کوردی سووریا داوا ده‌کات ئه‌مریکا له‌ ناوچه‌ی ئارام هێز زیاد بکات

به‌شی جیهان- به‌رپرسانی کوردی سووریا پێشوازییان له‌ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارامی باکووری سووریا کردووه‌ به‌ڵام ده‌ڵێن پێویسته‌ ژماره‌یێکی زیاتر هێزی سه‌ربازیی ئه‌مریکا بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچه‌که‌ ڕه‌وانه‌ بکرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیا بۆ هێرشی چاوه‌ڕوانکراوی سه‌ربازی دژ به‌ ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کوردی سووریا وای کرد ئه‌مه‌ریکا مل به‌ داواکارییه‌که‌ی تورکیا بۆ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام بدات هه‌ڵبه‌ت قووڵاییی ئه‌و ناوچه‌ ئارامه‌ که‌متره‌ له‌و ڕێژه‌یه‌ی تورکیا چاوه‌ڕوانی ده‌کرد. جێبه‌جێ‌کردنی قۆناغی یه‌که‌می پێکهێنانی ناوچه‌ی ئارامی باکووری سووریا له‌م ڕۆژانه‌ی دواییدا هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌کانی تورکیای که‌م کردۆته‌وه‌ به‌ڵام بابه‌ته‌که‌ به‌وه‌ ته‌وا نابێت و ئه‌مه‌ریکا نزیکه‌ی نیوه‌ی 2 هه‌زار هێزه‌که‌ی خۆی له‌ ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کوردی سووریا بردۆته‌ ده‌ره‌وه‌ و ئه‌وه‌ش له‌ کاتێکدا هێڵی 400 کیلۆمه‌تری پێویسته‌ بۆ چاودێری‌کردنی ناوچه‌ی ئارام که‌ ئه‌و هێڵه‌ش ده‌بێت به‌ هێزی هاوبه‌شی ئه‌مریکا و تورکیا چاودێری بکرێت.

ئیلهام ئه‌حمه‌د هاوسه‌رۆکی کۆمیته‌ی جێبه‌جێکاری ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموکرات لقی سیاسیی هێزه‌کانی سووریای دیموکرات له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ ئاسۆشێتێدپرێسی وتووه‌: پێویسته‌ هێزی ئه‌مه‌ریکیی زیاتر بۆ جێبه‌جێ‌کردنی ناوچه‌ی ئارام بنێردرێنه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌ڵام دیار نییه‌ ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌ریکا چ بڕیارێک له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌دات.

ناوبراو زیادی کرد: به‌ کشانه‌وه‌ی هێزی کوردی له‌ سنووری سووریا چه‌ند هه‌نگاوێکی ئیجابی له‌ چوارچێوه‌ی دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام هه‌ڵگیراوه‌ به‌ڵام تورکیاش ده‌بێت هێزی سه‌ربازیی خۆی له‌ سنووری سووریا دوور بخاته‌وه‌ ته‌نها به‌م شێوه‌یه‌ ده‌کرێت بڵێین هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌منییه‌کان چاره‌سه‌ر کراون.

ئیلهام ئه‌حمه‌د ده‌شڵێت: ئامانجی کورد له‌وه‌ی ڕازی بووه‌ به‌ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام ئه‌وه‌یه‌ کوردی سووریا ئه‌م په‌یامه‌ ده‌گه‌یێنێت که‌ ئاماده‌ی دانووستان و دیالۆگه‌ له‌گه‌ڵ تورکیا بۆیه‌ پێشوازیی له‌و پڕۆژه‌یه‌ کردووه‌ و له‌ جێبه‌جێ‌کردنیشیدا به‌شدار بووه‌.

ناوبراو له‌باره‌ی ڕووبه‌ری ناوچه‌ ئارامه‌که‌وه‌ به‌ ئاسۆشێتێدپرێسی گوتووه‌: به‌ گوێره‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ هێزی کوردی سووریا ناسراو به‌ یه‌په‌گه‌ له‌ هێڵی سنووره‌وه‌ به‌ قووڵاییی 5 بۆ 14 کم ده‌کشێته‌وه‌ و چه‌کی قورسی ئه‌و هێزانه‌ش تا قووڵاییی 20 کم پاشه‌کشێ پێده‌کرێت.

هاوسه‌رۆکی کۆمیته‌ی جێبه‌جێکاری ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموکرات له‌باره‌ی ورده‌کارییه‌کانی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌وه‌ تیشکی خستۆته‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌کانی سووریا بۆ ناوچه‌ ئارامه‌کان و جه‌ختیشی کردۆته‌ ته‌نها ئه‌و ئاوارانه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌که‌ که‌ له‌ کاتی قه‌یرانی سووریا ناوچه‌که‌یان به‌جێهێشتووه‌.

ناوبراو دڵنیاییی ئه‌وه‌شی دا که‌ به‌ جێبه‌جێ‌کردنی پڕۆژه‌ی ناوچه‌ی ئارام که‌س له‌و ناوچه‌یه‌دا ئاواره‌ نابێت.

شایانی باسه‌؛ ئاڵدار خه‌لیل به‌رپرسێکی باڵای کوردی سووریاش به‌ ئاسۆشێتێدپرێسی وتووه‌: هێزه‌ کوردییه‌کان و ئیداره‌ی خۆسه‌ری باکووری سووریا قبووڵی ناکه‌ن تورکیا بۆ هه‌میشه‌ له‌ خاکی سووریا بمێنێته‌وه‌ و بنکه‌ی سه‌ربازی دابمه‌زرێنێت.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه‌: ئه‌م قۆناغه‌ی دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام ته‌نها له‌ ئاستی لێکتێگه‌یشتندایه‌ و ئه‌گه‌ر قۆناغی کۆتاییی پڕۆژه‌که‌ جێبه‌جێ بکرێت ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌بێته‌هۆی ڕازی‌بوونی تورکیا به‌ قبووڵ‌کردنی ئیداره‌ی خۆسه‌ر به‌ڵام تا ئه‌و قۆناغه‌ کاتی زۆرمان ماوه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86135

Your Comment

You are replying to: .
captcha