58 ساڵ بەسەر شۆڕشە مەزنەکەی ئەیلوولدا تێدەپەڕێت/ مەسعوود بارزانی پەیامێک بڵاو دەکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەسعوود بارزانی لە یادی 58 ساڵەی شۆڕشە گەورەکەی ئەیلوولدا پەیامێکی بڵاو کردەوە و لەو پەیامەدا دەڵێت: "ئەو دەستكەوت و ئازادییەی ئێستا هەیە بەرهەم و درێژكراوەی قۆربانیدان و تێكۆشانی ڕۆڵەكانی گەلەكەمانە لە شۆڕشی ئەیلوولدا".

کوردپرێس:

یەکەم شەڕی کورد و عێراق ناسراو بە شۆڕشی ئەیلوول ڕاپەڕینێکی کوردەکانی هەرێمی کوردستان بوو کە لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ بە ڕێبەریی مەلا مستەفا بارزانی دەستی پێکرد تا نسکۆھێنانی شۆڕش لەساڵی ١٩٧٠ بەردەوام بوو. شۆڕشی ئەیلوول ئەو شۆڕشە بوو کە ڕژیمی ئەو کاتەی عێراقی ناچار کرد دانوستان لەگەڵ کورد بکات.

بەڵام ساڵی 1970 كە بارزانی ڕێككەوتننامەی 11ی ئازاری لەگەڵ عێراق مۆر كردو شۆڕشی كوردستان گەیشتە چڵەپۆپەی سەركەوتن پرسیان بە شا و ئێرانییەكان نەكرد و ساواكییەكان هەوڵیان دا بارزانی لە ڕێككەوتن سارد بكەنەوە چوونکە پێشتر لەبەر قازانجی خۆیان بە چەک و هەواڵگریی سەربازی دژ بە دەوڵەتی عێراق یارمەتیی کوردیان دابوو، بەڵام مەلا مستەفا بەگوێی نەكردن و كاری خۆی تەواو كرد. ئەم هەنگاوە شای تەواو تووڕە و بێزار كرد و بڕیاری دا تۆڵە لە بارزانی بكاتەوە.

لەم لایشەوە ڕێككەوتنەكەی عێراق و شۆڕش هەر دەڵەمە بوو و نەمەیی. بۆیە بارزانی و شۆڕش كەوتنە نێوان دوو دوژمن و هەردووكیان خاڵی هاوبەشیان لە پشتشكاندنی شۆڕشدا بینییەوە.

نەوشیروان مستەفا دەڵێت: 20ی مارت بارەگای بارزانی بروسكەی بۆ هەموو فەرماندەی هێزەكان لێدابوو واز لە شەڕ بهێنن. چەكەكان بشكێنن و تەقەمەنی و دەبوكانیان بتەقیننەوە و بچن بۆ ئێران. لەوكاتەوە كادر و پێشمەرگەكانی پارتی لە ناڕەزاییدا ئەم بڕیارەیان ناو نا (ئاشبەتاڵ) و وەكوو زاراوەیێكی سیاسی كەوتە سەر زمانی خەڵك و بڵاو بووەوە.

بەم شێوەیە شۆڕشی كوردستان كە تەمەنی 14 ساڵ بوو (1961 ـ 1975) بە 14 ڕۆژ (6 ـ20ی ئازار) كۆتایی پێهێنرا و لە كۆتا ساتەكانی ڕۆشتن بۆ ئێرانیش هەندێك لە زیندانییە سیاسییەكانی ناو بەندیخانەكانی شۆڕش، لە جیاتی لێخۆشبوون كوژران.

سەرەنجام بە بڕیاری تایبەتی بارزانی كوانووی شۆڕش كوژێنرایەوە و بەیەكجاری ئاشبەتاڵی لێكرا. لەوكاتەشەوە ئەو وشەیە بووەتە زاراوەیێكی باوی كوردستان.

ده‌قی په‌یامه‌كەی مەسعوود بارزانی بەبۆنەی یادی 58 ساڵەی شۆڕشی ئەیلوول‌:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی جەنابی بارزانیی نەمر شۆڕشێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و چەكداری و سەرتاسەریی گەلی كوردستان بوو كە بناخەیەكی پتەوی بۆ خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان لەدژی ستەم و داگیركاری دانا.

لە شۆڕشی ئەیلوولدا پێشمەرگە، كادیر، مامۆستا، قوتابی، ئافرەت و، هەموو چینوتوێژەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی لە نەتەوە و ئایینە جیاجیاكان، لە هەموو ناوچەكانی كوردستان بەیەكەوە و، بۆ یەك ئامانجی پیرۆزی نەتەوەیی و نیشتیمانی خەباتیان كرد و مێژوو و سەروەرییان تۆمار كرد. ئەو دەستكەوت و ئازادییەی ئێستا هەیە بەرهەم و درێژكراوەی قۆربانیدان و تێكۆشانی ڕۆڵەكانی گەلەكەمانە لە شۆڕشی ئەیلوولدا. هەر لەم شۆڕشەدا بوو كە ئیرادە و خۆڕاگری و خۆشەویستیی نیشتیمان لەناو ڕیزەكانی گەلەكەمان ئەوەندە بەهێز بوو كە هەمیشە دوژمنی پڕچەك لەبەرانبەریدا دەشكا و، دواجار ئەو ئیرادەیە دوژمنی هێنایە سەر مێزی دانوستان.

شۆڕشی مەزنی ئەیلوول هەم بەگژداچوونەوەی ستەمكاری بوو، هەمیش پێگەیاندنی مرۆڤی كوردستان، بۆ ئەوەی گەلی كوردستان مافەكانی خۆی بناسێت و بەهای بەرزی مرۆڤانە و كوردپەروەرانە لەناو خەڵك و كادیران و پێشمەرگەدا دروست بێت. بە جۆرێك كە لەبەرانبەر دوژمنیشدا تەنانەت بۆ جارێكیش، شۆڕش دەستی بۆ كردەوەیەك نەبرد كە ناكۆك بێت لەگەڵ بەها و یاساكانی جەنگ. وانە و بەهاكانی ئەو شۆڕشە مەزنە دەبێ بۆ هەموومان بە بەرزی بمێننەوە و ببنە چرا و ڕێنیشاندەر بۆ داهاتوومان و نەوەكانی ئاییندە.

لە یادی پەنجا و هەشت ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولدا، پێزانینم هەیە بۆ هەموو ئەو پێشمەرگە قارەمانانە و ئەو تێكۆشەرانە كە ڕۆڵیان لە شۆڕشی ئەیلوولدا هەبووە و ماندوونەناسانە قوربانییان داوە، چ ئەوانەی لەناوماندا نەماون و ئەوانەیش كە هێشتا لە ژیاندا ماون. هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی.

مسعوود بارزانی

10ی ئەیلوولی 2019

News Code 86240

Your Comment

You are replying to: .
captcha