داوای مافی پەنابەرێتی وەزیری کوردی سەدام حوسێن لە کەنەدا ڕەت کرایەوە

بەشی جیهان- وه‌زیرێكی كوردی سه‌رده‌می سه‌دام حوسێن داوای مافی په‌نابه‌رێتی له‌ حكوومه‌تی كه‌نه‌دا كردووه‌، دوای ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی عێراق پێی راگه‌یاندووه‌ كه‌ چیدی ئاماده‌ نین خه‌رجییه‌كانی شووشتنى گورچیله‌ی بۆ بده‌ن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس: بابه‌كر مه‌حموود ئاغا پشده‌ری، وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ سه‌رده‌می به‌عس، له‌ حوزه‌یرانی 2015 كاتێک له‌ ئۆتاوا بوو، داوای مافی په‌نابه‌رێتی له‌ حكوومه‌تی كه‌نه‌دا كردبوو. به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی كه‌ناڵی گڵۆباڵ نیوزی كه‌نه‌دی، هه‌فته‌یێک پێش داواكه‌ی بابه‌كر، حكوومه‌تی عێراق ئاگاداری كردبووه‌وه‌ كه‌ چیدی ئاماده‌نین خه‌رجیی چاودێری و چاره‌سه‌رییه‌ پزیشكییه‌كانی بده‌ن.

بابه‌كر له‌ ساڵانی 1977 هه‌تا 1989 له‌ حكوومه‌ته‌كانی ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر و سه‌دام حوسێندا وه‌زیر بووه‌. به‌رپرسانی فه‌رمانگه‌ی كۆچبه‌ری له‌ كه‌نه‌دا پاش ماوه‌یێک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بابه‌كر به‌رپرسی باڵای رژێمی به‌عس بووه‌، داواكه‌یان ره‌ت كردووه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا حكوومه‌تی به‌عس به‌شێوه‌ی سیسته‌ماتیک مافه‌كانی مرۆڤی پێشێل كردووه‌ و تاوانی دژی مرۆڤایه‌تی كردووه‌.

به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ی گڵۆباڵ نیوز، وه‌زیره‌ كورده‌كه‌ به‌ ده‌سته‌ی كۆچبه‌ران و په‌نابه‌رانی كه‌نه‌دای گوتووه‌ كه‌ ئه‌و ناچار كراوه‌ له‌ كابینه‌ی حكوومه‌تدا وه‌ک وه‌زیر بمێنێته‌وه‌، له‌ ده‌قی داوای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌كه‌شدا رایگه‌یاندووه‌ رژێمی سه‌دام حوسێن ئه‌وه‌نده‌ش دڕنده‌ نه‌بووه‌.

یه‌كه‌مجار دادوه‌رێكی ده‌سته‌كه‌ بڕیاری دابوو كه‌یسه‌كه‌ی بابه‌كر مه‌حموود ئاغا وه‌ربگیرێ، ته‌نانه‌ت ئه‌و پاساوه‌شیان لێ قه‌بووڵ كردبوو كه‌ ناچاركراوه‌ له‌ كابینه‌ی حكوومه‌تی به‌عسدا پۆستی وه‌زاره‌ت وه‌ربگرێ، به‌و پێیه‌ش له‌ به‌رپرسیارێتی ئه‌و تاوانانه‌ بێبه‌ری ده‌بێ كه‌ له‌ كاتی كاركردنی ئه‌و له‌ حكوومه‌تدا له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه‌ كرابوون.

به‌ڵام دادوه‌رانی ده‌زگای پاراستنی گشتی له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ی ده‌سته‌ی كۆچبه‌ران و په‌نابه‌راندا كۆک نه‌بوون، بۆیه‌ش داوای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌یان كرد و سه‌ركه‌وتووش بوون. به‌پێی راپۆرته‌كه‌، له‌و كاته‌دا بابه‌كر ره‌سوڵ مافی ئه‌وه‌ی پێدرابوو چاره‌سه‌ری پزیشكی وه‌ربگرێ.

راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ دادوه‌ری تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ هاگ باسمه‌جیان بڕیاره‌كه‌ی پێشووی هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌. له‌ به‌شێک له‌ بڕیاره‌ نوێیه‌كه‌دا هاتووه‌: "هه‌فته‌یێک پێش ئه‌وه‌ی داوای مافی په‌نابه‌رێتی بكات، بابه‌كر ئاگادار كرابووه‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی عێراق چیدی خه‌رجییه‌ ته‌ندروستییه‌كانی نادات. ئه‌و سێ جار له‌ هه‌فته‌یه‌كدا پێویستی به‌ دیالیزه‌ واته‌ شۆردنه‌وه‌ی گورچیله‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ واته‌ بڕیاری پاش داوای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ وه‌ک حوكمی مه‌رگ وایه‌ بۆی".

دیار نییه‌ ئاخۆ وه‌زیره‌كه‌ی پێشووی حكوومه‌تی عێراق هه‌تا ئێستاش ئه‌و چاره‌سه‌رییه‌ وه‌رده‌گرێ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی پرۆگرامی فیدراڵیی كاتیی ته‌ندروستیدا پێی ده‌درا.

باسمه‌جیان به‌ كه‌ناڵه‌ كه‌نه‌دییه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌ كه‌ كاتێک بابه‌كر مه‌حموود ئاغا داوای مافی په‌نابه‌رێتی كرد، ماوه‌ی سێ ساڵ بوو له‌گه‌ڵ هاوژینه‌كه‌ی له‌ كه‌نه‌دا ده‌ژیا. هاوژینه‌كه‌ی له‌ ساڵی 2012 له‌ باڵیۆزخانه‌ی عێراق له‌ ئۆتاوا ده‌ستی به‌ كار كردبوو. به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی دادگای كه‌نه‌دا، هه‌تا بابه‌كر داوای په‌نابه‌رێتی نه‌كرد، هه‌وڵه‌كان بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی مانه‌وه‌ی له‌ كه‌نه‌دا و دیپۆرت كردنه‌وه‌ی ده‌ستی پێنه‌كرد.

به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌، وه‌زیره‌ كورده‌كه‌ له‌ كاتی داواكردنی مافی په‌نابه‌رێتیدا رۆڵی خۆی له‌ حكوومه‌تی به‌عسدا به‌ بچووک له‌قه‌ڵه‌م داوه‌ و جه‌ختی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی راسته‌قینه‌ی نه‌بووه‌ و قازانجی له‌ پۆسته‌كه‌ی له‌ كابینه‌ی حكوومه‌تی به‌عس نه‌بینیوه‌.

دادوه‌ره‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ بابه‌كر له‌ هه‌ردوو حكوومه‌تی ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر و سه‌دام حوسێندا به‌رپرسیارێتی گه‌وره‌ی هه‌بووه‌، بۆ نموونه‌ له‌ كاتی جه‌نگی ئێران- عێراقدا گوته‌بێژی حكوومه‌ت بووه‌، رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌ واژۆ كردووه‌ و رۆڵی هه‌بووه‌ له‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ هێنانی كرێكاری بیانی بۆ عێراق ده‌دران.

باسمه‌جیان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ وه‌زیره‌ كورده‌كه‌ ده‌رفه‌تی زۆری هه‌بووه‌ عێراق جێبهێڵێ، به‌ڵام هه‌تا 1990 كه‌ پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی رێكخراوی كاری عه‌ره‌بی پێنه‌درا هه‌ر له‌ عێراق مایه‌وه‌. بابه‌كر له‌ ساڵی 1990 ئه‌و پۆسته‌ی بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ وه‌رگرت و دواتر له‌ 1995 جارێكی دیكه‌ هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌ و ده‌بوو هه‌تا ساڵی 2000 له‌و پۆسته‌ بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ 1999 یاسای ماوه‌ی خولی به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتیی رێكخراوه‌كه‌ هه‌موار كرایه‌وه‌ و كۆتایی به‌ ماوه‌كه‌ی هات.

ریچارد له‌یگ، پارێزه‌ری بابه‌كر مه‌حموود، داوای چاوپێكه‌وتنی بۆ هاوژینی موه‌كیله‌كه‌ی كردووه‌، به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بووه‌ ئاشكرای بكات ئاخۆ بابه‌كر و هاوژینه‌كه‌ی هه‌ر له‌ كه‌نه‌دا ماون یان نا، ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ی گوتووه‌ كه‌ موكیله‌كه‌ی له‌ دۆخێكدا نییه‌ لێدوان بۆ میدیا بدات.

چاره‌نووسی بابه‌كر مه‌حموود ئاغا پشده‌ری، ته‌مه‌ن 82 ساڵ، هه‌تا ئێستا دیار نییه‌، ئاژانسی خزمه‌تگوزاری سنووری كه‌نه‌دا ئاماده‌ نه‌بووه‌ هیچ زانیارییه‌ک بدات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی "زانیارییه‌كان تاكه‌كه‌سین". سكۆت باردسلی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ئاماده‌باشیی فریاگوزاری و پاراستنی گشتیی كه‌نه‌دا، ئاماده‌ نه‌بووه‌ باس له‌ چاره‌نووسی وه‌زیره‌كه‌ی حكوومه‌تی به‌عس بكات، ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێ كه‌ به‌هۆی مه‌ترسییه‌كانی شه‌ڕ له‌ عێراق، حكوومه‌تی كه‌نه‌دا دیپۆرتكردنه‌وه‌ی په‌ناخوازان بۆ ئه‌و وڵاته‌ی قه‌ده‌غه‌ كردووه‌.

سه‌ره‌ڕای ئه‌و قه‌ده‌غه‌یه‌ش، باردسلی جه‌ختی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌ندێک هه‌لومه‌رجدا كه‌سه‌كه‌ ده‌كرێ وه‌ک مه‌ترسییێک بۆ سه‌ر خه‌ڵک له‌قه‌ڵه‌م بدرێ، له‌وانه‌ش ئه‌و حاڵه‌ته‌ی كه‌ په‌ناخوازه‌كه‌ به‌شێوه‌یێكی به‌رفراوان مافه‌كانی مرۆڤی پێشێل كردبێ. له‌و حاڵه‌ته‌دا حكوومه‌ت رێگه‌ به‌ خۆی ده‌دات كه‌سه‌كه‌ دیپۆرت بكاته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وڵاته‌كه‌ی به‌ مه‌ترسیداریش بزانرێ.

به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌، ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ به‌رپرسێكی عێراقی داوای مافی په‌نابه‌رێتی له‌ كه‌نه‌دا بكات. له‌ شوباتی 2014، فه‌یسه‌ڵ عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی ئه‌لعانی كه‌ ئه‌فسه‌رێكی گه‌وره‌ی سوپای پێشووی عێراق بووه‌، داوای مافی په‌نابه‌رێتی له‌ كه‌نه‌دا كردبوو. فه‌یسه‌ڵ گوتبووی كه‌ ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێته‌وه‌ عێراق لیپێچنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێ، چوونكه‌ پێشتر په‌یوه‌ندیی به‌ حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ هه‌بووه‌.

ئه‌ویش هاوشێوه‌ی بابه‌كر مه‌حموود گوتبووی كه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی ئه‌وتۆی له‌ حكوومه‌تی عێراقدا نه‌بووه‌، به‌ڵام دادگای كه‌نه‌دا بڕیاری دابوو ئه‌گه‌ر كه‌سێک ناونیشانی به‌رپرسی باڵای له‌ رژێمێكدا وه‌رگرت، ئه‌وه‌ ئۆتۆماتیكی مافی ئه‌وه‌ی نامێنێ داوای مافی په‌نابه‌رێتی بكات.

باسمه‌جیا به‌ ته‌له‌فزیۆنه‌ كه‌نه‌دییه‌كه‌ ده‌ڵێ: بابه‌كر ره‌سووڵ ناچار نه‌كرابوو له‌و پۆسته‌ باڵایه‌دا بمێنێته‌وه‌. به‌ داخه‌وه‌ به‌پێی ماوه‌ی دوورودرێژی كاركردنی له‌و پۆسته‌دا، پێده‌چێ چاوی حوكمی بینینی ئه‌و هه‌موو تاوانه‌ی نه‌مابێ كه‌ رژێمی عێراق ده‌یكردن.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 86104

Your Comment

You are replying to: .
captcha