فوئاد حسێن: بنیادنانه‌وه‌ی ناوچه‌ ئازادکراوه‌کانی عێراق پێویستى به‌ 88 ملیار دۆلاره‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وه‌زیری داراییی عێراق ته‌ئکیدی کرده‌وه‌ که‌ بنیادنانه‌وه‌ی ناوچه‌ ئازادکراوه‌کانی ژێر ده‌ستی تیرۆریستانی داعش پێویستی به‌ ده‌یان ملیار دۆلاره‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 16ی ئه‌یلوولی 2019 فوئاد حسێن وه‌زیری دارایی و جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی له‌ وته‌یێکدا له‌ کۆنگره‌ی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ له‌ شاری به‌غدا له‌ژێر ناوی "هاوکاریی ئابووری بۆ ئاشتی و ڕسکانه‌وه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین" گوتی: عێراق پێویستى به‌ 88 ملیار دۆلار هه‌یه‌ بۆ بنیادنانه‌وه‌ى ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان و تا ئێستاش زیاتر له‌ ملیۆنێک و 500 هه‌زار ئاواره‌ له‌ وڵاتدا هه‌یه‌".

ناوبراو که‌ ئه‌ندامێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستانه‌ جه‌ختی كرده‌وه‌: عێراق شه‌ڕى مانه‌وه‌ى كرد دژى دوژمنێكى دڕنده ‌و بێ‌ڕه‌حم وه‌ک ڕێكخراوى داعش كه‌ یه‌ک له‌سه‌ر سێى عێراقى داگیر كرد و بووه‌هۆى وێرانكردنى چه‌ندین شار و ژێرخانه‌كانیان.

فوئاد حسێن وتیشى: "بڕى پاره‌ی پێویست بۆ بنیادنانه‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه‌ 88 ملیار دۆلاره‌، هه‌روه‌ها به‌هۆى تیرۆره‌وه‌ ملیۆنان كه‌س ئاواره ‌بوون و به‌پێى سه‌رژمێریه‌كانیش تا ئێستا ملیۆنێک و 500 هه‌زار كه‌س ده‌ربه‌ده‌رن و هه‌زاره‌هاش بێسه‌روشوێنن، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وانه‌ى ژیانیان له‌ده‌ست دا و كه‌مئه‌ندام بوون".

وه‌زیرى داراییی عێراق باسى له‌وه‌ كرد که‌ ده‌ستیان كردووه‌ به‌ چاكسازى و چه‌ندین ڕێوشوێن گیراونه‌ته‌به‌ر بۆ تازه‌كردنه‌وه‌ى سیستم و گۆڕین له‌ میكانیزمی كاركردنى سه‌ر كاغه‌ز بۆ سیستمى ئه‌لیكترۆنى، پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2020ش له‌سه‌ر بنه‌ماى پرۆژه‌كان و ئه‌دا بنیاد نراوه‌ له‌برى شێوازه‌ كۆنه‌كه‌ كه‌ نوێنه‌ران و شاره‌زایانى نێوده‌وڵه‌تى و په‌رله‌مانى عێراق و حكوومه‌ته‌ ناوخۆییه‌كان و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌شدارییان تێدا كردووه‌.

سه‌رچاوه‌: سۆمه‌ریه‌ نیوز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86382

Your Comment

You are replying to: .
captcha