سه‌رکۆنسووڵی ئێران له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گومرگی هه‌رێم کۆ بوویه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گومرگی هه‌رێمی کوردستان دیدار و گفتوگۆی کرد.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 2ی ئه‌یلوولی 2019 نه‌سروڵڵا ڕه‌شنوودی سه‌رکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ساماڵ عه‌بدولڕه‌حمان عه‌زیز به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گومرگی هه‌رێمی کوردستان کۆ بوویه‌وه‌ و له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا هه‌ردوولا له‌باره‌ی هاوکارییه‌ دووقۆڵییه‌کان و ڕێکاره‌کانی ئاسانکاریی پڕۆسه‌کانی هاوپه‌یوه‌ند به هاورده‌ و هه‌نارده‌کردنی کاڵای نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان گفتوگۆیان کرد.

له‌ دیداره‌که‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گومرگی هه‌رێمی کوردستان پیرۆزبایی له‌ ڕه‌شنوودی کرد بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ هه‌ولێر و ئاماژه‌ی به‌ پێشینه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ دۆستانه‌ و قووڵه‌ مێژوویی و فه‌رهه‌نگییه‌کانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئێران کرد و هیوای خواست له‌ خولی به‌رپرسیارێتییه‌کانی ڕه‌شنوودی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیی بازرگانیی دوولایه‌نه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای هاوکاری و لێکتێگه‌یشتنی باش بێته‌دی.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رکۆنسووڵی ئێران له‌ هه‌ولێر خۆشحاڵیی خۆی له‌ به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و دیداره‌ نیشان دا و پڕۆسه‌ی هاوکارییه‌ گومرگییه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و ئێرانی به‌ ئیجابی و جێگای ڕه‌زامه‌ندی وه‌سف کرد و به‌رده‌وامیی هاوکارییه‌کانی نێوان هه‌ردوولای به‌ کاریگه‌ر هه‌ڵسه‌نگاند.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86096

Your Comment

You are replying to: .
captcha