مەسروور بارزانی سەرنجی تایبەتی خستۆتە سەر چارەکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکان و دەوڵەمەندکردنی پێوەندییەکان لەگەڵ ئێران

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مورتەزا عەبادی کونسووڵی پێشووی ئێران لە هەولێر گفتوگۆیێکی تێروتەسەلی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس کردووە و تێیدا وێڕای شرۆڤەکردنی ئاستی پێوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان باسی سیاسەتی مەسروور بارزانی سەرۆکوەزیرانی نوێی هەرێمی کوردستانی کردووە بەرانبەر بە پێوەندییەکانی هەولێر لەگەڵ ئێران و بەتایبەتییش ئەو پێوەندییانەی باس لە کاروباری ئەمنی و دەوڵەمەندکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەکەن.

کوردپرێس:

مانگی پووشوپەڕ (تەمووز)ی 1398 (2019)، ئەرکی چوارساڵەی مورتەزا عەبادی وەک کونسووڵی ئێران لە هەولێر کۆتایی هات. چەندین هۆکار هەن کە وایان کردووە عێراق ببێتە قووڵاییی ستراتێژیکی ئێران؛ لەوان: مەسەلە ئەمنییەکان، تەوەری سیاسی، کاروباری ئابووری و بازرگانی، پێوەندیی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی نێوان ئێران و عێراق. لەو نێوانەشدا هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە خاکی ئەو وڵاتە پێگەی تایبەتی خۆی لە سیاسەتی دەرەوەی تاراندا دۆزیوەتەوە.

هەلومەرجی سنوورەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان، دۆخی سیاسیی تایبەتی هەزێمی کوردستان و لەرزۆک بوونی سەقامگیریی ئێستای ناوچەکە وا دەکات هاوکاریی دووقۆڵی لە ڕەهەندە جۆربەجۆرەکان و قووڵ کردنەوەی پێوەندییە هەمەلایەنەکانی هەردوو دیوی سنوور ببێتە زەروورەت و ئەم ئەرکە قورسەش دەکەوێتە سەر شانی نوێنەرایەتیی ئێران لە هەرێمی کوردستان.

ئەو قۆناغەی کە مورتەزا عەبادی وەک سەرکونسووڵی ئێران لە هەولێر کاری دەکرد یەک لە هەستۆکترین قۆناغەکانی پێوەندیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بوو و گۆڕانکاریی سیاسی و ئەمنیی زۆر لە ناوچەکە و بەتایبەتی لە عێراق ڕووی دا. شەڕی داعش و بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستان و قووڵبوونەوەی ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا کە هەردووک دۆست و هاوپەیمانی ئێران بوون و شەپۆلی نوێی هەڕەشەکانی ئەمریکا دژبە ئێران و هەوڵی ئەمریکا بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بکاتە هاوپەیمانی خۆی بۆ دژایەتی کردنی ئێران، هەموو ئەمانە وای کرد سەرکونسووڵی ئێران ئەرکێکی قورسی بکەوێتە سەرشان.

ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بەبۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکی مورتەزا عەبادی وەک کونسووڵی ئێران لە هەولێر دیمانەیێکی تێروتەسەلی لەگەڵ ناوبراو کردووە.

دەقی دیمانەکە لێرەوە بخوێنەوە:

پڕۆسەی دیموکراسیەت لە هەرێمی کوردستان؛ کێبەرکێی هەڵبژاردن وەک بەدیلێک بۆ شەڕی سەربازی

کوردپرێس:هەرێمی کوردستان لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا هەوار و نشێوی زۆری لە ڕکابەریی نێوان حیزبە کوردییەکان بڕیوە و تەنانەت هەندێک جار دۆخەکە شەڕی ناوخۆشی لێکەوتۆتەوە. پاش چەندین ساڵ کارکردنتان لە هەرێمی کوردستان وەک کونسووڵی ئێران خوێندنەوەتان بۆ دوا پێشهاتە سیاسی و کۆکەڵایەتییەکان و پێوەندیی ئەو پێشهاتانە لەگەڵ پێشکەوتنی خەڵک سالاری چۆنە؟

مورتەزا عەبادی: حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی عێراق بە ئەزموونی ڕابردوویان ئەوەیان بۆ دەرکەوت کە سڕینەوە یان کەم کردنەوەی هەژموونیی ڕکابەرەکانیان کارێکی ئاسان نابێت و پێویستە پێکەوەژیان و ڕکابەری تێکەڵ بە دۆستایەتی بکرێت و ئەو ڕێچکەیە بکرێتە سەرمەشقی کارەکانیان. هەر بۆیەش بەکارهێنانی ڕکابەریی هەڵبژاردن وەک ئەڵتەرنەتیڤێک بۆ شەڕ و ململانێی سەربازی هەنگاوێکی گەورە بوو کە کوردستانی عێراق بڕیویەتی و ئەگەر دیموکراسیەت لە جیاتی ئەوەیبە ڕەش و چەرموو و سیفر و سەد بناسرێت، پێناسەی سیفر بۆ سەدی بۆ بکرێت بێگومان هەڵبژاردنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ڕەخساندنی بەستێن بۆ بەشداری کردنی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردن و خۆ بواردن لە توندوتیژی و قبووڵکردنی لایەنی موعارەزە هەموو ئەمانە بەشێک لە دیموکراسیەت دەبن.

ڕێکەوتن لە سەر وەرچەرخان لە سیسەتمی سەرۆکایەتییەوە بەرەو سیستەمی پەرلەمانی

کوردپرێس: یەک لەو تەوەرانەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان بەردەوام موناقەشەی لەسەر بووە سیستەمی سیاسیی حکومڕانی بووە. ململانێ لەسەر ئەو بابەتە ئێستاش بەردەوامە و کار لە سەر شێوەی جێبەجێ کردنی سیستەمی پەرلەمانی و دوورکەوتنەوە لەسیستەمی سەرۆکایەتی دەکرێت. دۆخی سەربازی و سیاسیی ئێستای هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن؟ بە ئاوڕدانەوە لە کارنامە و ئەجیندای حیزبەکانی کوردستان ڕوانینتان بۆ ئایندەی ئەم بابەتە چۆنە؟

مورتەزا عەبادی: دیاری کردنی سیستەمی حکومڕانی یەک لەو خاڵە جێناکۆکانەی نێوان لایەنە کوردستانییەکانی عێراق بوو و هەر یەکە لە لایەنگرانی سیستەمی سەرۆکایەتی و سیستەمی پەرلەمانی پاساو و بەڵگەی خۆیانیان بەدەستەوە بوو. ئەوانەی پشتگیریی سیستەمی سەرۆکایەتییان دەکرد دەیانگوت پێویستە هاووڵاتییان خۆیان ڕاستەوخۆ سەرۆکی هەرێم هەڵبژێرن. لایەنگرانی سیستەمی پەرلەمانییش دەڵێن سیستەمی سەرۆکایەتی لەگەڵ دەستووری عێراق ناگونجێت و پێویستە سەرۆکی هەرێم لە بەرانبەر پەرلەماندا وەڵامدەر بێت.

بەگشتی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی هەرێم بوو بە وەرچەرخانێک کە دەرخەری ڕێککەوتنی لایەنە کوردییەکان لەسەر گۆڕینی سیستەمی سەرۆکایەتی بۆ سیستەمی پەرلەمانی بوو. بەرەی پێشووی قیادەی کوردی سیمایێکی کاریزمایییان بوو و بەرەی نوێی سیاسی لە هەرێمی کوردستان جیاوازیی لەگەڵ ئەو بەرەیە هەیە بۆیەش پێ دەچێت دوورنواڕی سیسەتی سیاسیی داهاتووی کوردستان سیستەمی پەرلەمانی دەبێت.

دەوڵەمەندکردنی پێوەندیی برایانەی نێوان ئێران و حیزبە کوردستانییەکان لە ئەوپەڕی ڕێزی بەرانبەر و متمانە بە یەکدی کردن؛

کوردپرێس: پێوەندیی حیزبەکانی هەرێمی کوردستان بە حیزبی حاکم و ئوپۆزسیۆنەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران چۆنە؟ ئەم پێوەندییە لە سەر چ بنەمایێک دامەزراوە؟

مورتەزا عەبادی: ئەزموونێکی پێوەندیی 40 ساڵەی ئێران لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان بەدەستەوەیە و هەر دوو لا شان بە شانی یەکتر قۆناغێکی سەختی تەنیایی و ستەم لێکرانیان تێپەڕاندووە بەتایبەتی لە سەردەمی شەڕی سەپاوی سەدام حوسێن دژبە ئێران. بۆیە ئێران و هەرێمی کوردستان زۆر پێشهات و بەسەرهاتی تاڵ و شیرینیان لەگەڵ یەکتر ئەزموون کردووە. لەم ڕوانگەیەوە ئاسایییە کە ئەو پێوەندییە برایانە و خێرخوزانەیە بە درێژاییی مێژوو بەرهەم هاتووە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەوڵەمەندتر بکرێت و ئەمڕۆکەش هەردوو لایەنی دەسەڵات و موعارەزەش لە هەمان هەیکەلی سەرەکی سەریان هەڵداوە. بۆیەش پێوەندیی دوو لایەنەی ئێران و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بەو پەڕی ڕێز و متمانەی برایانە پەرەی پێدەدرێت.

گرینگیی پێگەی هەرێمی کوردستان لای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛

کوردپرێس: هەرێمی کوردستان چ پێگەیێکی لای کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە؟

مورتەزا عەبادی: بەئاوڕدانەوە لە خاڵە هاوبەشە فەرهەنگی و مێژوویی و شارستانییەکان و هەروەهاش سنوورە هاوبەشەکان و بەرژەوەندیی هاوبەشی نێوان هەردوولا، هەرێمی کوردستان لای ئێران خاوەن پێگەیێکی هەرە گرینگە. سەردانی بەرپرسانی پلە باڵای ئێران بۆ هەرێمی کوردستانیش دەرخەری ئەو گرینگایەتییە تایبەتەی هەرێمی کوردستانە. نموونەی سەردانەکانی ئەم دواییە ئەمانەن: سەردانی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، وەزیری دەرەوەی ئێران، بەرپرسانی باڵای ئەمنی، وەزیری بازرگانیی ئێران، جێگرانی وەزارەتخانەکانی دەرەوە و خوێندنی باڵا و پەروەردە و ....

پەیامی ئاشکرای هەرێمی کوردستان بۆ نیشاندانی ئیرادەی جدیی هەرێم بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکانی لەگەڵ بەغدا؛

کوردپرێس: خوێندنەوەی بەڕێزتان بۆ پێوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان وەک نەوت و ناوچەکانی مادەی 140 و کۆنتڕۆڵ کردنی سنوورەکان و داهاتە نەوتی و ناونەوتییەکان چیە؟

مورتەزا عەبادی: ئەمڕۆکە هەڵوێستی هەولێر و بەغدا زیاتر لە هەموو کاتێکی تر لێک نزیک بۆتەوە و ئێستا زیاتر دەرک بە یەکتر دەکەن. ئێستا داواکارییەکان مەعقولترە و بۆ ئەوە دەشێت کە بەدواداچوونیان بۆ بکرێت و لە کۆبوونەوەکاندا باسیان لە سەر بکرێت و بەرپرسانی هەردوولاش بە ڕوانینێکی ڕیئالتر پێبەندن بە خاڵە دەستوورییەکانی عێراق. هەر بۆیەش سەردانی جیاجیای سەرۆکی نوێی هەرێم و سەرکوەزیرانی نوێی حکوومەتی هەرێم بۆ بەغدا پاش وەرگرتنی پۆستەکانیان هەڵگری پەیامێکی ئاشکرای متمانە دروست کردن و ئیرادەی جیدی بۆ چارەکردنی کێشەکان بوو. دیارە کەس بەتەما نیە هەموو کێشەکان لە ماوەیێکی کەمدا چارە بکرێن بەڵام گرێنگ ئەوەیە ئیرادەی هەردوو لا سەلماندوویەتی کە ئاقارەکە بەرەو چارەکردنی کێشەکان دەڕوات. هەڵبەت دیارە ئیلتیزامی بەغدا و هەولێر بەرانبەر بە یەک بەگوێرەی دەستووری عێراقی و یاسا دەرچووەکانی پەرلەمانی عێراق و پێدەچێت هەردوو سەرۆکوەزیرانی عێراقیش و هەرێمیش ئەو پێبەندبوونەیان ڕەچاو کردووە.

ئاستەنگەکانی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا و هەڵوێستی ئێران لەوبارەیەوە؛

کوردپرێس: هەولێر و بەغدا سیاسەتی نێویان بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکان گرتۆتە بەر بەڵام ئاستەنگەکان هەر ماون. بەڕای ئێوە لەمپەری سەرەکیی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر کێشەکانیان چیە؟

مورتەزا عەبادی:خوێندنەوەی جۆربەجۆر بۆ دەستووری عێراق و نەبوونی یاسای نەوت و گاز و ناوچە جێناکۆکەکان و بێ متمانەییی ڕابردوو ئەو لەمپەرانە بوون کە ڕێگەیان نەدەدا بەغدا و هەولێر بگەنە ڕێککەوتن بەڵام ئێستا متمانە بە یەکترکردن و ئێرادەی جیدیی دوو لایەن بۆ چارە کردنی گرفتەکانیان ڕێگەی بۆ نەمانی کێشەکان خۆش کردووە.

کوردپرێس: هەڵوێستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی خاڵە جێناکۆکەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چیە و ئێران دەتوانێت چ دەورێکی لەم بابەتەدا هەبێت؟

مورتەزا عەبادی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕایانە بە لایەنە عێراقییەکان دەڵێت ڕێز لە دەستووری عێراقی بگرن و لە چوارچێوە یاسا کارپێکراوەکانی ئەو وڵاتەدا بجووڵنەوە و ڕێز لە یاسا تێپەڕدێندراوەکان بگرن کە مافی هەر لایەنێکی دیاری کردووە.

بەشداریی ڕوو لەگەشەی ئێران لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان؛

کوردپرێس: پێوەندیی ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرکانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان ئێستا لە چ ئاستێکدایە و ئێران چ پلە و پێگەیێکی لە بازاڕەکانی هەرێم بۆ خۆی تەرخان کردووە؟

مورتەزا عەبادی: هەرێمی کوردستان لە بەشی بازرگانیدا دوو ڕەهەندی جیا لە خۆ دەگرێت: یەکەم بازاڕی ناوخۆ کە زیاتر لە 5 ملوێن بەکارهێنەری تێدایە و دووهەم هێڵێکی پێوەندی لەگەڵ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و ژمارەیێک لە وڵاتانی دیکەش. لە لایێکی دیکەوە خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرهەمە ئێرانییەکان دەناسن و تەشکی ئێرانی و عێراقی لێک نزیکە بۆیە ئاڵوگۆڕی بازرگانی سەرنجی زیاتری خرایە سەر. ئێران بە 7 دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی بازاڕچەی مەرزی ئاوڕی تایبەتی لە هەناردەکردنی بەرهەمە ئێرانییەکان بەرەو عێراق و هەرێمی کوردستان داوەتەوە. بەشداری کردنی ئێران لە بازاڕەکانی هەرێم ئێستا جێگای قبووڵە و ڕوو لە زیادبوونیشە. هەڵبەت دیارە چوون زانیاریی تەواومان نیە کە بەرهەمە نێردراوە ئێرانییەکان لە کام بازاڕ دەفرۆشرێت ناتوانین بە وردی پلەی ئێران لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دیاری بکەین. بەڵام بەرپرسانی هەرێم دەڵێن کاڵای ئێرانی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا بە پلەی دووهەم خۆی دەبینێت و تورکیا لە پلەی یەکەمدایە. ژمارەیێک لە چاودێران تەنها پشت بە ئاماری ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل دەبەستن ئەوەش لە کاتێکدایە ئیبراهیم خەلیل تاکە دەروازەی سنووری هاوبەشی نێوان تورکیا و عێراقە و ئاسایییە کە بەشێکی فراوان لە کۆی کاڵای نێردراوی تورکیا کە بەهاکە 7 بۆ 8 ملیار دۆلارە دەڕوات بۆ بازاڕەکانی ناوەند و باشووری عێراق. بەڵام ئێران تەنها بۆ هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی 4 ملیار دۆلار کاڵای ناردووە. هەر بۆیەش پێویستە ئەگەر ئەنجامێکی پشتڕاستکراومان بوێت پێویستە ئەم خاڵەش ڕچاو بکەین. بەم پێیەش ڕکابەرییێکی گووشراو لە نێوان کاڵا ئێرانییەکان و بەرهەمە تورکییەکان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەبینرێت و ناتوانین بە تەواوی پلەی ئەو دوو وڵاتە لە بازاڕەکاندا دەستنیشان بکەین.

ئاستەنگەکان فراوان کردنی پێوەندیی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان؛

کوردپرێس: چین ئەو کێشە و ئستەنگانەی ڕێگری لە فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دەکەن ناهێڵن ئامانجەکان مسۆگەر ببن؟ لەم ساڵانەی دواییدا چی کراوە بۆ چارەکردنی کێشەکان؟

مورتەزا عەبادی: ئاوڕنەدانەوە لە توانا ناوخۆیی و واسیتەییەکانی عێراق لە بەشی ناردنکاری بۆ ئێران (تەنها مۆڵەتی ناردنی چەند جۆر کاڵا لە عێراقەوە بۆ ئێران دراوە بە گومرگەکان ئەوەش لە کاتێکدا عێراق زەمینەی باشی بۆ ڕەخساوە کە کاڵای واسیتەیی بۆ ئێران بنێرێت)، قەدەغەی سەر ناردنکاری لە زۆر کاڵای جیاواز، دەڵاڵبازیی کەرتی وەبەرهێنان، چاودێری نەکردنی چاودێران بە سەر کوالێتیی کاڵا نێردراوەکان، لێنەهاتووییی بەڕێوەبەرایەتیی سنوورەکان لەباری بەڕێوەبردن و دابین کردنی ئیمکانیات، پشووەکان، ئیهمال کردنی چالاکیی شەوانەڕۆژیی دەروازە سنوورییەکان، بانگەواز نەکردن بۆ ناساندنی بەرهەمە ئێرانییەکان، نەبوونی بەشێکی گواستنەوەی جێ متمانە بۆ گواستنەوەی کاڵاکان، بەشداری نەکردن لە ترانزیتی کاڵاکان، باجی زۆر و تێچووی فرەی ئاڵوگۆڕکردن لە دیوی عێراقەوە و ... ئەمانە کۆمەڵێک لە لەمپەرەکانی فراوان کردنی پێوەندیی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بوون.

هەڵبەت لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا کاری باش کراوە بۆ سامان پێدان و یەکخستنی بازاڕچە هاوبەشەکان و کۆنفڕانسی ئابووریی جیاجیا بە بەشداریی بەرپرسان و بازرگانانی هەردوو لا و بە ئامادەبوونی وەزیرانی بازرگانیی عێراق و ئێران و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو. هەروەها کۆنفڕانسێکی دیکەش بە بەشداریی وەزیری دەرەوەی ئێران و بەرپرسانی ئابووریی هەردوو لایەنی ئێرانی و عێراقی لە هەولێر بەڕێوە چوو و ئەمانە هەماهەنگی و کاری هاوبەشی دەوڵەمەند کرد و پاش بەڕێوەچوونی پێشانگای ناساندنی تواناکانی بەرهەمهێنان کە بۆ بەرهەمی ئێران لە هەولێر بەڕێوە چوو هەوڵ درا بە بێ دەڵاڵ و واسیتە پێوەندیی نێوان بەرهەمهێنەر و بەکارهێنەر ڕاستەوخۆ دروست بکرێت. هەڵبەت دیارە توانا و زەمینەیێکی باشتر و لەبارتر ئامادەیە بۆ ئەوەی هەردوو لایەن پێوەندییەکانیان فراوانتر بکەن هەر بۆیەش پێویستە کار بکرێت بۆ چارەکردنی ئەو ئاستەنگ و لەمپەرە ورد و دشتانەی کارتێکەرییان لەسەر ڕەخساندنی هەلی کار و گەشەی ئابووری هەیە.

پێگەی کەرتی گەشتیاری و تووریسم دەرمانی لە پێوەندیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان؛

کوردپرێس: کەرتی گەشتیاری چ پێگەیێکی لە پێوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان هەیە و بۆ برەوپێدانی ئەو کەرتە و بەرزکردنەوەی ڕێژەی داهاتی گەشتیاری چ قەرارێک دراوە و چی کراوە؟

مورتەزا عەبادی: ئەمڕۆکە کەرتی گەشتیاری وەک پیشەیێکی تەندروست ناوی لێدەبرێت و زۆر وڵات سەرنجیان گواستووەتەوە بۆ ئەم بەشە و بڕێکی فراوان پارە و بودجەی وڵاتەکانی بۆ تەرخان کراوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران توانا و دەفرایەتیی تایبەتی زیارەتی و دەرمانی و مێژوویی و جوگرافیی تێدایە و ئێران دەتوانێت مەنزڵێکی جدی و سەرەکی بێت بۆ گەشتیاران و بەتایبەتییش گەشتیارانی وڵاتانی دراوسێ. لەم بەشەدا هەماهەنگیی باشمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و لەلایێکی دیکەشەوە هەڵگرتنی باجی سەر ڤیزەکان و ئاسانکاری کردن بۆ وەرگرتنی ڤیزە وای کرد ڕێژەی هاتنی گەشتیار بۆ ئێران بگاتە ئاستێکی باش. لە ئێستادا مامناوەندی 5 هەزار کەس لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەسەرکردنەوەی شوێنە مێژوویی و جوگرافی و دەرمانی و زیارەتی و ئاکادیمی و بازرگانییەکانی ئێران ڤیزەی گەشت کردن بۆ ئەو وڵاتە وەردەگرن و چاوەڕوان دەکرێت ئێستا کە وەزارەتی گەشتیاری و میراتی کەلتوورییش لە ئێران دامەزراوە ئەم بابەتە سەرنجی زیاتری بخرێتە سەر و برەوی پێبدرێت.

کوردپرێس: تووریسم دەرمانی یەک لە حەوزە هەرەگرینگەکانی کەرتی گەشتیارییە. ئەم بەشە ئێستا لە پێوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا خاوەنی چ پێگەیێکە و چی کراوە بۆ ئەوەی بە زیاترین ڕێژە کەڵک لەم بەشە وەربگیرێت؟

مورتەزا عەبادی: خەڵکی هەرێمی کوردستان ئاگاداری توانا پزیشکییەکانی ئێرانن و بەو پێیەش سەردانی هاووڵاتییانی هەرێم بۆ چارەسەری پزیشکی یەک لە بەشە سەرەکییەکانی هاتنی هاوڵاتییانی هەرێمە بۆ ئێران. بەئاسانی دەستیان بە هەموو شت دەگات و تێچووەکەش کەمە و پزیشکی پسپۆڕی باشیشی تێدایە. بۆیە کوردەکانی هەرێم زۆر پێشوازی لەم بەشە گەشتیارییە دەکەن. دەشبینرێت کە زۆرینەی بریندارانی کیمیابارانی باکووری عێراق و بەتایبەتی هەڵەبجەیییەکان لە ئێران بەدوای چارەسەری پزیشکییەوەن. بەشێکی سەنتەرە پزیشکییەکانی ئێرانیش کە تەرخان کراوە بۆ نەخۆشانی بیانی و ئاسانکاریی تایبەت بۆ ئەو نەخۆشانە دەکەن لە هەرێمی کوردستان بە هاووڵاتییان دەناسرێن و پێوەندی لە نێوان کۆمپانیاکانی توریسم دەرمانی و نەخۆشخانە ئێرانییەکان لەگەڵ زۆر سەنتەری هەرێمی کوردستان بەردەوامە و ئەو شوێنانە بە کۆمپانیا گەشتیارییەکان دەناسرێن و زۆر خزمەتگوزاریی پێویستیان پێدەدرێت بۆ نموونە مانەوەی زیاتر لە ئێران یان خود پێدانی ڤیزەی جۆربەجۆر بۆ نەخۆشەکان. هەڵبەت دەبێت جۆری نەخۆشییەکان و توانای نەخۆشخانەکانیش لەبەرچاو بگیرێت و بەپێی نەخۆشییەکان پێویستە ئەو سەنتەرانەی لە ئازەریاجانی ڕۆژئاوا و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و کوردستان و کرماشان لەبارترن و توانای پزیشکیی پێویستیان بۆ ئەو نەخۆشییە هەیە بۆ چارەسەری نەخۆشەکە هەڵبژێردرێت و نەخۆشەکان بە بێ ئەوەی دەڵاڵ و واسیتەی زیادی بناسن پێویستە بەو سەنتەرە پزیشکییانە بناسێندرێن.

ئاسایشی سنوورەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان و چالاکیی لیژنەی ئەمنیی هاوبەش؛

کوردپرێس: دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوورەکان بەردەوام یەک لە ئەولەویاتی کاری هەردوو لایەنی ئێران و کوردستانی بووە. چەند گرووپێکی چەکداری نەیاری ئێرانیش لە خاکی هەرێمی کوردستانن. ئێستا دۆخی ئەمنیی سنوورەکان و جووڵەی ئەو گرووپانە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

مورتەزا عەبادی: بوونی گرووپە تیرۆریستییە ئێرانییەکان لە هەرێمی کوردستان میراتی سەردەمی ڕژیمی سەدامە کە لە کاتی شەڕی سەپاوی سەر ئێراندا شان بەشانی سەدام شەڕی دەوڵەت و گەلی ئێرانیان کرد و لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە زۆر هاووڵاتیی ئێرانییان لە شارەکانی سەر سنوور پەلکێشی چەقی مردن کرد و ئەمەش وای کرد ئەم ناوچە سنوورییانە دێرتر قەرەبوو بکرێنەوە کە لە سەردەمی شای ئێراندا ئیهمال کرابوون و پەراوێز خرابوون. ئەم جەماعەتە کە دەستیان بە خوێنی زۆر خەڵکی بێ تاوان و هاووڵاتیی مەدەنی و کەسایەتییەکان وەک شەهیدان مامۆستا شێخولئیسلام و مامۆستا عەزیمی و 12 ژن و منداڵی ڕووداوەکەی 31ی خەرمانان سوورە لە سەردەمی شەڕی داعش و هێزی پێشمەرگەشدا بەبۆنەی خەمساردی و ئیهمالی چەند بەرپرسێکی ئەمنیی هەرێمی کوردستان دەستیان بە جووڵەی ناوبەناو لە گوندەکانی سەر سنووری ئێران کرد بەو هومێدەی بتوانن پشتگیریی بیانی بۆ خۆیان دروست بکەن و لە چەقبەستووی و پەراوێزکەوتووی خۆ دەرباز کەن و ورەیان نەبەزێت و بڵێن ماوین. هەڵبەت ئامادەبوونی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پارێزگاری کردن لە سنوورەکان بووە هۆی ئەوەی تیمە نێردراوەکانی ئاژاوەگێڕان زەبری قورسیان لێبکەوێت و نەگەنە ئامانجەکانیان. بەگشتی چەتەیی کردنی لە ڕێڕەوە قاچاخەکان و بەکارهێنران و بەکرێگیرانی ئەم جەماعەتە کەمە لەلایەن هەندێک وڵاتەوە ناتوانێت ڕێگری لە مەرگ و لەناوچوونییان بکات. هەر بۆیەش بەم ئامادەیییەی هێزی سەربازیی ئێرانەوە ئاسایشی خاکی ئێران خەشی تێناکەوێت.

کوردپرێس: لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەند کارێکی هاوبەش بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیریی سنوورەکان و ڕێگری کردن لە جووڵەی دژەئەمنیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا. یەک لەو کارانەش پێکهێنانی لیژنەی هاوبەشی ئەمنی بوو. ئەم کارە هاوبەشە ئێستا لە قۆناغێکدایە و ئایا لیژنەی هاوبەش ئێستا چالاکە؟

مورتەزا عەبادی: ئەمنییەت فاکتەرێکی هاوبەشە و هەردوو لا دەبێت بۆ پارێزگاری کردنی هەوڵ بدەن. بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش دەرک بەم مەسەلەیە دەکەن و بەو پێیەش ئاسایش و ئەمنی نێوان هەردوولا جێگیر بووە و ڕێککەوتنی باشی لەسەر کراوە. ئەم لیژنەیە بەردەوامە لە کارەکانی خۆی و ئێستاش کە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم پێکهێنراوە پاش ئاڵوگۆڕکرانی پۆستەکان و تەواوبوون و یەکلابوونەوەی کابینەکە ، کۆبوونەوەی لیژنەکەش بەڕێوە دەچێت.

مەسروور بارزانی سەرنجی تایبەتی خستۆتە سەر سڕینەوەی نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئێران؛

کوردپرێس: لەم دواییەدا چەند دیدارێکتان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم و بەتایبەتی لەگەڵ مەسروور بارزانی کرد. لەو دیدارەدا لە سەر چی قسەتان کرد و ڕوانینی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم بۆ پێوەندییەکانی لەگەڵ ئێران چۆنە؟

مورتەزا عەبادی: چاوپێکەوتنەکەم لەگەڵ مەسروور بارزانی بە مەبەستی پیرۆزبایی کردنم بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستە نوێیەکەی بوو و لەو دیدارەدا پەیامی پیرۆزباییی بەرپرسانی باڵای ئێرانم بە بەڕێزیان ڕاگەیاند هەروەهاش پێوەندیی لە مێژینەی ئێران لەگەڵ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و ئاستی پێوەندییەکان و دوورنواڕی ئەو پێوەندییانە باسیان لەسەر کرا و بەڕێز سەرۆکوەزیررانیش ڕژد بوو لە سەر سڕینەوەی ئاستەنگ و لەمپەرەکان لە پێش ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری. سەرۆکوەزیرانی هەرێم هەروەهاش پێشوازیی کرد لە ناردنکاریی کاڵا واسیتەییەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو ئێران.

کوردپرێس: وەڵامی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئێران لەبارەی سنوورەکانیەوە چی بوو و لایەنی ئێران چ چاوەڕوانییێکی لە لایەنی کوردستانی هەیە؟

مورتەزا عەبادی: سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشێکی تەمەنی خۆی لە ئێران ژیاوە و باش ئێران دەناسێت و سەرنجی تایبەتی خستۆتە سەر سڕینەوەی ئەو خەمە ئەمنییەی ئێران لەبارەی سنوورەکانیەوە هەیەتی و بەکارهێنانی خاکی هەرێمی کوردستان دژ بە دراوسێکانی قبووڵ ناکات و ڕایگەیاند بە هیچ شێوەیێک ڕێگە نادات خاکی هەرێمی کوردستان دژی دراوسێکانی بەکار بهێنرێت. کەمترین چاوەڕوانیی ئێمەش لە حکوومەتی هەرێم ئەوەیە ئەو نەیار و ئاژاوەگێڕە چەکدارە ئێرانییانەی لە باکووری عێراق جێگیر کراون و ناوبەناو لە سنوورەکان ئازاری ئێران دەدەن و دەبنە هۆی نائەمنی ڕادەستی ئێرانیان بکات.

هەڵبەت ژمارەیێک لە میدیا نەیارەکانی ئێران هەوڵ دەدەن گرووپە تیرۆریستییەکان بە ستەملێکراو و داماو پیشان بدەن و بە پەنابەر ناویان لێدەبەن بەڵام ئەوەش لە کاتێکدایە پەنابەری بەپێی پەیڕەوی دەولی پێناسەی تایبەتی خۆی هەیە و لە هیچ یاسایێکی کارپێکراوی دەولیدا بوون و جووڵەی چەکدارانە و هەڵمەتی تیرۆریستی و پێکهێنانی بنکەی سەربازی بۆ پەنابەر ڕێگە پێدراو نەبووە.

News Code 86084

Your Comment

You are replying to: .
captcha