه‌و ئه‌گه‌ره له‌ئارادا بوو که ئه‌وان تا ئه‌مڕۆش ئاماده‌بوونێکی به‌رچاویان له سووریا ببێت.
نوێنه‌ری پێشووی سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا له هاوپه‌یمانێتیی دژه‌داعش شه‌ڕی کۆبانێ به‌م شێوه‌یه وه‌سف ده‌کات و ده‌ڵێت: کورد له به‌رانبه‌ر داعش به‌رخۆدانێکی بوێرانه‌ی ئه‌نجام دا و هاوپه‌یمانێتیی دژه‌داعشیش که پێکهێنرابوو له ئاسمانه‌وه مۆڵگه‌کانی داعشی به توندی ده‌کرده ئامانج.
ناوبراو ته‌ئکیدی کرده‌وه که ئه‌گه‌ر کۆبانێ له ساڵی 2014 بڕووخابا کورد و هاوپه‌یمانان نه‌یانده‌توانی کۆتایی به خه‌لافه‌تی داعش له سووریا بهێنن.
جان ئاڵن به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یمانگای برۆکینز که ساڵی 2014 هاوشانی برێت مه‌کگۆرک ده‌ورێکی کارای له دامه‌زراندنی هاوپه‌یمانێتیی دژه‌داعش گێڕا به‌رخۆدانی کورد له به‌رانبه‌ر داعش له شاری کۆبانێ ستایش ده‌کات.
ناوبراو و برێت مه‌کگۆرک له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه ته‌ئکید ده‌که‌نه‌وه که به‌رخۆدانی کورده‌کانی کۆبانێ بوویه‌هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌مریکا کوردی سووریا وه‌ک هاوکار و هاوپه‌یمانی خۆی له سووریا هه‌ڵبژێرێت.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment