پەرلەمانی كوردستان لە دادگای فیدراڵی سكاڵا دژی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان تۆمار دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پەرلەمانی کوردستان دژی مادەی 16ی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان سکاڵا بۆ دادگای فیدراڵی بەرز دەکاتەوە لەبەر ئەوەی مافی ئاوارەکان لە دەنگدان دەفەوتێت.

کوردپرێس:

لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانی پەرلەمانی كوردستان لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵای دژی ماددەی 16ـی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان تۆمار كرد.

بەپێی ئەو ماددەیە بێت، دەبێت هەموو كەسێك لە رۆژی هەڵبژاردن لەناو پارێزگاكەی خۆی دەنگ بدات، ئەوەش وادەکات ئاوارەیێكی زۆر کە ناتوانن لەكاتی هەڵبژارندا بگەڕێنەوە پارێزگاكانیان، لە هەڵبژاردن بێبەش بن.

جوان یونس، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیاییی رووداوی راگەیاند، "ئەو ماددەیە ئەگەر هەڵنەوەشێتەوە زیانی زۆری بۆ كورد دەبێت و لە هەندێ‌ ناوچە دەبێتە هۆی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە. جگە لە زیانی زۆری بۆ كورد، هاوكات دژی چەند خاڵێكی دەستووری هەمیشەییی عێراقیشە بۆیە داوای هەڵوەشاندنەوەیمان كردووە".

پێشتر لە پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان هەمواركرایەوە و بڕیاریشە لە رۆژی 1ـی نیسانی 2020 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەڕێوە بچێت، هەڵبژاردنەكە كەركووكیش دەگرێتەوە، بەڵام پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.

هاوکات سیروان هەرکی، پارێزەری لیژنەکە رایگەیاند، ئەو یاسایە چەندین سەرپێچیی دەستووری تێدایە، کە نەک زیان تەنها بە خەڵکی کوردستان بەڵکو بە خەڵکی عێراقیش دەگەیێنێت.

بە گوتەی سیروان هەرکی، هۆیەکانی دەرچواندنی ئەو ماددانەش سیاسین وەک لەوەی یاسایی بن، پەرلەمانی عێراقیش دەبێت بە یەک چاو سەیری تەواوی پێکهاتەکانی عێراق بکات.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 86343

Your Comment

You are replying to: .
captcha