٤١٧رۆژە ھیچ زانیارییێک لەسەر ئۆجەلان نییە

بەشی تورکیا- پارێزەرەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕاپۆرتێکیان لەبارەی گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان-ەوە ئامادە کرد و ئاراستەی کۆمیتەی ڕێگری­کردن لە ئەشکەنجە، سی پی تی-یان کرد، بەپێی ڕاپۆرتەکەش، ماوەی ٤١٧ ڕۆژە، ھیچ زانیارییێک لە بارەی دۆخی تەندروستی و ئاسایشی ئۆجەلان-ەوە ڕانەگەیەندراوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە ماوەی ١٤ مانگ واتە ٤١٧ ڕۆژە، ھیچ زانیارییێک لە بارەی دۆخی عەبدوڵا ئۆجەلان-ەوە بۆ دەرەوە ڕانەگەیەندراوە.

ھەر لە ڕاپۆرتەکەدا، ھاتووە،"لەبارەی دۆخی ئۆجەلان-ەوە ھەندێک ھەواڵی نەرێنی بڵاو کراوەتەوە و ھەر ئەوەش ئەندامانی خێزان و گەلی کوردی خستووەتە نیگەرانییێکی جدییەوە، پێمان­وایە ئەو ھەواڵانەی لە بارەی ئۆجەلان-ەوە بڵاوکراونەتەوە جیا نین لەو ڕووداوە ڕۆژانانەی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدەن، بۆیە باوەڕمان وایە، کە پێویستە بەڕێز ئۆجەلان، لە شوێنێکدا بمێنێتەوە، کە ئاسایشی بەتەواوی پارێزراو بێت، بە پێچەوانەی ئەوەی تا ئێستا ڕووی­داوە".

لەبەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا، ڕەخنە لە سی پی تی گیراوە، کە لە ساڵی ٢٠١٧دا بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لەتورکیا سەردانی زیندانەکانی تورکیای کردووە، بەڵام نەچووەتە ئیمرالی.

لە کۆتاییی ڕاپۆرتەکەشدا، داوا لە کۆمیتەی ڕێگری­کردن لە ئەشکەنجە (سی پی تی) کراوە، کە ھەوڵ بدات بۆ ناردنی شاندێک بۆ ئیمرالی و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاریی ڕاست لە بارەی دۆخی تەندروستی و ئاسایشی ئۆجەلانەوە.

لە ٢٧ی تەمووزی ساڵی ٢٠١١ەوە تائێستا نزیکەی ٧٠٠جار، داواکاریی بینینی ئۆجەلان رەت­کراوەتەوە و بە شێکی زۆری داواکارییەکان بە بیانووی خراپیی کەش و ھەوا و ھۆکاری کێشە لە کەشتییەکان و دۆخی نائاساییی تورکیاوە رەت­کراوەتەوە.

١٢ی تەمووزی رابردوو، جەنگیز چیچەک، پارێزەری عەبدوڵا ئۆجەلان، کە لەھەمان­کاتدا، ھاوسەرۆکی ھەدەپەیە، لە ئەستەنبوڵ، رایگەیاند" ئیتر ناتوانین بڵێین گۆشەگیری سەر ئۆجەلان، ئێستا دەتوانین بڵێین ئەو نادیارە".

عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانی­کراوی پەکەکە، لە ساڵی١٩٩٩دا لە نەیرۆبی پایتەختی کینیا، دەستگیر کرا و ڕادەستی تورکیا کرا و ماوەی ١٨ساڵە لە دورگەی ئیمڕاڵی زیندانییە.

کۆتا جار لە ٢٧ مانگی تەموزی ٢٠١١ پارێزەران چاویان بە ئۆجەلان کەوتووە.

News Code 8608

Your Comment

You are replying to: .
captcha