بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسەر و رۆشنبیر ئەبووبەکر عەلی لە بارەی ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا وتی: "دەست پێنەکردنەوەی گفتوگۆکانی هەرێم و بەغداد، پەیوەندی بەلایەنی عێراقییەوە هەیە، بەغدا خۆی بە براوەی شەر دەزانێت و دەیەوێت هەرێم بەپێگەی لاواز پیشان بدات، کە بەشێکی پەیوەندیی بە نزیکی هەڵبژاردنەکانەوە هەیە و بۆ ئەو مەبەستە بەکاریدێنن."
لە دوای ئەنجام دانی پڕۆسەی ریفراندۆمەوە لە 25 ی سێپتێمبێری ئەمساڵ، قەیرانێکی قووڵ لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دروست بووە و لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ گفتوگۆیێکی راستەوخۆ لە نێوان ئەو دوو لایەنە ئەنجام نەدراوە.
ئەبووبەکر عەلی کە پێشتر ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی بوو، لە بارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە رای گەیاند: "ئەم حکوومەتەی ئێستا بە تەنها ناتوانێت ئاستەنگەکان تێپەڕێنێت و دەبێت بە هاوکاریی سەرجەم لایەنەکان بێت، حکوومەتی ئێستا بێت یاخود ئینتقالی، دەبێت هەوڵ بدات بە زووی چارەسەری کێشەکان بکات."
هەروەها لە سەر پرسی هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆم جەختی کردەوە کە تا ئێستا ئەنجامی ڕیفراندۆم هەڵنەوەشاوەتەوە، "بەڵام بە کردەوە ڕیفراندۆم نەماوە و لە ڕووی یاساییەوە حکوومەتی هەرێم توانای هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆمی نییە."
ئەبووبەکر عەلی هۆکارەکانی رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر دەگەڕێنێتەوە بۆ بوونی هێزەکانی 70 و 80 و نەبوونی هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی، ئەگەر هێزەکان خۆیان بگرتایە ئێستا ڕووداوەکان بەم جۆرە نەدەبوون."
سەرچاوە: خەندان
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment