کوردپرێس:
محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود سکرتێری گشتیی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان له‌باره‌ی دامه‌زراندنی مه‌رجه‌ع یا ئه‌نجومه‌نێک بۆ هه‌رێمی کوردستان كه له ئێستادا باسی لێوه ده‌كرێت به ده‌نگی ئه‌مریکای ڕاگه‌یاند: "ڕاسته له کوردستان سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و په‌رله‌مان هه‌یه به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کۆمه‌ڵێک له حیزبه‌کان له حکوومه‌تدا نین و کۆمهڵێکیتریشیان له هیچیاندا نین و ئێستا زۆرێک له حیزبه‌کان چوار ساڵه پێکه‌وه کۆ نه‌بوونه‌ته‌وه له كاتێكدا هه‌موویان ئامانجیان یه‌که و بۆ کورد و ده‌زگا شه‌رعییه‌کان کار ده‌که‌ن و ئه‌مانه خۆی بۆی هه‌موویان شتێکی پێویسته که کۆیان بکاته‌وه كه ئه‌مه ئه‌نجومه‌نێکی ڕاوێژکارییه، سیاسییه هه‌ر ناوێکی هه‌بێت ئه‌م حیزبانه ماوه ماوه کۆ بکاته‌وه بۆ تاوتوێ کردنی کێشه‌کان که ئێستا کێشه‌ی ئه‌مریکا و ئێران له ناوچه‌که‌دا هه‌یه که کورد له ناوچه‌که‌دا زیانمه‌ند ده‌بێت و ده‌بێت کورد کۆ بێته‌وه بزانێت چی بکات؟ خۆ ئه‌مه شتێکی تازه نییه بۆ نموونه له ئه‌مریکا ئه‌نجومه‌نی پیران هه‌یه، له به‌ریتانیا لۆردات هه‌یه، له وڵاتانی عه‌ره‌بی "ئه‌عیان" هه‌یه، خۆ ئه‌گه‌ر له کوردستانیشدا شتێکی وا هه‌بێت که بتوانێت ڕاوێژکاری له نێوان حیزبه‌کاندا هه‌بێت و نه‌خشه‌یێک دابنێن که بیخه‌نه به‌رده‌م په‌رله‌مان و حکوومه‌ت ڕه‌نگه ئه‌وکات په‌رله‌مانی کوردستان بتوانێت به بڕیارێک چوارچێوه‌یێک بۆ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه دابنێت."
ناوبراو له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی پێتان وایه هه‌موو حیزبه‌کان ڕازی ده‌بن به دامه‌زراندنی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه وتی: "من پێم وایه هه‌موو حیزبه‌کان پێیان باشه و که‌س دژی نه‌بووه. دامه‌زراندنی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه من یه‌که‌مجار له‌گه‌ڵ "کۆسره‌ت ڕه‌سووڵ عه‌لی" دانیشتم و ئه‌و بابه‌ته‌م پێشنیار کرد ئه‌وانیش پێشوازییان لێکرد و وتیان شتێکی باشه."
محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود ڕاشیگه‌یاند: "پێویسته سه‌ره‌تا یه‌کێتی و پارتی کۆ ببنه‌وه و له‌سه‌ری ڕێکبکه‌ون پاشان له‌گه‌ڵ حیزبه‌کانیتر دابنیشن که که‌سی یه‌که‌می حیزبه‌کان یا دووه‌م ببنه ئه‌ندامی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه و ئه‌م ئه‌نجومه‌نه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حکوومه‌ته‌کان نه‌بێت به‌ڵکوو په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حیزبه‌کان هه‌بێت له دنیادا."
ناوبراو سه‌باره‌ت به سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌نجومه‌نه‌که زیادی کرد: "دوو حاڵه‌ت هه‌یه، حاڵه‌تێکیان ئه‌وه‌یه که به‌پێی ده‌وری بێت ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌بێت ده‌توانرێت به‌پێی حیزبه‌کان که ئێستا ژماره‌ی حیزبه‌کان دیاره له کوردستان، ده‌توانرێت ڕێک بکه‌ون که به‌پێی پێگه و ڕێژه‌ی ده‌نگه‌کانی حیزبه‌کان بێت یاخود که‌سایه‌تیان بێت که کام که‌سایه‌تی ده‌بێته سه‌رۆکی ئه‌و ده‌زگایه."
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که هه‌ندێک ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه ده‌گرن كه دامه‌زراندنی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه ویستی هه‌ندێک كه‌سایه‌تی و لایه‌نه بۆ داتاشینی پۆست و هێنانه پێشه‌وه‌ی بارزانی وه‌ک مه‌رجه‌ع؟ سکرتێری گشتیی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان له وه‌ڵامدا گوتی: "من پێم وایه به حوكمی ئه‌و دۆخی ئێستا هه‌یه له ناوچه‌که "کاک مه‌سعوود بارزانی" ده‌توانێت له قۆناغی یه‌که‌مدا سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه بکات. من واقیعانه بیر ده‌که‌مه‌وه نه وه‌ک حیزبی و نه به ڕقی شه‌خسی بیر ده‌که‌مه‌وه. کوردستان ئێستا به دۆخێکی هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت. من پێم وایه حیزبه‌کان ده‌بێت خۆیان پێشنیار بکه‌ن و داوا له مه‌سعوود بارزانی بکه‌ن بۆ سه‌رۆکی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه. به ڕای من ئێستا زۆر پێویسته سه‌رۆكایه‌تیی کاک مه‌سعوود بۆ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه چوونکه به حوکمی که‌سایه‌تی و پێگه‌ی حیزبه‌که‌ی که ئێستا گه‌وره‌ترین حیزبی کوردستانه و نیوه‌ی زیاتری هه‌موو حیزبه‌کانیتری هه‌یه و خۆشی که‌سایه‌تییێکی دیار و ناسراوه."
به بۆچوونی محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود زۆربه‌ی زۆری حیزبه‌کان ڕازی ده‌بن که "مه‌سعوود بارزانی" سه‌رۆکایه‌تی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه بکات و وتی: "من پێم وایه زۆربه‌ی زۆری حیزبه‌کان به سه‌رۆکایه‌تی کردنی "مه‌سعوود بارزانی" له‌و ئه‌نجومه‌نه‌دا ڕازی ده‌بن، هه‌روه‌ک له ڕاگه‌یاندنه‌کانه‌وه گوێمان لێیه‌تی بۆ یه‌کێتیی نیشتمانی کاتێک من ده‌ستپێشخه‌ریم کرد ئه‌وان وتیان ئێمه خۆمان له سه‌رکردایه‌تی ئه‌و بابه‌ته تاوتوێ ده‌که‌ین به‌ڵام له‌گه‌ڵی بوون و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان خۆیان پێش ماوه‌یێک داوایان کرد که ده‌ڵێن با کۆبوونه‌وه‌ی هه‌موو حیزبه‌کان بکرێت. كۆبوونه‌وه‌ی حیزبه‌كانیش ده‌بێت له چوارچێوهیێكدا بێت كه ئه‌و چوارچێوه‌یه ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یه بۆیه به بۆچوونی من نه‌ک ده‌بێت ڕازی بن ئه‌و حیزبانه (یه‌کێتی، گۆڕان، کۆمه‌ڵی ئیسلامی، یه‌کگرتووی ئیسلامی، هه‌روه‌ها نه‌وه‌ی نوێ) به سه‌رۆکایه‌تی کردنی کاک مه‌سعوود له‌و ئه‌نجومه‌نه به‌ڵکوو ده‌بێت ته‌کلیفی لێ بکه‌ن به‌ڵام ئه‌وکاته‌ی حیزبه‌کان ڕێککه‌وتن که داوایان لێکرد ئه‌وکات ده‌رده‌که‌وێت مه‌سعوود بارزانی ڕازی ده‌بێت یاخود نا که سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه بکات."
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment