نه‌شناڵ ئینترست: کوردی سووریا به‌ مووشه‌کی پێشکه‌وتووی ئه‌مریکا پڕچه‌ک ده‌کرێن

به‌شی جیهان- گۆڤاری نه‌شناڵ ئینترستی ئه‌مریکا ڕاپۆرتی دا که‌ واشنتۆن ڕاده‌ست‌کردنی چه‌کی پێشکه‌وتوو و زیره‌ک به‌ کوردی سووریا ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌ به‌ڵام به‌ڵگه‌کان ده‌ریده‌خات که‌ کوردی سووریا بۆ کردنه‌ئامانجی ده‌بابه‌ی دوژمنان مووشه‌ک‌هاوێژی پێشکه‌وتووی جاولینی -دروست‌کراوی ئه‌مریکا- به‌کار هێناوه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مریکا له‌ ساڵی 2014 که‌ شاری کوردنشینی کۆبانێی سووریا له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ داگیر کرا تا له‌مدواییانه‌دا به‌رده‌وام بوو له‌ ڕاده‌ست‌کردنی یارمه‌تی سه‌ربازی بۆ کوردی سووریا. کورده‌کان سه‌ره‌ڕای به‌هره‌مه‌ندی له‌ یه‌که‌ تۆپخانه‌ییه‌کانی سوپای ئه‌مریکا و فه‌ڕه‌نسا چه‌کی قورسیشیان بۆ کردنه‌ئامانجی ده‌بابه‌کانی داعش به‌کار هێناوه‌ و وێنه‌کانی له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان وه‌ک توویته‌ر و یووتیووب بڵاو بووه‌ته‌وه‌.

له‌ ماوه‌ی هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر ناوچه‌ی کوردنشینی عه‌فرین له‌ ساڵی 2018، هێزی کوردی سووریا توانیی ده‌بابه‌ی پێشکه‌وتووی ئه‌ڵمانیی سوپای تورکیا تێکبشکێنێت.

گۆڤاری نه‌شناڵ ئینترستی ئه‌مریکا له‌ ڕاپۆرته‌که‌ی ئه‌مدواییه‌یدا به‌ره‌ی کۆن و نوێی مووشه‌ک‌هاوێژی جاولینی ناساندووه‌ و ئه‌و مووشه‌که‌ی به‌ کارامه‌ترین مووشه‌کی شان هاوێژی ئێستای جیهان ناو بردووه‌ و له‌ ڕاپۆرته‌که‌دا باس له‌وه‌ کراوه‌ که‌ ته‌نانه‌ت ده‌بێ ڕووسیاش نیگه‌رانی له‌باره‌ی ئه‌و چه‌که‌وه‌ بێت. سێره‌ی کارتێکه‌ریی ئه‌م مووشه‌کهاوێژه‌ له‌ به‌ره‌ی نوێ بۆ 4.5 کیلۆمه‌تر به‌رز بۆته‌وه‌ که‌ ده‌توانێت جێگه‌ی مووشه‌کهاوێژه‌ به‌ناوبانگه‌کان وه‌ک تاوی ئه‌مریکا بگرێته‌وه‌. مووشه‌کهاوێژی جاولین که‌ له‌ ئه‌مریکا دروست ده‌کرێت له‌لایه‌ن سوپای ئه‌و وڵاته‌وه‌ به‌کار ده‌هێندرێت و ڕه‌وانه‌ی وڵاتانی ئه‌ندامی ناتۆ، عه‌ره‌بستان و ئیمارات ده‌کرێت.

گۆڤاره‌که‌ له‌ زاری به‌رپرسانی ئه‌مریکییه‌وه‌ ڕای‌گه‌یاندووه‌ که‌ ئه‌و وڵاته‌ مووشه‌ک‌هاوێژی تاوی ڕاده‌ستی هێزه‌ کوردییه‌کان -که‌ تورکیا دژ به‌ به‌هێزبوونه‌وه‌ی ئه‌وانه- ‌کردووه‌ به‌ڵام واشنتن ده‌ڵێت مووشه‌کێکی زیره‌ک وه‌ک جاولینی ڕاده‌ستی کوردی سووریا نه‌کردووه‌.

نه‌شناڵ ئینترست ئاماژه‌ به‌ وێنه‌ی به‌کارهێنانی مووشه‌کهاوێژی جاولین له‌لایه‌ن هێزی کوردی سووریاوه‌ ده‌کات و ته‌ئکید ده‌کاته‌وه‌ که‌ به‌ڵگه‌کان ده‌ریده‌خات هێزی کوردی سووریا ده‌ستی به‌ مووشه‌کی شان هاوێژی جاولین گه‌یشتووه‌.

گۆڤاره‌ ئه‌مریکییه‌که‌ بۆ نموونه‌ ئاماژه‌ به‌ ته‌قاندنی مووشه‌که‌کانی جاولین له‌لایه‌ن هێزی کوردی سووریاوه‌ له‌ فێبریوێری ئه‌مساڵ له‌ ناوچه‌ی شه‌دادیی سووریا ده‌کات که‌ کورده‌کان له‌ ڕێگای ئه‌و مووشه‌که‌وه‌ به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕی داعشیان له‌ناو برد.

هه‌ڵبه‌ت ئه‌م گۆڤاره‌ پێی وایه‌ که‌ مومکینه‌ هێزی تایبه‌تی ئه‌مریکا له‌ سووریا که‌ هاوشانی هێزه‌ کوردییه‌کان شه‌ڕ ده‌که‌ن ئه‌و مووشه‌کانه‌ی ڕاده‌ستی کورد کردبێت و یان کورد له‌ ڕێگای وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌ورووپاوه‌ ده‌ستیان به‌و چه‌که‌ زیره‌ک و مه‌ترسیداره‌ گه‌یشتبێت که‌ به‌ "قاتلی ده‌بابه‌کان" ناوبانگی ده‌رکردووه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86107

Your Comment

You are replying to: .
captcha