کوردپرێس: ئەردۆغان لە میانی بەشداری کردنی لە رێوڕەسمی پێدانی بڕوانامە و وەرگرتن و رادەستکردن لە قوتابخانە جەنگییەکانی سەر بە زانکۆی بەرگریی میللی، گوتارێکی پێشکەش کرد و پیرۆزبایی لە ٣٢٥ قوتابی سەرکەوتوو کرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی پرسی دەرچوونی تورکیا لە ناتۆ گوتی: "نیازمان نییە دەستبەرداری ئەندامێتی ناتۆ بین و واز لە ھاوپەیمانەکانمان بھێنین".
ئەردۆغان راشیگەیاند: "بەردەوامی چالاکییەکانی رێکخراوێکی تیرۆریستی جوداخواز کە ئێمە شکستمان پێیھێناوە، لە پەنای وڵاتێکی ھاوپەیمانی ئێمە، ئەمڕۆ بووەتە کێشەیێکی جیا لە بەردەممان".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: "ستەمی رێکخراوی تیرۆریستی لە رۆژھەڵاتی فوڕات لە خەڵکی ناوچەکە، ئیتر بە شاراوەیی نەماوەتەوە".
ھەر لەبارەی دروست کردنی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا، ئەردۆغان گوتی: "لەبارەی ئەو ناوچە ئارامەی کە بە درێژای سنوورەکانمان لە رۆژھەڵاتی فوڕات دروست دەکرێت، کات و ئارامی زۆرمان نییە".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمبارەیەوە گوتییشی: "ئەگەر لە ماوەی چەند ھەفتەیێکدا سەربازانمان ناوچەکە کۆنترۆڵ نەکەن، پلانی جموجۆڵی خۆمان جێبەجێ دەکەین".
ئەردۆغان باسی لە فرۆشتنی پاتریۆت کرد و گوتی: "ئەگەر پرسی فرۆشتنی پاتریۆت وەک گوشار لەسەر ئێمە بەکار بھێنرێت و ھەوڵبدرێت بەم ھۆیەوە پێدوایستییە ئەمنییەکانمان لاوازیی تێبکەوێت، ئەوا بژاردەی خۆمان بەلایەنی سیستەمەکەی دیکە بەکاردەھێنین".
سەرکۆماری تورکیا وتیشی: "ئیتر ھیچ کەسێک بە بیانووی داعش کەس ھەڵناخەڵەتێنێت کە بە ئاشکرای دەرکەوتووە لە لایەن چەند دەستێکی رەش وەک پڕۆژەیێک ھێنراوەتە گۆڕەپانەکە، کێشەی ناوچەکە داعش نییە، بەڵکوو شەڕی دابەش کردنی بەرژەوەندییە لە لایەن چەند ھێزێک".
لەبارەی فڕۆکەی جۆری F-35 ئەردۆغان گوتی: "فڕۆکەکان رادەستی ئێمە ناکرێت. ناتوانین دەستە وەستان بوەستین و چاوەڕێی ئەو شتانە بکەین کە بەسەرماندا دێن".
سەرکۆماری تورکیا باسی لە رۆژھەڵاتی فوڕات کرد و گوتیشی: "ئەگەر لە ماوەی دوو سێ ھەفتەی داھاتوودا لە رۆژھەڵاتی فوڕات بە شێوەیێکی کرداریی لەگەڵ سەربازەکانمان دەست نەکەین بە دروست کردنی ناوچەکە لە چوارچێوەی ئەو مەرجانەی دیاریمان کردوون، ئەوا با بەرامبەرەکانمان بۆخۆیان بیر لە دواتر بکەنەوە".
سەرچاوە: NTV
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment