داوودئۆغڵۆ به‌ فه‌رمی وازهێنانی خۆی له AKP ڕاگه‌یاند

به‌شی تورکیا- ئه‌حمه‌د داوودئۆغڵۆ سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشووی تورکیا و سه‌رۆکی پێشووی پارتی داد و گه‌شه‌ که‌ بڕیار بوو له‌لایه‌ن لیژنه‌ی دیسپلینی AKPه‌وه‌ دوور بخرێته‌وه‌ به‌ فه‌رمی ده‌ستی له‌ ئه‌ندامێتیی حزبه‌که‌ی کێشایه‌وه‌.

کوردپرێس:

ڕۆژی هه‌ینی 13ی ئه‌یلوولی 2019 ئه‌حمه‌د داوودئۆغڵۆ سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشووی تورکیا و دامه‌زرێنه‌رێکی ئاکپارتی له‌ کۆنگره‌یێکی ڕۆژنامه‌وانیدا ده‌ست له‌کارکێشانه‌وه‌ی خۆی له‌و حیزبه‌ ڕاگه‌یاند و گوتی: "مێژووی‌ ڕه‌وانه‌كردنم بۆ لیژنه‌ی‌ دیسپلین ده‌بێته‌ مێژووی‌ ده‌ستبه‌رداربوونی‌ پارتی‌ داد و گه‌شه له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی‌".

ڕاگه‌یاندنی‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د داوودئۆغڵۆ له‌ ئاکپارتی‌ دوای‌ چه‌ند ڕۆژێكی‌ كه‌م دێت له‌ ده‌رچوونی‌ بڕیاری‌ ڕه‌وانه‌كردنی‌ بۆ لیژنه‌ی‌ دیسپلینی‌ ئاکپارتی به‌ مه‌به‌ستی دوورخستنه‌وه‌ی.

داوودئۆغڵۆ هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ ماوه‌ی سێ ساڵه‌ "به‌ بێده‌نگی" ماوه‌ته‌وه ‌و سه‌باره‌ت به‌ دۆخی ناوخۆی حزبه‌كه‌ی قسه‌ی بۆ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن نه‌كردووه‌ به‌ڵكوو سه‌رجه‌م تێبینی و سه‌رنجه‌كانی خۆی به‌ شێوه‌ی نووسراو و به‌ زاره‌كی ئاڕاسته‌ی به‌رزترین ئاسته‌كانی حزب كردووه‌ به‌ڵام سه‌رنجه‌كانی به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیراون.

سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری حزبه‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی بچێته‌ به‌رده‌م لیژنه‌ی دیسپلین وه‌ک ڕێگه‌خۆشكردنێک بۆ ده‌ركردنی داوودئۆغڵۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ كه‌سانێک هه‌ن "نه‌یانتوانیوه‌ ڕه‌خنه‌كانمان ڕه‌ت بكه‌نه‌وه بۆیه‌ بڕیاریان داوه‌ به‌ په‌رچه‌كردارێكی توند له‌ حزبه‌كه‌ دوورمان بخه‌نه‌وه‌... تۆمه‌تباریان كردووین به‌ خیانه‌ت به بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌ڵگه‌یێكی ڕاستیان هه‌بێت."

ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو پارتی داد و گه‌شه‌ كه‌ له‌لایه‌ن تیمێكی بچووكه‌وه‌ كۆنترۆڵ كراوه‌ چیدی توانای ئه‌وه‌ی نییه‌ كێشه‌كانی وڵات چاره‌سه‌ر بكات و جه‌ختیشی كرده‌وه‌: "گۆڕانكاری له ‌ناوخۆی حزبه‌كه‌وه‌ چیدی كارێكی لواو نه‌بوو."

له‌ کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌که‌دا ئه‌حمه‌د داوودئۆغڵۆ به‌ڵێنی دا بزووتنه‌وه‌یێكی‌ سیاسی‌ نوێ‌ دابمه‌زرێنێت و داوای كرد هه‌مووان به‌شدار بن له‌ دامه‌زراندنی‌ ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌دا.

سه‌رچاوه‌: ده‌یلی سه‌باح

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86307

Your Comment

You are replying to: .
captcha