کوردپرێس:
ماوەی پتر لە هەشتا رۆژە یەکێك لە کاریگەرترین ئەکادیمیستەکانی زانکۆی سەڵاحەددین لە زیندانە. فەرهاد پیرباڵ، ئەو کەسەی لە سەردەمێكدا بە خۆی و بڕوانامەکەیەوە لە ئەورووپاوە هاتەوە کوردستان، زۆربەی ئەکادیمیستەکانی زانکۆی سەڵاحەددین بۆ ئەورووپا کۆچیان دەکرد. ئەو لە سەردەمێکدا بە کەڵکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆی سەڵاحەدین هات، خەڵک وازیان لە خوێندن دەهێنا و بۆ پاروویێک نان رێی قاچاخیان بۆ گەیشتن بە تاراوگە دەگرتەبەر.
فەرهاد پیرباڵ بە هەموو خاسیەتەکانیەوە بەشێکە لە کورد، موڵکی هەموو کوردیشە. بمانەوێ و نەمانەوێ بیرمەندە. سەت مخابن وەزیری خوێندنی باڵا و سەرۆکایەتیی زانکۆی سەڵاحەدین و سەرۆکی بەشەکانی زمانی کوردی لەو زانکۆیە لە ئاست بەندکردنی ئەو نووسەر و ئەکادیمیستە بێدەنگن. راستە بە هەموو پێوەرێک ئەو تاوانێکی کردووە و موڵک و ماڵی خەڵکی سووتاندووە، خاوەن موڵکیش حەقی خۆیەتی داوای مافی خۆی بکاتەوە. بەڵام ئەوەی فەرهاد پیرباڵ کردی، ئەنجامی ئەو فشارە کۆمەڵایەتی و دەروونییانە بوو کە دەمێکە ئەم پیاوە بەرەنگاری دەبێتەوە.
رۆژێك ئێوە نەچوون بە دەم گرفت و کێشەکانیەوە، بەڵکوو لە زۆر باردا زانکۆی سەڵاحەدین رۆڵی هەبووە لە قووڵترکردنەوەی گرفتەکانی ئەم نووسەرە، چۆن؟ پێش ئەوەی زیندانی بکرێت، گوتی "مووچەی پێنج مانگیان پێنەداوم. ناهێڵن وانە بڵێمەوە." ئەمە شەڕی دەروونی نەبێت، چییە؟!
حەمە مەنتک لە نامەیێکی کراوەدا کە بۆ سەرۆکایەتیی زانکۆی سەڵاحەدین و وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم و مامۆستایانی بەشی کوردیی سەڵاحەدینی نووسیوە گلە و گازندەی کردووە کە بۆ هێندە و هێندە کەمتەرخەمن بەرانبەر بە پیرباڵ.
حەمە مەنتک لە نامەکەیدا دەڵێت: "فەرهاد پیرباڵ تاکە ئەکادیمیستە پێوەندیی لە نێوان زانکۆ و دەرەوەی زانکۆ دروست کرد. ئەو بوو پێوەندیی نێوان مامۆستا و قوتابیی تۆخ کرد. کەم مامۆستای بەشەکانی زمانی کوردی هەیە، پیرباڵ وانەی پێ نەگوتبێت، یان کتێبەکانی ئەوی وەکوو پرۆگرام نەخوێندبێت. بەڕێزان وەزیری خوێندنی باڵا، سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدین کام مامۆستای زانکۆتان هێندەی فەرهاد پیرباڵ کتێبی لە پسپۆڕیی خۆیدا چاپ کردووە؟ کام مامۆستای بەشی زمانی کوردی هەیە هێندەی فەرهاد پیرباڵ کتێبی چاپ کردبێت و لە خەمی زانکۆدا بووبێت؟ بەڵام کەستان رۆژێک لە رۆژان لە خەمی ئەم نووسەرەتان نەپێچاوەتەوە، رۆژێك سەردانیتان نەکردووە. تەنانەت هیچ ئەکادیمیستێک نەبووە وەکوو ئەو بوێر بێت و بە ئاشکرا هەڵوێستەکانی خۆی لەبارەی ئایین، سیاسەت، دەسەڵات، کولتوور و کۆی بوارەکانی دیکە دەربڕیبێت. ئەگەر لەگەڵ شێوازی دەربڕین و ئایدیۆلۆجیا و بیرکردنەوەی ئەویش نەبووبێتن، وەکوو ئەرکێکی کارگێڕی و ئەخلاقی و مرۆڤایەتی دەبوو لە پشت ئەم نووسەرە بن. راستە ئەو تاوانێکی کردووە، بەڵام خۆ کەرکووکی نەفرۆشتووە، گەندەڵیی لە نەوت و داراییی حکوومەتدا نەکردووە. ئەگەر بە بڕێک لەو داهاتەیش بێت کە ئێوە لە شاندکردن بۆ وڵاتان خەرجی دەکەن، هاوکاریی بکەن چی لە زانکۆ کەم دەبێتەوە. ئاخر ئەو کەمی بۆ زانکۆی سەڵاحەدین نەکردووە. هەرنا وەکوو پێشنیازێك بۆ سەرۆکایەتیی زانکۆی سەڵاحەدین، لە چاپخانەی زانکۆ هێندێك لە کتێبەکانی ماڵی وەفایی چاپ بکەن، بۆ ئەوەی ئەویش لە هێندێك مافەکانی خۆی خۆش بێت.
ئەو کات دەبێتە پاڵپشتییێک بۆ فەرهاد پیرباڵ، دەبێتە مۆدێلێک بۆ ئەوەی مامۆستایانی دیکە هەست بکەن زانکۆ هەمیشە لە پشتیانەوەیە. کوان مامۆستایانی بەشەکانی زمانی کوردی، ئەگەر هەریەکەی پەنجا دۆلار لە مووچەکەی بدات، دەتوانن کۆمەکی فەرهاد پیرباڵ بکەن، چوونکە کەم مامۆستا هەیە فەرهاد پیرباڵ بە نووسین و وانەپێگوتن و لە جیاتی وان هەڵوێست وەرگرتن چاکەی بەسەرەوە نەبێت. شتێکی ناسروشتییە تاکوو ئێستا وەزیری خوێندنی باڵا، سەرۆکایەتیی زانکۆی سەڵاحەددین سەردانی ئەم ڕۆشنبیر و ئەکادیمیستەیان نەکردووە. کۆی مامۆستایانی بەشەکانی زمانی کورد هەڵوێستیان نەبووە. فەرهاد پیرباڵ هی هەموومانە، کەواتە هەموومان دەبێ هوشیاریی ئەوەمان هەبێت، بتوانین لە ڕووی کۆمەڵایەتی و دەروونییەوە کۆمەک بەو نووسەر و ئەکادیمیستە بگەیەنین، نەک هێندێک بە حەوجەی سیاسی، هێندێك بە بەهانەی ئایدیۆلۆجی و لە هەمووی ناخۆشتر نەوێران لە ترسی حزب خۆیان لە کەیسی ئەم نووسەرە نەدەن.
Your Comment