بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەدەپە ئەو میتینگە فراوانەی خستووەتە رۆژی 1ی ئەیلوول کە رۆژی جیهانیی ئاشتییە و گردبوونەوە جەماوەرییەکەی لە ئامەد لەژێر ناوی "گەلی ئێمە شەڕ ناخوازێت، ئاشتی دەخوازێت" رێکدەخات.
هەدەپە بانگهێشتی تەواوی پارت و کۆمەڵە و رێکخراو و لایەنەکانی کردووە بۆ ئەوەی بەشدار بن و دەڵێت بەشداربوونیان لەم میتینگەدا بەرگری کردنە لە ئاشتی و دیموکراسی، نەوەک لە هەدەپە. پێشبینی دەکرێت ژمارەیێک لە بەرپرسان و لایەنگرانی جەهەپە وەڵامی ئەرێنیی داواکەی هەدەپە بدەنەوە.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ رۆژی رابردوو سەردانی ئامەدی کرد و گوتی: "ئەو ئیرادەیەی لە سندووقەکانەوە دەرچووە، ئیرادەیەک نییە کە لەلایەن کەسانێکی پلەدار بەپێی بەرژەوەندی خۆیان ئەژمار بکرێت یان نەکرێت. دروست کردنی کۆسپ لەبەردەم مافی هەڵبژاردن و هەڵبژێردراوان، جگە لە بەهێزکردنی ئەو لایەنانەی پەنا دەبەنە بەر رێگە نادیموکراسییەکان، هیچ سوودێکی دیکەی نییە. ئەگەر هەموومان بەیەکەوە دژی ئەو لایەنە نادیموکراسییە خەبات بکەین، کە واش دەکەین، ئەوا پێویستە لەسەرمان خاوەنداریی دیموکراسی و ئیرادەی گەل بکەین".
حکوومەتی تورکیا لە چەند شوێنێکدا رێگەی بە بەڕێوەچوونی میتینگەکە داوە، بەڵام چەند وشەیێکی قەدەخەکردووە کە بریتین لە؛ تاڵان کردنی سامانی دەوڵەت، کوودەتا، پەراوێزخستن، ژێرپێ کردنی ویستی گەل و چەند وشەیێکی دیکە.
جەنگیز ئوزون ئێر، یاریدەدەری هاوسەرۆکی لقی هەدەپەی ئیستەنبووڵ ئەم قەدەخەکارییەی بە شەرمەزاری ناوبرد و گوتی: "قەدەخەکردنی ئەو وشە و دەستەواژانە مایەی شەرمەزاریین. لە سەردەمی عەبدولحەمید، وشەکانی کۆشک، لووت و ئەستێرە قەدەخەبوون، دوای تێپەڕبوونی 100 ساڵ دەبینین وشەکان بە نزیکەیی هەر هەمان شتن ئێمە باسی شتێک ناکەین کە بوونی نەبێت. ئەو وشانەش بەکاردەهێنین.
هەر ئەمڕۆ هەدەپە هاوپەیمانیی دیموکراسی رادەگەیەنێت کە ئامانجەکەی گۆڕینی دەستووری تورکیا و دانانی نەخشەڕێگەیەکە، وەک هەدەپە دەڵێت هاوپەیمانییەکە بۆ بە دیموکراسی کردنی تورکیایە.
هەدەپە پارتەکانی جەهەپە، سەعادەت و هەموو پارتە کوردییەکانی بانگهێشتی هاوپەیمانییەکە کردووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ لایەنێکیان بەفەرمی وەڵامیان نەداوەتەوە.
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment