که‌ماڵ قلیچدارئۆغڵۆ: ده‌وڵه‌ت نیین ئه‌گه‌ر نه‌توانن به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر ئینتیمای شاره‌وانه‌ کورده‌کان بۆ PKK بخه‌نه‌ڕوو

به‌شی تورکیا- سه‌رۆکی پارتی کۆماریخوازی گه‌لی تورکیا (جه‌هه‌په‌) له‌ لێدوانێکدا ئاماژه‌ی به‌ ئیدیعاکانی حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری ده‌وڵه‌تی تورکیا له‌باره‌ی سه‌رۆک شاره‌وانییه‌ کورده‌کانه‌وه‌ کردووه‌ و ده‌ڵێت: ده‌وڵه‌ت نیین ئه‌گه‌ر نه‌توانن به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر ئینتیمای شاره‌وانه‌ کورده‌کان بۆ PKK بخه‌نه‌ڕوو.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، که‌ماڵ قلیچدارئۆغڵۆ سه‌رۆکی پارتی کۆماریخوازی گه‌لی تورکیا (جه‌هه‌په‌) ئاماژه‌ی به‌و تۆمه‌تانه‌ کردووه‌ که‌ گوایه‌ شاره‌وانیی ئامه‌د و ماردین و وان پشتگیریی داراییان بۆ په‌که‌که‌ ناردووه‌ و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: ئه‌وانه‌ی شاره‌وانه‌کانیان له‌ کار لادا ئه‌م ئیدیعایه‌ ده‌که‌ن ئه‌گه‌ر شاره‌وانێک پشتگیریی گرووپێکی تیرۆریستی ده‌کات و تۆی ده‌وڵه‌ت ناتوانیت بیسه‌لمێنێت دیاره‌ ده‌وڵه‌ت نیت. ئه‌گه‌ر ده‌شتوانیت بیسه‌لمێنێت ده‌بێت به‌ڵگه‌کانتان ئاشکرا بکه‌یت. هه‌موومان له‌و ڕووداوانه‌ی له‌ سووری دیاربه‌کر ڕووی دا ناڕازین و ته‌نانه‌ت خودی ئه‌حمه‌د تورک به‌ ئاشکرا وتبووی ڕازی نییه‌ به‌ که‌ندنی خه‌نده‌ق ئه‌وه‌ش له‌ کاتێکدا ئێستاش بابه‌ته‌که‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و کۆڵینه‌وه‌ی بۆ ده‌کرێت به‌ڵام ئێوه‌ نوێنه‌رانی گه‌لتان له‌ پۆسته‌کانیان دوور خستۆته‌وه‌ ئه‌وه‌ش هه‌رگیز قبووڵ ناکرێت. ئه‌وه‌ی مرۆڤی خاوه‌ن ویژدان بێت ئه‌م ڕه‌فتاره‌ به‌ گونجاو نازانێت. ئه‌م ده‌رکردنانه‌ ته‌نها قازانجی بۆ په‌که‌که‌ ده‌بێت.

ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا ئاشکراشی کرد: پارتی دیموکراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) پێویسته‌ له‌ په‌که‌که‌ خۆی دوور بخاته‌وه‌. ئێمه‌ ده‌بێت دژایه‌تیی هه‌موو جۆره‌ تیرۆرێک بکه‌ین. ئه‌و بۆمبانه‌ی ده‌ته‌قێندرێنه‌وه‌ سه‌دان مرۆڤی بێتاوانی منداڵ ده‌که‌نه‌ قوربانی ئینجا چ ڕێکخراو بێت چ حیزب و چ تاکه‌که‌س ده‌بێت خاوه‌نی یه‌ک هه‌ڵوێست بین به‌رانبه‌ر به‌ تیرۆر.

قلیچدارئۆغڵۆ هه‌روه‌هاش ئاماژه‌ی به‌ پڕۆسه‌ی دانووستانی ئاشتی کرد و ڕای‌گه‌یاند: ئێمه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ جه‌ختمان ده‌کرده‌وه‌ که‌ شوێنێکی تایبه‌ت بۆ دانووستانی ئاشتی و چاره‌کردنی مه‌سه‌له‌ی کورد ته‌رخان بکرێت. شوێنه‌که‌ش ته‌نها په‌رله‌مانه‌. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌ی عه‌شیره‌ کوردییه‌کان و نووسه‌رانی کورد چه‌ندین دیدارمان کردووه‌. پێمان ڕاگه‌یاندوون که‌ شوێنی یه‌کلاکردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی کورد ته‌نها په‌رله‌مانه‌. ده‌وڵه‌تێکی مه‌شرووع و ڕه‌وا ناتوانێت پێکهاته‌یێکی ناڕه‌وا بۆ به‌رده‌نگی خۆی به‌کار بهێنێت. ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان کردی که‌نده‌نی خه‌نده‌قه‌کانی لێکه‌وته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی جمهوورییه‌ت

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86134

Your Comment

You are replying to: .
captcha