گه‌نجێکی کورد بانگهێشتی به‌شداری له‌ کۆڕبه‌ندێکی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان کرا

به‌شی زانست و ته‌کنه‌لۆجیا- نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ نامه‌یێکی فه‌رمیدا بانگهێشتنامه‌ی ئاراسته‌ی گه‌نجێکی کوردی هه‌ڵه‌بجه‌یی کرد بۆ به‌شداری کردن له‌ گه‌وره‌ترین کۆڕبه‌ندی ژینگه‌یی له‌ ویلایه‌تی نیۆیۆرک.

کوردپرێس:

ڕۆژی شه‌ممه 21ی ئه‌یلوولی 2019 ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان یه‌که‌مین کۆڕبه‌ندی که‌شوهه‌وای گه‌نجان له‌ نیۆیۆرک و له‌ سه‌روبه‌ندی وه‌رچه‌رخانێکی گرنگ له‌ کۆڕبه‌ندی که‌شوهه‌وای کرداریدا به‌ڕێوه‌ ده‌بات که‌ له‌ نامه‌یێکی فه‌رمیدا بانگهێشتنامه‌ی ئاراسته‌ی پێشه‌نگ نه‌وشیروان گه‌نجێکی کوردی هه‌ڵه‌بجه‌یی و چالاکوانی بواری ژینگه‌ و یه‌کێک‌ له‌ خۆبه‌خشه‌کانی گرووپی ژینگه‌دۆستی کردووه که‌ ماوه‌ی ته‌نها چوار مانگه‌ دامه‌زراوه‌ و ده‌ستی به‌ کار و چالاکییه‌کانی کردووه‌ و ناوبراو وه‌ک نوێنه‌ری گرووپی ژینگه‌دۆستی بانگهێشتی کۆڕبه‌نده‌که‌ کراوه‌.

له‌ بانگهێشتنامه‌که‌ی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بۆ پێشه‌نگ نه‌وشیروان نووسراوه: "به‌رێز پێشه‌نگ نه‌وشیروان خۆشحاڵییه‌ بۆ ئێمه‌ بانگهێشتت بکه‌ین بۆ یه‌که‌مین کۆڕبه‌ندی که‌شوهه‌وای گه‌نجان".

له‌ به‌شێکی دیکه‌ی نامه‌که‌دا که‌ به‌ واژۆی هه‌ر‌یه‌که ‌له‌ لویس ئه‌لفۆنسۆ دێ ئه‌لبا سکرتێری گشتیی کۆڕبه‌نده‌که‌ و جایسما ویکرامانیاکی سکرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ نێرده‌ی گه‌نجانی وڵاتان ئاراسته‌ی پێشه‌نگ کراوه‌ هاتووه‌: "به‌ ئومێده‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ به‌شداری و ڕۆڵی ئێوه‌ له‌ پاڵپشتی کردنی زیاتری دۆزی ژینگه له‌ پێناو به‌دیهێنانی ئامانجه‌ هاوبه‌شه‌که‌مان له‌ به‌ده‌ستهێنانی پرۆگرامی نێت زیرۆ که‌ پرۆژه‌یێکی ژینگه‌ییی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانه و ئامانجی بنیادنان و به‌ کلتووری کردنی خانوو و باڵه‌خانه‌ی ژینگه‌دۆسته‌ که‌ تیادا وزه‌ نوێبوه‌وه‌کان به‌کار بهێنن."

وزه‌ نوێبوه‌وه‌كان بریتییه‌ له‌و وزانه‌ی له‌ سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كانی وه‌ک تیشكی خۆر و با و باران و شه‌پۆله‌ ئاویه‌كان و وزه‌ی گه‌رمی ژێرزه‌وی به‌رهه‌م ده‌هێنرێن. به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و وزه‌یه‌ به‌ واتای به‌كارهێنانی (وزه‌ی پاک) دێت كه‌ له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ تێچووی به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كاره‌با كه‌م ده‌كاته‌وه‌ و سه‌ره‌ڕای تێچووه‌كه‌ی ده‌بێته‌ هۆی هێلانه‌وه‌ی ژینگه‌ به‌ پاكژی و پرۆسه‌ی وه‌به‌رهێنانه‌كه‌ی هاوشێوه‌ی وزه‌ ئاساییه‌كان ژینگه‌ پیس ناكات.

له‌ وڵاتانی پێشكه‌وتوو وزه‌ نوێبووه‌وه‌كان ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ چوونه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و ئایسلاند له‌و بواره‌دا پێشه‌نگه‌ كه‌ پاكترین وزه‌ی كاره‌با له‌ جیهاندا به‌رهه‌م ده‌هێنێت و به‌پێی دوایین توێژینه‌وه‌ ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 100ی وزه‌ی به‌رهه‌مهێنراوی ئایسلاند وزه‌ی نوێبووه‌وه‌یه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86034

Your Comment

You are replying to: .
captcha