کوردپرێس: شاندەکە سەرەتا سەردانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستانیان کرد و لەلایەن شاندێکی کۆمیتەی ژنانی تەڤگەری ئازادییەوە بە سەرۆکایەتیی تارا حسێن، جێگری هاوسەرۆکانی تەڤگەرەوە پێشوازییان لێکرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، شاندەکەی هەدەپە باسیان لە ئامانجی سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان کرد، کە پێشەنگایەتی کردنی ژنانە بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی سەر کامپی مەخموور و داوای پشتگیرییان لێکردن.
لە بەرامبەریشدا شاندی تەڤگەری ئازادیی وێڕای دەربڕینی پشتیوانیی خۆیان بۆ داواکارییەکانی شاندەکەی هەدەپە، سەردانی شاندەکەشیان بۆ پێکهێنانی یەکێتیی ژنان و تێکۆشانی هاوبەش بە گرنگ زانی، جەختیشیان لە پیشتیوانیی خۆیان بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی سەر کامپی مەخموور کردەوە.
دوای کۆ بوونەوەکەش لە کۆنگرەیێکی ڕۆژنامەنووسیدا لە بارەگای تەڤگەری ئازادیی، سەمرا گوزەل، پەرلەمانتاری هەدەپە لە ئامەد قسەی کرد و وتی: گفتوگۆمان لەسەر چۆنییەتی پێکهێنانی یەکێتیی ژنان بوو، هەروەها تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەمان تایبەت بوو بە گەمارۆی سەر کامپی مەخموور، وتیشی: چی دەبێت با ببێت لە مەخموور خەڵکی مەدەنیی دەژین و دەبێت گەمارۆیان لەسەر هەڵبگیرێت.
پاشان تارا حسێن، جێگری هاوسەرۆکانی تەڤگەری ئازادیی قسەی کرد و وێڕای دەربڕینی پشتیوانیی خۆیان بۆ داخوازییەکانی شاندەکە، وتیشی: هاتنی ئەم شاندە لەم کاتەدا بە گرنگ و پیرۆزی دەزانین، پێمانوایە ئەم سەردانانە گرنگن بۆ پێکهاتنی یەکێتیی ژنان، و ئێمەش لای خۆمانەوە هەوڵ دەدەین بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی سەر کامپی مەخموور.
پاشان شاندەکەی هەدەپە سەردانی ئۆفیسی سەرەکی جووڵانەوەی نەوەی نوێیان لە سلێمانی کرد و لەگەڵ شاندێکی ژنانی جووڵانەوەکەوە بە سەرۆکایەتیی مژدە مەحموود، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کۆ بوونەوە.
لەدوای کۆبوونەوەکەش، لە کۆنگرەیێکی ڕۆژنامەنووسیدا، نووران ئیمیر، پەرلەمانتاری هەدەپەی شرناخ قسەی کرد و وتی: هیوادارین ئەم دیدارانە ببنە زەمینەی یەکێتیی کورد بەگشتیی و ژنان بەتایبەتی، دەمانەوێت پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی ئەو گەمارۆیەی کە خراوەتە سەر کامپی مەخموور هەڵبگیرێت.
دواتر مژدە مەحموود، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ قسەی کرد و وتی: ئێمە لە کۆبوونەوەکەماندا بابەتی پرسەکانی ژنانمان تاوتوێ کرد و لە گفتوگۆ و پەیوەندی بەردەوامدا دەبین.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment